كوردی عربي ک.بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
جەمال عەبدوڵا 05/02/2025

كە دەچن بۆ لای ئەوانی بن چادرەكان، چیتان پێیە بۆیان؟

باشە خۆ ئەوانەی بە ناوی مامۆستایانی ناڕازییەوە لەبن چادردان، مانیان لە نانخواردنیش گرتووە، واتە نان ناخۆن، كەواتە ئەوانەی دەچن بۆ لایان نابێت ھیچ جۆرە خۆراكێك لەگەڵ خۆیان بۆ لای ئەوان ببەن، ئنجا ئەوانەی بن چادرەكان داوای مووچە دەكەن، ئێ باشە خۆ ئەوە مووچە دابەش دەكرێت، كەواتە ئەوانەی دەچن بۆ لای ئەوانەی بن چادرەكان، ناشتوانن پارەیان بۆ ببەن، چونكە خۆ مانای نییە مووچە ھاتبێت، بەڵام بچن پارە ببەن بۆ لای ئەوانەی بن چادرەكان، ئەی كەواتە بۆچی دەچن بۆ لایان؟

1 - بۆ ئەوەی دواتر چوونەكەتان بكەن بە ھەواڵ و بڵێن لەخۆبادان و نمایشێكی بێ وێنەدا، كاك فڵان و باجی فڵان سەردانی بن چادرەكەیان كرد و لە كەشوھەوایەكی دۆستانە و بۆ بەردەم مایك و كامێراكانی ڕاگەیاندنەكان، ئەم سەردانیكەرانە ھاوخەمیی خۆیان بۆ ئەوانەی بن چادرەكان دەربڕی؟

2 - ئەی بۆ ئەوە دەچن بۆ لایان، بڵێن ئێمەش لەگەڵ حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندا نیین، بەڵام خەریكین حكوومەتیشیان لەگەڵ پێكدێنین؟!

3 - ئەی بۆ ئەوە دەچن بۆ لایان، بۆ ئەوەی بڵێن ئێمە ئۆزۆپزیۆن، ببوورن ئۆپۆزسیۆنین و بۆ ھەڵبژاردنەكانی ئەمساڵی پەرلەمانی عێراق چاوێكتان لێمان بێت، چونكە لە دوایین ھەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستاندا نە ئەوەندە دەنگ و كورسیمان ھێنا بتوانین حكوومەت پێكبێنین و نە ئەوەندەشمان ھێنا، كە بتوانین ببینە ئۆزۆپزیۆن، ببوورن ئۆپۆزسیۆنێكی بەھێز!

4 - بێجگە لەو ڕێككەوتنەی، كە شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ مووچە و بودجەی ھەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی ھەمواری یاسای بودجەی ساڵی 2025 و ئنجا سەرلەنوێ ناردنەوە دەرەوەی نەوتی ھەرێمی كوردستان كردوویەتی، چ پڕۆژە و چ ڕێگە چارەیەكی دیكەتان بۆ مووچە و بودجەی ھەرێمی كوردستان ھەیە؟ ئەگەر ھەتانە بۆ لەبن چادرەكانەوە ئەو پڕۆژە و ڕێگەچارە جیاوازەی خۆتان ڕاناگەیەنن؟ بۆچی واز لەم گەمە كۆنە ڕیسواكراو و ڕیسوابووە ناھێنن؟ بۆچی تۆزێك خۆتان نوێ ناكەنەوە؟ مردووتان بمرێ و بە قوڕا بچن، مار كاژی كۆن فڕێ دەدات، بەڵام ئێوە ھەتا ئێستا كاژی كۆنتان فڕێ نەداوە!