كوردی عربي ک.بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ترەمپ: ئەمریکا کۆنترۆڵی غەززە دەکات و دەیکاتە ڕیڤێرای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست


دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەمریکا چاوى له‌وه‌یه‌ کە "خاوەندارێتی درێژخایەن"ی کەرتی غەززەی هەبێت، ئەمەش پلانی ئەمریکا بۆ کۆنترۆڵکردنی کەرتی غەززە ئاشکرا دەکات.

ئەم لێدوانەی ترەمپ دوای ئەوە هات کە پێشنیاری نیشتەجێکردنی دانیشتوانی غەززەی بۆ هەمیشەیی لە وڵاتانی دیکە کرد وه‌ك میسر و ئوردن.

ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە "ئەمریکا کۆنترۆڵی کەرتی غەززە دەکات، و لەوێش ئەرکێک ئەنجام دەدات. گوتیشی: "پلانی گەشەپێدانی ئابووری لە کەرتی غەززە دەست پێدەکەین کە ئامانجی دابینکردنی ژمارەیەکی بێسنوور لە هەلی کار و نیشتەجێبوونە بۆ دانیشتوانی ناوچەکە".

ترەمپ پێشبینی کرد کە کەرتی غەززە کە زیاتر لە دوو ملیۆن فەلەستینی لەخۆدەگرێت، دوای ئەوەی ئەمریکا دەستی بەسەردا گرت، بگۆڕێت بۆ "ریڤێرای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست".

ناوبراو هیوای خۆی دەربڕی کە فەلەستینییەکان لە غەززە بگوازرێنەوە دەرەوە و ئەو ناوچەیە لەلایەن ئەمریکاوە پەرەی پێبدرێتەوە، هەروەها "خاوەندارێتی درێژخایەن"ی لە کەرتی غەززەدا دەبێت، ئاماژەی بەوەشکرد، بە ئەنجامدانی ئەم کارە هەزاران هەلی کار دەڕەخسێت، هەروەها ئەگەری جێگیركردنى هێزی ئەمریکی بۆ پشتیوانیکردن لە ئاوەدانکردنەوەی غەززەی بەدوور نەگرت.

تره‌مپ پێیوابوو کە "خاوەندارێتی درێژخایەن" سەقامگیرییەکی گەورە بۆ ئەم بەشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕەنگە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بهێنێتە ئاراوە و دەشڵێت "ئەمە بڕیارێک نەبووە کە بە سانایی وەرگیرابێت. هەموو ئەوانەی قسەم لەگەڵ کردوون پشتگیری لە بیرۆکەی خاوەندارێتی ئەمریکا دەکەن لەم پارچە زەوییە".

سەرۆکی ئەمریکا جەختی لە خواستی خۆی کردەوە کە دانیشتووانی غەززە دوای ناردنیان بۆ وڵاتانی دیکە، جارێکی دیکە نەگەڕێنەوە بۆ کەرتی غەززە و گوتی، "نابێت غەززە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون لەلایەن هەمان خەڵکەوە بەڕێوە بچێت، بەڵام کەسانێک لە هەموو جیهانەوە هەن کە دوای گەشەپێدانەکەی لە غەززە دەژین".

وتیشی: هەست دەکەم ئوردن و میسر زەوی پێویست بۆ پلانەکەم بۆ فەلەستینییەکان و خەڵکی غەززە دابین دەکەن بۆ ئەوەی بە ئاشتی بژین.