شارەزایەکی بواری کەشناسی ئاشکرای کرد کە شەپۆلێکی بەفروباران و سەرماوسۆڵەی بەهێز بەڕێوەیە کە چەندین ساڵە سەرمای وا بەهێز ڕووی لە ناوچەکەمان نەکردووە.
ئەمشەو یەکشەممە 16/2/2025، هەڤاڵ سەدیق گەڵۆزی، شارەزای بواری کەشناسی بڵاوی کردەوە: "شەپۆلێکی سەرماوسۆڵەی بەهێز و بەفربارینی چڕ و بارانبارینی بەخووڕ ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکات و پێشبینی دەکرێت باشترین و بەهێزترین شەپۆلی وەرزی دابارینی ئەمساڵ بێت."
ئاماژەشی بەوە داوە: "لە سەنتەری شارە گەورەکانی هەرێمی کوردستان بەفرببارێت و لە سەرەتای دەستپێکردنی شەپۆلەکەش لەن اوچە نزمە دەشتاییەکانی هەولێر و دەرووبەری (شەمامک، کەندیناوە، گوێڕ، دیبەگە، مەخموور و قەراج) کەرکووک و گەرمیان ئەگەری بارانبارینی زۆرباش هەیە."
روونیشی کردووەتەوە: "بەگوێرەی نوێترین پێشبینییە سەرەتاییەکانی زۆربەی مۆدێلەکانی کەشوهەوای لە ڕۆژی چوارشەممەوە 19/2/2025، کەشێکی تری ناسەقامگیر ڕوو ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەکات شەپۆلێکی زۆرباشی بەفروبارانبارین و هەورەبرووسکەی بەهێز سەتارسەری ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و کاریگەری ئەو شەپۆلەش لە ڕۆژانی پێنجشەممە،هەینی، شەممە و یەکشەممە زیاتر دەبێت، لەقوناغی یەکەمی شەپۆلەکەش پێشبـینی بارانبارینی مامناوەند بۆ بەخووڕی زۆرباش هەیە بۆ زۆربەی ناوچەکان بەتایبەت پێنجشەممە لەسەر هەینی چەقی شەپۆلەکە دەبێت و بڕ و جۆری بارانبارین لەشوێنێک بۆ شوێنێکی تر جیاوازە."
راشی گەیاندووە: "قوناغ دووەم بەهۆی دابەزینی بارستە هەوایەکی ساردی زۆر بەهێز لە ڕۆژی هەینییەوە لە ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا بۆ وڵاتانی شام، باکووری کوردستان، هەرێمی کوردستان و عێراق پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزین بەخۆیەوە دەبێنێت لە ناوچە شاخاوییەکان لەژێر سفری سیلیزییەوە دەبێت و لە هەندێ شوێن پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرما 30 پلە لەژێر سفرەوە بێت."
ئەو شارەزایەی بواری کەشناسی روونیشی کردووەتەوە: "بەفروباران سەرجەم ناوچە شاخاوییەکانی هەولێر، دهۆک، سلێمانی، هەڵەبجە، هەورامان و ناوچە بەرزەکانی گەرمیان دەگرێتەوە و هەروەها بەهۆی بەهێزی قوڵبوونەوەی بۆ ناوچە شاخاوییەکان ناوچە نزمە دەشتاییەکان ئەگەری بەفربارین هەیە لە سەنتەری شاره گەورەکانی هەرێمی کوردستان و بیابانەکانی ئەنبار لە ڕۆژئاوای عێراق."