پیاوێكی ئەمریكی لە ویلایەتی جۆرجیا 475 ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپا، ئەمەش بەهۆی ئازاردان و بەشەڕدانی سەگ و مامەڵەی توندوتیژانەی لەگەڵ سەگدا.
بەپێی داواكاری گشتیی شاری ئالاس لە ویلایەتەكە، زیاتر لە 100 سەگ لە ماڵی ڤێنسینت لیمارك بۆرێڵ دۆزراونەتەوە كە شوێنەواری برسیكردن، ئازار و ئەشكەنجەدانیان پێوە دەركەوتووە.
ڤێنسینت تەمەنی 57 ساڵە و بەپێی سزاكەی كە درێژترین زیندانییە، دەبێ 475 ساڵ زیندانی بكرێ، ئەوەش بەهۆی ئەوەی 93 تۆمەتی بەسەردا ساغ بووەتەوە.
ژنەداواكاری گشتی لە بواری تاوانە ئاژەڵییەكان، جێسیكا كی ڕۆك، بە تۆڕی (ئێن بی سی نیوز)ی ڕاگەیاندووە: ئەمە لە بواری تاوانی ئاژەڵاندا درێژترین سزایە تاكوو ئێستا بڕابێتەوە.
لە ساڵی 2022 ئەو تۆمەتبارە داوای لەسەر بەرز كرایەوە، ئەمەش پاش ئەوەی كرێكارێك تێبینیی ئەوەی كردبوو لە ماڵەكەی بۆرێڵ چەندین سەگ بەستراونەتەوە و ئەشكەنجە دراون.