دوژمنان و داگیرکەران و بەکرێگیراوەکانیان، سەدان ساڵە کار بۆ نەگەیشتنی گەلى کورد بە ماف و ئازادى و خاکى داگیرکراوی دەكەن، لەو پێناوەشدا، چەک و پیلانگێڕى و دووبەرەکینانەوە و سیناریۆ نەماوە بۆ ئەو مەبەستە شوومە بە کارى نەهێنن، لەگەڵ ئەوەشدا گەلى کورد بە خۆڕاگرى و هوشیاریى خۆى بەرامبەر هەموو ئەو ڕەشەبا و پیلانگێڕى و پەلاماردانانە وەستاوەتەوە و ڕێگەى نەداوە شوناس و کوردبوونەكەى بسڕێتەوە.
هەر کاتێکیش گەلى کورد لە ئامانجە لەمێژینەکانى نزیک بووبێتەوە، ئەوا بە پیلان و دووبەرەکینانەوە، هەوڵى لەباربردن، یانیش بەلاڕێدابردنى ئەو کاروانە لەمێژینە بەردەوامەى کوردایەتییان داوە. بۆ قۆناغى ئێستاى رووداو و پێشهاتەکانى ناوچەکەش، کە هیوایەکى مەزنى لەناو دڵى هەموو کوردێکى نیشتمانپەوەر و دڵسۆز دروست کردووە و (سەرۆک بارزانى) وەک هەمیشە دەستپێشخەر و هەوێنى یەکڕیزى و تەباییە، هەوڵەکانى لەسەر ئاستى ناوچەکە و نێودەوڵەتى چڕ کردووەتەوە، بۆ ئەوەى گەلى کورد مافە زەوتکراوەکانى بەدەست بنێت و شوناس و بوونى لەسەر خاک و نیشتمانى خۆى پارێزراو بێت.
ئەوەتا نەورۆزى 2725 بە جیاوازى لەگەڵ هەموو نەورۆزەکانى رابردوو، نەتەوەی کورد لەسەر ئاستى هەموو پارچەكانی کوردستان، بە جۆش و خرۆشێکى زۆر و جلوبەرگی كوردیی ڕەنگاوڕەنگ و بە ئاهەنگ و زەماوەند و شایی، یەکدەنگ و یەکڕیز بە هەموو دونیایان گوت ئێمە کوردین و کوردبوون و شوناس و ئاڵا و مێژووی خۆمان پاراستووە و دەیپارێزین، تا بە هەموو مافە رەواکانمان دەگەین.
لە بەرامبەردا ئەو جۆش و خرۆش و دەرفەتە مێژوویی و ئاهەنگانەدا، کە جگە لەسەر ئاستى کوردستان و لە هەندەرانیش، دوژمنان و بەکرێگیراوان و داگیرکەرانیش بەناچارى خەونى ئەوەیان دەبینى، کە ئەو ڕیفراندۆم و یەکدەنگییەى کورد بە شێوەیەک بچووک و نادیدە بگرن و ڕێگری لە دەنگدانەوەکەى بکەن، هەندێکیشیان تەنانەت نەیانتوانى بە یەک وشەش باسى نەورۆز و کورد بکەن، ئەوەش وای کردووە هەستى نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری لە هەموو شوێنکى کوردستان و جیهان زیاتر بە جۆش و خرۆشتر بێت و لە هەمان کاتیشدا دواى سەد ساڵ هەوڵى بێهوودە بۆ خامۆشکردن و سڕینەوەى کورد و کوردستان، بێهوایی باڵى بەسەر دوژمناندا کێشا و هەستى نەتەوەیی زیاتر زیندوو کردەوە و خستیە سەر پێیەکان و ڕیسى دوژمنانى کوردی کردەوە خورى.
بۆیە دوژمنان و نەیارانى کوردستان و بەکرێگیراوەکانیان بۆیان دەرکەوت، کە پروپاگەندە و چەواشەکارییەکانیان و سیناریۆ و کارتەکانیان چەندە بێبایەخ و سووتاون و هیچ گرنگى و بایەخێکىان نییە و نەماوە، نەورۆزى 2725 بەتەنیا ئاهەنگى نەورۆز نەبوو، بەڵکوو رێفراندۆمێکى نەتەوەیی و پەیامێکى گرنگ بوو بۆ داگیرکەران و دوژمنان، کە کورد زیندووە و قەت نانەوێ ئاڵاکەمان.
لە هەمان کاتیشدا سەلماندى، کە کورد لە هەر شوێنکى ئەم جیهانە بێت، شانازى بە کوردبوون و کوردستانبیوون و مێژوو و کولتوور و زمانى خۆیەوە دەکات، ئەو یەکدەنگی و تەباییەش چەکێکى بەهێز و هێزێکى نەرمە لەپێناو بەدەستهێنانى مافە رەواکانمان و دانانى کاریگەرى لەسەر ئەو پێشهات و گۆڕانکارییە نوێیانەى کە لەسەر ئاستى ناوچەکە لەئارادان، لەپێناو گەیشتن بە ئامانجە لەمێژینەکەى، ئەو مەشخەڵ و ئاگرەى نەورۆز و ئاهەنگێڕانیش، ڕیفراندۆمی تەبایی و یەکڕیزى و یەکدەنگیى کورد بوو، بێ گومان بەرهەمەکەشى دێتە دى.