كوردی عربي ک.بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
بڵند شاوەیس 15/02/2025

چارەنووسی ئۆپۆزسیۆن و ناڕەزاییەكان بە كوێ گەیشت؟

لە ساڵانی ڕابردوودا لە کەفوکوڵێکی سیاسییدا، حزبێک دروست بوو بە ناوی ”بزووتنەوەی گۆڕان“ کۆکەرەوەی زۆربەی دەنگە ناڕازیەکان و وەک ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە و جێگرەوەی دەسەڵات و بەدیهێنەری داخوازیەکانی گەل خۆی ناساند. ساڵ هات و چوو، بزووتنەوەی گۆڕان لە دروشمی ئەیگۆڕین و (ارحل)ەوە چووە ناو حکوومەت، لە دوایین هەلبژاردنیشدا لە ٢٥ کورسییەوە بۆ یەك کورسی، تا وای لێ هات دەرگای گردەکە لەسەر ڕێکخەری گشتی دابخرێت و نەزانرێت کامە گۆڕانە ئەوەی گردەکە یان ئەوەی گەڕەکی کوردسات.

بە هەرحاڵ، دواجار ئەزموونێکی شکستخواردووی پێشکەش کرد و خەونی دروستبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی نیشتمانیی لەگۆڕ نا و زەحمەتە بە ئاسانی خەڵک بڕوا بە بوونی ئۆپۆزسیۆنێکی ڕاستەقینە بکات لە سەردەمی ئێستای هەرێمی کوردستاندا.

بە هەمان شێوە مانگرتن و ناڕەزایی و گردبوونەوەکانی ئەم دواییەش کە دەبوو پێشتر ئەنجام بدرایە نەک دوای ڕێکكەوتنی هەولێر و بەغدا و تاڕادەیەكی باش زامنکردنی مووچەی ساڵی ٢٠٢٥، دواتر کۆتایی پێهێنانی بە کتوپڕی چەندین نیشانەی پرسیار هەڵدەگرێت.

کاتێک بە پەیامێک چادر هەڵدەدرێت و دەست بە مانگرتن دەکرێت و لەپڕ بە هەمان شێواز دەیپێچنەوە و دەڕۆنەوە ماڵەوە وەک بڵێی ” تۆپ تەقی و تیپ هەڵوەشایەوە!“ بە هەمان شێوەی هەڵەی ئەزموونی شکستخواردوی ئۆپۆزسیۆن، پرسی ناڕەزایی و خۆپیشاندان و گردبوونەوە دەخاتە ژێر پرسیارەوە، وەک سیناریۆیەکی لاواز دەردەکەوێت بۆ لەباربردنی داوا ڕەواکانی جەماوەر، پێدەچوو دەرهێنەرەکەشی کەمئەزموون بێت یان مەبەستی ئەوەی هەبووبێت ئەکتەرەکان بکات بە پەن.ئ

ئەمەش وا دەکات لە داهاتوودا بۆ داواکردنی مافە ڕەواکان بەئاسانی جەماوەر فریو نەدرێت، هەرچەندە وەک فەیلەسووفی فەرەنسی (Gustave Le Bon) دەڵێت:
جەماوەر هەرگیز تامەزرۆی ڕاستیەکان ناکەن، دوور دەکەونەوە لەو ڕاستیانەی لەگەڵ ئارەزووەکانیان ناگونجێت، پەسەندترە بەلایانەوە پاڵپشتی لە چەوتی بکەن، هەر کەسێک فریویان بدات بە ئاسانی دەبێت بە گەورەیان، هەر کەسێکیش بیەوێت لە گەوجاندن ڕزگاریان بکات و بەرچاویان ڕوون بکاتەوە، هەمیشە دەبێت بە قوربانیی دەستیان.