كوردی عربي ک.بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

سێ پارێزگای عێراق لە دژی دادگای فیدراڵی دەوامی فەرمییان پەك خست

پارێزگارانی نەینەوا، ئەنبار، سەڵاحەدین، ئەمشەو سێشەممە 4ی 2ی 2025 لە دژی دادگای فیدراڵی و وەكوو ناڕەزایەتی دەوامی فەرمییان ڕاگرت.

ئەم ناڕەزایەتییە بەهۆی ئەوەیە كە دادگای فیدراڵی جێبەجێكردنی سێ یاسای ڕاگرت كە یەكێكیان بریتی بوو لە یاسای لێبوردنی گشتی و پێكهاتەی عەرەبی سوننە ڕاگرتنەكەی بە دژی خۆیان و وەكوو دەستتێوەردانێكی سیاسی لێك دەدەنەوە.

ئاژانسی (شەفەقنیوز) ڕایگەیاندووە: هەریەك لە عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا، محەمەد نووری ئەحمەد، پارێزگاری ئەنبار، بەدر ئەلفەحل، پارێزگاری سەڵاحەدین، دەوامی فەرمییان ڕاگرت و سبەی چوارشەممە لەو سێ پارێزگایە دەوامی سەرجەم دامەزراوە و ناوەندە فەرمییەكان دەوەستێت.

دەخیل ڕایگەیاندووە:"ئەم هەنگاوەمان گوزارشتە لە ڕەتكردنەوەی ئەو بڕیارەكەی كە دادگای فیدراڵی لە دژی ستەملێكراوان داویەتی و نایەوێ لێبوردنی گشتی جێبەجێ بكرێ. ڕاگرتنی دەوامی فەرمی ڕێگەیەكی ئاشتییانەیە بۆ پێداچوونەوە بەو بڕیارە كە بەلای خەڵكی نەینەوا و دووپارێزگاكەی دیكە جێی نیگەرانییە."

ئەمە لە كاتێكدایە هەر ئەمڕۆ محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندبوو: "ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی سیاسییە و خودی دادگاكەش نادەستوورییە، بۆیە ڕێگەی جیاجیای ناڕەزایی و ڕەتكردنەوە دەگرینە بەر."

ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی دوای ئەوە هات كە چەند پەرلەمانتارێكی عێراق تانەیان لە سێ یاسا دا، كە ڕۆژی 21ی كانوونی دووەمی 2025 لە پەرلەمان پەسند كران و بریتی بوون لە یاسای لێبوردنی گشتی، هەمواری یاسای باری كەسی، یاسای دووبارە گێڕانەوەی زەویوزار بۆ خەڵكی كەركووك.

لە هەمان كاتدا كەمێك پێش ئێستا چوارچێوەی هەماهەنگی كە هاوپەیمانییەكی هێزە شیعەكانە، پشتیوانیی خۆی بۆ بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی ڕاگەیاندووە و پشتیوانیی لێ كردووە.