كوردی عربي ک.بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
یوونس حەمەد 04/02/2025

ئاخۆ دەبێت عومەر فەقێ ئەمانە بزانێت؟

لە 16ی مانگی تەمووزی 1979، گۆڕانێکی گەورە لە بەغدا ڕووی دا، بێ هیچ ڕکابەرێک سەدام خۆی کردە سەرکردەی یەکەمی بەعس و دەوڵەتی بەناو عێراق، ئەگەرچی پێشتریش ئەحمەد حەسەن ئەلبەکر لە سەرۆکایەتییدا تەنیا هەر ناو بوو، سەدام حوسێن، که به (سەید ئەلنائیب) ناسرابوو، دەسەڵات و حوکمڕانیی لەبەردەستدا بوو، بەڵام لەو ڕۆژەی لە سەرەتا ئاماژەم پێکرد، ئەوە بەفەرمی بووە کەسی یەکەم، یاخود دیکتاتۆری یەکەمینی بێوێنەی جیهان.

سەدام، کەسێکی بە بیرکردنەوە تاریك هاتە نێو دەسەڵاتی وڵاتێک، کە هەر لەگەڵ دامەزاراندنییەوە پڕ کێشە و ئاڵۆزی بوو، ئەگەر ئێمە تەنیا لە حوکمڕانیی ئەو کەسە له 1979 تا دواتر تێبگەین، دەبینین کورد لەبن دەستی ئەو دیکتاتۆرە، زۆرترین ئەشكەنجە و ئازار و قوربانیدانی بینیوە، چ بە کیمیایی، یان زیندەبەچاڵ و ئەنفالی سەدان هەزار کەسی بێتاوان و جینۆساید و تێکدانی گوند و ئاواییەکانی کوردستان و ئاڵۆزکردنی شیرازەی كۆمەڵگا و دانانی نەخشەی تەعریب و سڕینەوەی ئاسەوار و نەهێشتنی ئامرازی ژیان بۆ تاک و کۆمەڵی کورد.

تاوانەکانی ئەو ڕژێمه ئەوەندە زۆرن، لەم نووسینەدا ناکرێ هەڵوەستەیان لەسەر بکەین، چونکه هەر جارێ باسی ئەو دیكتاتۆرە بکرێت، ئازارەکان دەکولێنەوە. مخابن دوای ئەو هەموو نەهامەتی و ئاڵۆزییانە، تا ئێستا کەسانێک هەن لەناو کورددا ستاییش و پەسنی دیکتاتۆرێکی وەک سەدام دەکەن، بێ گوێدانە ئێش و ئازاری تەواوی خەڵکی کوردستان.

ئەوەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا لەسەر زاری کەسێکی عەقڵداگیركراوی بێزارکەری وەک (عومەر فەقێ) بیسترا، کە بێشەرمانه و بێ هیچ پێچ و پەنایەک پەسنی ئەو دیکتاتۆرەی کرد، نەك هەر کارەساتە، بەڵکوو دەچێتە خانەی نەهێشتنی ئیرادە بۆ گەلێکی ستەملێکراو، که ژمارەی شەهیدەکانی لە ژمارەی دانیشتوانی زۆر دەوڵەت و وڵات زیاترە.

بەڵێ خۆکڕکردن لە قسەكانی عومەر فەقێ و ئەوانەی وەک ئەو بیر دەکەنەوە، دەمانگەیەنێتە (زەمەنێکی تاڵ و تاریك و خاڵی هیچ) چونکه لەناو هیچ گەل و نیشتمانێکدا نەبووە و نابێت، ستاییش و پەسنی کەسێک بکرێت، کە هەوڵی سڕینەوەی گەلەکەی ئەوی دابێت. بۆیە پێویستە داواکاری گشتی لە پرسی وەهادا بێدەنگ نەبێت، چونکه بێدەنگیی دادگاکان لەسەر ئەم جۆرە هەڵوێستانه، بێدەنگییە لە شکاندنی هەموو بەها پیرۆزەکانی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کورد و کوردستان.