كوردی عربي ک.بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
كه‌یوان ئازاد 15/02/2025

ئافرەتانی كورد لە سەدەكانی ناوەڕاستدا

166

ت- ڕۆڵی ئافرەتانی كورد لە ڕووداوە سیاسییەكانی نێو دەسەڵاتە كوردییەكان:

ئافرەتانى كورد، وەك پێكهاتەیەكی كۆمەڵگا لە سەدەكانى ناوەڕاستدا، سەنگ و قورسایی خۆیان لەو سەردەمەدا هەبوو. ڕاستە ئەوان وەك پیاوان، ئەو رۆڵەیان لەسەر ڕووداوە سیاسییەكان نەبوو، بەڵام بەو حاڵەشەوە بێ پێگە نەبوون. لەم بوارەدا (دەیلەمیە) هاوسەری (باد كوڕی دۆستەك) شان بە شانی مێردەكەی لە (قەڵای حوسن كیف)ەوە پەلاماری شاری (مووسڵ)ی دا، تا لە ساڵی (380ك/ 990ز) گرتی. واتە لە هەموو شاڵاو و شەڕەكاندا، لەپشت سەری مێردەكەی و سوپاكەیەوە وەستا و بەجێی نەهێشت. هەروەها دوای گرتنی شاری (مووسڵ)یش و بەدرێژایی ماوەی دەسەڵاتی (باد)، لەپشت سەری وەستا، تا كۆچی دوایی كرد.

ڕۆڵێكی دیكەی ئافرەتانی كورد، كۆتاییهێنان بوو بەو دەسەڵاتدارانەی، بەزۆر كردیانن بە كەنیزەك. وەك ئەوەی (نیزامەدین ئەبولقاسم كوڕی نەسڕلدەولە) میری مەڕوانی، لەلایەن كەنیزەكێكی كوردەوە لە ساڵی (474ك/1081ز) ژەهرخوارد كرا و كۆچی دوایی كرد. ئەوەش دوای ئەوەی میری مەڕوانی، لە شەڕێكیدا بۆ تەمبێكردنی هۆزێكی كورد، ئەو ئافرەتەی بە كەنیزەك گرتبوو، بەڵام دواتر هەر بە دەستی ئەو كۆتایی بە ژیانی هات.

مارەكردنی (ست ئەلناسى كچى میرسەعد ئەلدەولەى كوڕى سـەیف ئەلدەولەى حەمدانى) بۆ (ئەبوعەلى كوڕی مەڕوان) لە ساڵی (386ك/ 996ز)دا، پەیوەندییە سیاسییەكانى نێوان حەمدانییەكانی مووسڵ و مەڕوانییەكانی دیاربەكرى ئاسایی كردەوە. لە كاتێكدا بەر لە گواستنەوەی (ست ئەلناس)، دەزگیرانەكەی، واتە (ئەبوعەلی كوڕى مەڕوان) كوژرا، كەچی ئەو پەیوەندییانە لە سەردەمی (ئەبوعەلى و ئەبومەنسووڕ)ى كوڕانى مەڕواندا بەرەو باشتر چوو. دیارە ئەوەش لە كاتێكدا بوو، كە لە سەردەمی (باز ئەبوشوجاعی كوڕى دۆستەك) میرى پێشووی دۆستەكی بەر لە (ئەبو عەلى كوڕى مەڕوان) زۆر خراپ بوو.

هەر ئەم پرۆسەی هاوسەرگیرییەش ناكۆكیی خستە نێو ئەندامانی بنەماڵەی حەسنەوی بەرزیكانی. ئەوەش كاتێك (بەدری كوڕی حەسنەوی) بەهۆی هێنانی ژنی دووەمی لە هۆزی شازنجانی كوردی، (هيلالى كوڕی) لە ساڵى (400ك/ 1009ز) لێ هەڵگەڕایەوە. بەو هۆیەوەش، كوڕەكەى بە یارمەتیی ماڵى خاڵوانى كاری بۆ ئەوە كرد، باوكی لە دەسەڵات دوور بخاتەوە. كاتێكیش (بەدر) بەو پیلانەی زانی، بیری لە دڵدانەوەی كوڕەكەى كردەوە و بڕیاری دا ناوچەى (سامغان)ى پێ بەخشێت، بەڵام ئەم ڕووداوە (هیلال)ى ئاشت نەكردەوە، بەڵكوو بە پشتیوانیی دایكی ڕووبەڕووی باوكی وەستا و پەلامارى ناوچەى شارەزووری دا، كە لەلایەن (ئیبن مازی)، يەكێك لە فەرماندەكانی باوكیەوە بەڕێوە دەبرا. لەو پەلاماردانەشدا، سەرەڕاى ئەوەى (ئیبن مازی) كوژرا و دەست بەسەر سامانەكەیدا گیرا و ناوچەكەى خستە ژێر دەسەڵاتى خۆیەوە، دەستی بەسەر سامانی باوكیشیدا گرت. دواتر (هیلال) كەوتە داگیركردنى ناوچەكانى سنوورى دەسەڵاتى باوكى. لەو هەنگاوەشیدا بە هاوكاریى هۆزەكانى ناوچەكە پەلامارى شارى (دینەوەر)ی دا و لەنزیك شارەكە و دواى شەڕێكى قورس، (بەدر)ى باوكى بەدیل گرت. ديارە ئەگەرچی هاوكارانى (هیلال) داوایان لێ كرد باوكى بكوژێت، بەڵام (هیلال) لەسەر داوای دایكی، باوكی نەكوشت. ئەوەش بۆ ئەوەی كوڕ دەستى نەچێتە خوێنى باوكی. ئەو ڕووداوانەش دەریانخست، كە تا چەند ئافرەتێكی تیرەیەكی كوردی، كاریگەریی لەسەر ڕەوتی ڕووداوەكانی دەوڵەتی حەسنەویدا هەبووە.

كاتێكیش (تاهیری كوڕی هیلال) لە باوكی هەڵگەڕایەوە و خۆی بە میری حەسنەوی ناساند، پەنای بۆ هاوسەرگیری برد لەگەڵ بنەماڵەی شازنجانی، تا پشتیوانیی دەسەڵاتەكەی لێ بكەن. بۆ ئەو مەبەستەش، داوای خوشكی (ئەبولشەوكی عەننازی) سەرۆكی هۆزی شازنجانی كرد و پێیان دا، بەڵام كاتێك (ئەبولشەوكی عەننازی) زانیی (تاهیر)ی زاوای لە باوكی هەڵگەڕاوەتەوە و لە دەسەڵات دووری خستووەتەوە، میوانداریی شاری (حولوان)ی پایتەختی كرد و كوشتی. بەو ڕووداوەش دەركەوت، نەك هەر پێگەی ئافرەت و پرۆسەی هاوسەرگیری لەسەر ڕووداوە سیاسییەكان دەرخست، ئەوەشی سەلماند، كە بەرژەوەندییە سیاسییەكان، لە پرۆسەیەكی هاوسەرگیری و خزمایەتی گەورەتر و كاریگەرترن.

(عەزیزە كچی زەنك كوڕی ماران) هاوسەری (سەعید كوڕی نەسڕلدەولەی مەڕوانی) میری دەوڵەتی مەڕوانی، دوای كۆچی دوایی مێردەكەی لە ساڵی (453ك/ 1061ز)، لەلایەن (نیزامەددین ئەبولقاسم نەسڕ كوڕی ئەحمەد 453-473ك/ 1061-1079ز) داوا كرا شووی پێ بكات و شاری (ئامەد)ی پێبداتەوە، كە لەلایەن هاوسەری پێشووییەوە پێی بەخشرابوو. دواتر (عەزیزە) ڕازی بوو. بەوەش هاوسەرگیرییەكە ئەنجام درا و شاری (ئامەد) كرایە مارەیی ئەو ئافرەتە كوردە.

بە گەڕانەوەمان بۆ ئەو تۆمارە مێژووییانە، دەگەینە ئەوەی، كە ئافرەتانی كورد لەو قۆناغە مێژووییەدا بۆ چەندین مەبەستی جیا جیا بەكار هێنران، ئەمەو، بەهێزیی هەندێكیان وای كرد، پیاوەكان بكەنە داردەستی خۆیان و ڕەوتی ڕووداوە سیاسییەكانیان پێ بگۆڕن. ڕاستە لەنێو ئەو ڕووداوانەدا هەندێك ڕووداوی خراپ ڕوویان دا، وەك (ژەهرخواردكردن) یان كوڕ بكرێت بە گژ باوكدا، بەڵام ئەوەش بۆ كایە و بەرژەوەندیی سیاسی، تا بە كاردانەوە دەگات، حاڵەتێكی ئاسایی سیاسیی سەردەمەكە و تەنانەت پێشتر و دواتریش بوو.