شارەزایەكی ئابووری ئەو دەنگۆیانە بەدرۆ دەخاتەوە كە باس لەوە دەكەن، بەهۆی ئەوەی لەو پارانەی كە بۆ مووچە نێردراوە، بەرواری مانگی 12ی ساڵی رابردووی لەسەرە، ئیتر ئەوە پارەكە ئەوكات نێردراوە و ئێستا خەرج دەكرێت!
ئەمڕۆ چوارشەممە 5ی 2ی 2025، بەشێك لە میدیاكانی سلێمانی لە چوارچێوەی هەوڵەكانیان بۆ هەڵخەڵەتاندنی خەڵك و هاندانیان لە دژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وێنەیەكیان بڵاو كردەوە كە تێیدا دەردەكەوێت، ئەو پارەیەی بۆ مووچە رەوانەی هەندێك لە بانكەكان كراوە، پسوولەیەكی لەگەڵدا پێچراوە كە لەسەری ناوی بانكی ناوەندیی عێراق و بەرواری مانگی 12ی 2024ی لەسەرە، بەم پاساوەشەوە میدیاكانی سلێمانی بانگەشەی ئەوە دەكەن گوایە حكوومەتی هەرێمی كوردستان مووچەی مانگی 12 ئێستا خەرج دەكات!
لەمبارەیەوە سمکۆ خدر، شارەزای ئابووری و ژمێریاری بە (باسنیوز)ی راگەیاند كە ئەو دەنگۆیانەی لە میدیاكانی سلێمانییەوە بڵاوكراونەتەوە، نیشانەی نەزانینە و بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە ئەو كەسانەی لەو میدیایانە كار دەكەن، هیچ زانیارییەكی ئەوتۆیان لەبارەی كاروباری دارایی و بانكیدا نییە.
ڕوونیشی كردەوە: ”بانكی ناوەندی لە عێراق، هەر پارەیەك كە بە كاش بچێتە نێو حیساباتەكەیەوە، لەو رۆژەی كە پارەكە وەردەگرێت، پسوولەیەكی لێ دەدات و ئەو رۆژە دەنووسێت، ئەمە لە هەموو لقەكانی بانكەكە دەكرێت.“
گوتیشی: ”بەپێی ئەم وێنەیەی كە بڵاو كراوەتەوە، دەردەكەوێت كە ئەو پارەیەی بۆ مووچە ئێستا دابەش دەكرێت، لە 15ی 12ی 2024 چۆتە نێو كۆگای پارەكانی لقی هەولێری بانكی ناوەندیی عێراقەوە، بەڵام ئەم پارەیە بۆ هیچ كوێیەك خەرج ناكرێت تاوەكوو فەرمانی خەرجكردنەكەی دەرنەچێت، بۆیە جاری وا هەیە چەندان مانگی پێ دەچێت و پارەكە لە شوێنی خۆی بە كاش دەمێنێتەوە.“
ئەو شارەزایەی ئابووری جەختی كردەوە كە ئەو پارەیەی چۆتە نێو بانكەكە، بە كاش هێڵدراوەتەوە تاوەكوو بەپێی دوایین بڕیاری وەزارەتی دارایی عێراق، دوێنێ سێشەممە 4ی شوباتی 2025 بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان نێردراوە و بۆ مووچەی مانگی یەكی ئەمساڵ خەرج كراوە.