كه‌سایه‌تییەکی سیاسیی كریستیان له ده‌ره‌وه‌ی وڵات باس له چوونی لەتیف ڕەشید، سه‌ركۆماری عێراق بۆ لای سه‌رۆكی میلیشیای بابلیون ده‌كات و رای دەگەیەنێت كە ئەو سەردانە لە شوێنی خۆیدا نەبووە.
رۆژی دووشەممە 3ی شوباتی 2025، لەتیف رەشید، سەركۆماری عێراق، سەردانی بارەگای میلیشیای بابلیونی سەر بە رەیان كلدانیی كرد، کە لەنێو لیستی تیرۆری ئەمریکادایە و دەستی لە چەندین تاواندا هەیە، ئەمەش نیگەرانیی لایەنە كریستیانەكانی لێ كەوتەوە.
لەمبارەیەوە سه‌باح به‌رخۆ، کەسایەتیی مەسیحی لەدەرەوەی وڵات، بۆ (باس‌نیوز) گوتی: "پێناسه‌ی سه‌ركۆمار بریتییه له سه‌رۆكی وڵات و نوێنه‌رایه‌تیی خۆی ناكات، له هه‌ڕه‌می ده‌سه‌ڵاته، هه‌م له ته‌شریفی و له حه‌قیقەتیشدا سه‌ركۆمار سه‌رۆكی ده‌وڵه‌تی عێراقه و ده‌بێت زۆر ئاگاداری سه‌ردان و به‌سه‌ركردنه‌وه‌كانی بێت، چونكه ئه‌و كه‌سێكی ئاسایی نییه، ته‌نانه‌ت له دیدار و چاوپێكه‌وتنه‌كانیشی، كه رۆژانه خه‌ڵك، یان كه‌سایه‌تییەکان ده‌بینێت، من پێم وایه ئه‌و سه‌ردانه‌ی سه‌ركۆمار بۆ لای ره‌یان كلدانی سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، بەڵکو شكستخواردوو بوو، سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار ئه‌و سه‌ردانه‌ی له شوێنی خۆی نه‌بوو، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ره‌یان كلدانی ته‌نیا سه‌رۆكی كوتله‌ی بابیلۆنه، نه وه‌زیره و نە پۆستێكی فه‌رمی هەیه، تەنیا ده‌ربڕی كوتله‌ی خۆیه‌تی و نه خاوه‌نی جه‌ماوه‌رێکی واشە، جیاله‌وه‌ش، له عێراقدا زۆر له حزب و كوتله‌ی جیاوازی مه‌سیحی هه‌ن و هیچ یه‌كێك له‌و حزبانه به‌ته‌نیا نوێنه‌رایه‌تیی هه‌موو مه‌سحییه‌كان ناكەن، ره‌یان كلدانی ته‌نیا نوێنه‌رایه‌تیی خۆی و حزبی خۆی ده‌كات.“
گوتیشی: "ده‌بێت حزبەکان داوای دیداری سه‌ركۆمار بكه‌ن، ئه‌ویش مافی ئەوەی هەیە قبووڵی بكات، یان ره‌تی بكاته‌وه، دوای ئه‌وه‌یش ده‌كرێت له ئاستی وه‌زیر یان نوێنه‌رایه‌تیی پێكهاته‌كان، یان وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف، له‌سه‌ر پرسی مه‌سحییه‌كان رێكخستن یان بابه‌تی دیكه هه‌بێت، به‌ڵام ناكرێت سه‌ركۆمار ده‌ست وه‌ربداته كاروباری مه‌سیحییەکان، وه‌ك ئه‌وه‌ی له بابه‌تی لویس ساکۆ كرا، كه مه‌رسوومی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری كشانده‌وه، ئه‌سڵه‌ن ئه‌و شتانه كاری سه‌ركۆماری عێراق نیین، ئه‌مه كاری نوێنه‌رایەتیی پێكهاته‌كان، یان وه‌زاره‌تێكه.“
سەباح بەرخۆ، راشی گه‌یاند: ”ئەم سەردانە له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی نه‌گونجاوه و پێچه‌وانه‌ی عورفی نێودەوڵەتییە.“