كوردی عربي ک.بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
هاوبیر 25/03/2025

هـاوارێـک بـۆ کـورد

بەشی 45

(ئەفسانە و دین و نەورۆز)

بەر لە هەر شت دەبێت بزانرێتو کە ئەفسانە تەنیا چیرۆکێکی نەریتییە، لەکاتێکدا دین باوەڕ و پراکتیکە، بەڵام ئەمە نابێت وا بکات وەکوو شتێکی بێ نرخ و بەها لە ئەفسانە بڕوانرێت. چون زۆربەی هەرە زۆری دینەکان، یان ئەفسانەن یاخود بە ئەفسانە ڕازێندراونەتەوە.

لای عارەبەکان وشەی ئوستوورە بۆ ئەفسانە بەکار دێت، کە ئەمە لە وشەی یۆنانی ئیستۆریا (بێ ئەوەی باسی بکەن) واتە مێژووەوە وەرگیراوە و لە ئینگلیزیدا بووەتە هیستۆری. جا ئێمەی کوردی داگیرکراوی کولتووری عارەبییش تێکەڵییەکمان لەنێوان ئەو دوو وشەیەدا بۆ دروست بووە، دەنا ئەو دووە جیاوازن و یەک مانایان نییە.

ئەفسانە چیرۆک (هەقایەت)، یان ژانرێکی ئەدەبییە، كە ڕووداوە مێژووییەکان، داهێنانەکانی خەیاڵ و نەریتە باوەکان لەگەڵ ژیواردا تێکەڵ دەکات. ئەفسانەکان کە گێڕانەوەیەکی نەریتیین سەبارەت بە خوداوەندەکان و پاڵەوانەکان، وێنای دیاردە سروشتی و کۆمەڵایەتییەکان دەکەن و وانە مۆڕاڵییەکانیان دەبێتە ڕەگی کولتوورە جیاوازەکان و شوناسیان بەهێز دەکات و پەرەیان پێ دەدات. ئەفسانەکان بە زۆری کرۆکێکی ڕاستینەیان هەیە، بەڵام وەکوو داستانەکان بە شێوەیەکی خەیاڵی ڕازێندراونەتەوە و گۆڕانیان بەسەردا هێنراوە. لە ئەفسانەدا کەس، شت و ڕووداوەکان گرنگییەکی هێمایی گەورەیان هەیە و لە ئەفسانە ئایینییەکانیشدا بوونی مرۆڤ پەیوەستە بە دنیای خوداوەند و ڕۆح و هێزە سەروو سروشتییەکان (مێتافیزیکییەکان)ـەوە.

نەتەوە جیاوازەکان چەندان ئەفسانەیان هەیە. ڕەنگە ئەفسانە یۆنانییەکان لە هەموو ئەوانی دی بەناوبانگتر بن، کە تیایاندا باسی کۆمەڵێک خوداوەندی ناوەندیی (سەنتەر)ـی ڕەنگاوڕەنگی تایبەتمەند دەکەن، لەوانە (زۆیس)ـی خودای ئاسمان و ڕەشەبا و فەرمانڕەوای هەموو خوداوەندەکانی دی، (هێرا)ی هاوسەری، کە خوداوەندی هاوسەرگیری و ژن و منداڵبوونە.
ئەفسانەی ترۆیا (تەروادە)ش یەكێكە لە ناسراوترین ئەفسانە یۆنانییەکان، کە بەشی زۆریان لە داستانەکانی ئیلیاس (ئیلیادە) و (ئۆدێسا)ی هۆمەردا تۆمار کراون. لەڕاستیشدا ئەم دوو شیعرە (ئیلیاس و ئۆدێسا) بوونەتە نموونەی سەرەکیی داستانە قارەمانییە کۆنەکان. ئیلیاس یەکێکە لە کۆنترین بەرهەمە نووسراوەکانی ئەوروپا، کە دەگوترێت مێژووی دانانی بۆ سەدەی هەشتەم یان حەوتەمی پێش زایین دەگەڕێتەوە و هۆمەر لەسەر بنەمای ئەفسانە و چیرۆکی پێش مێژوو دایناوە. ئەم ئەفسانەیە، کە وێنای خوداوەندە ئۆلۆمییەکان دەکات، توانیویەتی کاریگەریی گەورەی هەبێت لە پەرەپێدانی ئایینێکی نیشتمانیی یۆنانییەکان و نەک هەر ئەوە، بەڵکوو تا ئەمڕۆیش ڕۆڵی بەرچاو دەبینێت و بەردەوامە لە داڕشتنی هونەر و زانستە مرۆییەکانی ئەوروپادا.

لە ئەفسانەکانی ئیندیانەکانی ئامریکادا باڵندەی هەورەبروسکە (هەورەتریشقە) لە بەدبەختی و کاریگەرییە خراپەکان دەیانپارێزێت. چون ئەوان بە پەیامبەری خواوەندەکان و خزمەتکاری ڕەوانی باڵای دەزانن. بۆیە بووەتە هێمایەکی گرنگ و ڕەسەنیان و تا ئێستایش زۆر جاران ئەو هێمایایە لەسەر جلەکانی پاسکیلسوارەکانی جیهانی خۆرئاوا دەبینرێت. هەر لای ئەو ئیندیانانە، کە ڕاستترە پێیان بگوترێت (ئەمەریکایی ڕەسەن)، خودا خۆر و ئۆقیانووسی ئافراندووە، باوە ئاسمان و دایە زەوییشی خوڵقاندووە، کە یەکەمین بوونەوەرە زیندووەکانیان لێوە پەیدا بوون.

دیارە نەتەوەکانی دنیا، کەم و زۆر ئەفسانەیان هەیە و ئەوەیش لە ژیانی ئێستایاندا بە شێوەیەک لە شێوەکان ڕەنگی داوەتەوە. جا کە کوردیش هەنووکە بەدەوری نەوۆزەکەیدا هەندێک ئەفسانەی هەڵچنیوە، شتێکی نەکردووە کە نەتەوەکانی دی نەیانکردبێت، ئیدی هیچ ڕەوای هەق نییە بوونی ئەفسانە لە باسی نەورۆزدا بکرێتە بیانووی نامێژووبوون و نادینبوون و تەنانەت ناکوردبوونیشی! هەروەکوو ئەوەی ناشبێت بەرزکردنەوەی مەشخەڵی ئاگر بە ئاگرپەرستی بێتە هەژمار، چون ئەوە تەنێ بە پیرۆز سەیرکردنی تیشک و ڕووناکییە لە کن کوردان، کە وا دەزانم لە دینە ئیبراهیمییەکان و هی دیشدا ڕووناکی بە جۆرێک لە جۆرەکان دەرکەوتن و پیشاندانی تایبەتمەندێتییەکی خودایە.

نەورۆز بۆ کورد واتایەکی نەتەوەیی، فەرهەنگی، سیاسی و بگرە بوون (وجودی)ـیشی هەیە و بووە بە ڕەوانی و وا ئاوێزانی جەستەی بووە، کە کردوونی بە یەک. ئەو یادە هێندە پیرۆزە، هیچ بۆچوون و لێکۆڵینەوەیەکی دژەکوردبوون، نە توانیویەتی نە دەشتوانێ هێندەی تاڵەموویەک لەیەکدی جودایان بکەنەوە. با کەسێکی وەکصو فیردەوسی شاعیری گەورەی ئێرانیش، نامەکەی (ئەردەوان)ـی پاشای ئەشکانی بۆ (ئەردەشێری بابەکانی کوڕی ساسان)ـی گۆڕیبێت، بۆ ئەوەی گوایە (زوحاک) نامەی بۆ (جەمشید) ناردووە و دواتر بە تێکەڵکردنی یەکدوو چیرۆک، چیرۆکێکی درۆیینەی گەورەی بۆ نەورۆز و کوردیش هۆنیبێتەوە.

ئەم فیردەوسییە، کە زۆر لە فارسەکان بە گەورەترین شاعیری داستانی فارسیی دادەنێن، بۆ ڕازیکرنی سوڵتانانی (سامانی) و (غەزنەوی) دوای سوودبینین لە گێڕانەوەکانی (دەقیقی)ـی شاعیری دەرباری سامانییەکان، زۆری ئەفسانە هۆنیوەتەوە و تیایدا بە ئارەزووی خۆی و ئەو کاربەدەستانە، ئەو ئەفسانانەی کردووە بە ڕاستیی مێژوویی، بەڵام ئەوەتا کەسێکی وەکوو (ئەحمەد شاملۆ)، گەورەترین شاعیری هاوچەرخی فارس و ڕۆژنامەنووس و زمانزانی ئێران، شانامەکەی فیردەوسی بە کۆمەڵێک ئەفسانە دادەنێت، کە بە هاندانی هەندێک لە حوکمڕانانی سەردەم و بۆ مەبەستی سیاسی هۆنراوەتەوە و ناتوانرێت بە بنەمای مێژووی ئێرانی پێش ئیسلام هەژمار بکرێت. مامۆستا هەژاری دەوڵەمەندیش، دەربارەی ئەو بەشەی ئەفسانەکانی فیردەوسی دەنووسێت: '' ... لە پڕ و ناکاو باو دەخوا و با دەداتەوە سەرمان و بە سەروپۆتڕاکماندا دێتە خوار و گەزارەمان لێ دەکێشێ و کارێکمان پێ دەکا با بە دەواری شڕی نەکردووە. بە بێ ئەوە میوانمان بووبێ و کەسمان لێ بناسێ، بە خانووپەڵاسی خوانەناسی بێفەڕ و بەگەڕمان ناو دەبا!''. بۆیە هێجگار ناماقووڵە ئێمەیش بەڵگە و گوتنەکانی بکەینە ڕاستییەکی وا، کە ڕاستییەکانی دیی مێژووی پێ هەڵبسەنگێنین!

خوێنەری بەڕێز دەبێت بەر لە من ئەو ڕاستییە بزانێت کە؛
لەسەرتاکانی مێژووەوە هۆزەکانی باو و باپیرانی کورد، لە دەڤەر و هەرێمەکانی زاگرۆس و مێزۆپۆتامیا و دەوروبەری خوڵقاون و تیایدا ژیاون و هەرچی دابونەریت (ترادیسیۆن)ـێکی کۆنی ئەم ناوچەیە هەیە، لە داهێنانی ئەوانن، کە بەگوێرەی پێویستیی باری ژیان و حەزی ژیارییان دایان هێناوە.

بۆ نموونە، ئاگرپارێزی کە لە کوردەواری کۆندا پێی گوتراوە، ئاترەوانی. (ئاتر) بە هەورامیی کۆن واتای ئاگرە و (وان)ـیش واتای پارێزەر، وشەکانی وەکوو باخەوان، گاوان، چالاکوان و ... تاد، بەڵگەن بۆ ئەوە. جا ئەم ئاگرپارێزییە پیشەیەک بووە، کە دەبوا لە هەر گوند و کۆمەڵگەیەکدا کەسێک ئاگاداری ئاگر و ئاگردان (وجاخ)ـەکە بێت تا نەکوژێتەوە، چون ئەوسا کەرەستەی داگیرساندنی ئاگریان نەبوو. لەگەڵ ڕۆیشتنی کات و ساڵانێكی دواتر، هەم ئاگرەکە وەکوو شتێکی هەرە پێویست بۆ ژیان و هەم پیشەکەیش، کە نەوە دوای نەوە مایەوە، جۆرە پیرۆزییەکیان وەرگرت. دیارە لەدوای پەیدابوونی دینی زەردەشتییش ئاگرخانەکان بوون بە پەرستگا و سرووتە ئاهوراییەکانی تێدا پەیڕەو کراوە و ئاگرپارێزانیش وەکوو ڕێکخەری ئەو تەدارەکانە جۆرە پیرۆزییەکیان وەرگرتووە. ئاوها ئاگر و ڕووناکی لە وڵاتی زۆزانی کوردان تایبەتمەندێتی و پیرۆزیی مێژوویی هەیە و بووەتە هێما و مەشخەڵی نەورۆزیش و هەر لەوەیشەوەیە، کە جاڕدانی پێکهێنانی دەوڵەتی ماد لە ساڵی 700 پ.ز لەنێو کورداندا، بە کردنەوەی ئاگر بووە لەسەر لوتکەی کێوەکان، تا هەواڵەکە بەزوویی بە هەموولادا بڵاو ببێتەوە. شا دیاکۆی دامەزرێنەریش بە ڕاگەیاندنی دامەزراندنی دەوڵەت و پێکهێنانی فەرمانڕەوایەتییەکەی لەم ڕۆژەدا، سێکوچکەیەکی تۆکمەی لە کورد (ماد) و نەورۆز و ئاگر دامەزراند، کە چووە پاڵ سێکوچکە پیرۆزەکەی هزر و گوتار و ڕەفتاری باشەوە. ئا ئەم پیرۆزییانە لە سنوورێکدان، کە لای تاکی کوردی ئاشقی ژیان و بوون بڕوایەک پەیدا بووە، کە خودا لە کوردستاندا و لە ڕۆژەکانی نەورۆزدا گیان (ڕەوان)ـی کردووە بە بەری مرۆڤدا.

تا هاوارێکی دی، هاوار و نزام ئەوەیە، بە بەرزڕاگرتنی نەورۆز و نەریتە نەتەوەییەکانمان، کەڕووی کولتووری داگیرکاری لە گیانمان بکەینەوە و ببینەوە بە سەردەستەی خاکی خۆمان.