دوای ئەوەی لە پرۆسەی دامەزراندنی پۆلیسی پارێزگای كەركووك تەنیا 7 كورد دامەزرێنراون و 149 دامەزرێنراوی دیكە زۆرینەیان عەرەبن، فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگاری كەركووك بەیاننامەیەكی ناڕەزایی بڵاو كردەوە.
لە بەیاننامەكەدا كە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ی 3ی 2025 بڵاو كراوەتەوە، هاتووە: ئەوەی بەرانبەر كورد و پێكهاتەكانی دیكە دەكرێت، بەرنامەی پەراوێزخستن و سزادانە لە كەركووك، كە بەو هۆیەوە تەنیا 7 كورد لە دامەزراندنی نوێی هێزی پۆلیسدا هەیە و 149 دامەزرێنراو لە پێكهاتەیەكی دیاریكراون.
دەشڵێ: ئەم پەراوێزخستن و سزادانە لە كاتێكدایە كە ڕێژەی كورد لە هەموو هەڵبژاردنەكاندا كە حكوومەتی فیدراڵی سەرپەرشتیی كردوون، لە نیوە تێپەڕیوە.
ڕاشیگەیاندووە: ئەم سیاسەتە ئامانجی جیاكاریی ڕێكخراو و كەمكردنەوەی ڕۆڵی كوردە لە دامەزراوەكانی دەوڵەت، بە ئامانجی بڵاوكردنەوەی هەژاری و نەزانی لە كۆمەڵگەی كوردی لە كەركووك.
"ئەم سیاسەتە بووەتە هۆی ئەوەی نوێنەرایەتیی كورد لە فەرمانگەكانی دەوڵەت لە كەركووك بۆ 15% و كەمتر دابەزێت، كە ئەمەش پێشێلكارییەكی ڕوونە بەرامبەر دادپەروەری و هاووڵاتیبوونی یەكسان كە بنەمایەكی دەستوورییە و خەڵكی عێراق دەنگی پێداوە."
ئەوەش هاتووە: داوا لە حكوومەتی فیدراڵی و حكوومەتی خۆجێی كەركووك دەكەین ئەو ستەمە ڕاست بكەنەوە و دامەزراندن بە شێوەی دادپەروەرانە و یەكسان بۆ هەموو پێكهاتەكان دابین بكرێت، بۆ ئەوەش هەموو ڕێگەیەكی یاسایی و دەستووری دەگرینە بەر.