شارەزایەکی بواری کەشناسی ئاشکرای کرد کە شەپۆلێکی زۆرباشی بەفروبارانبارینی مامناوەند بۆ بەهێز تەواوی ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
ئەمشەو دووشەممە 3/2/2025، هەڤاڵ سەدیق گەڵۆزی، شارەزای بواری کەشناسی بڵاوی کردەوە: "ڕۆژانی چوارشەممە، پێنجشەممە و هەینی داهاتوو گەردەلوولی باران (عواصف المطریة) ڕوو لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی حەوزی دەریای سپی ناوەڕاست و هەرێمی کوردستان و بەشێک لە ناوچەکانی ناوەڕاست و ڕۆژئاوای عێراق دەکات و شەپۆلێکی زۆرباشی بەفروبارانبارینی مامناوەند بۆ بەهێز تەواوی ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و کەشێکی تەڕی باراناوی ڕوو لە ناوچەکەمان دەکات."
دەشڵێت: "زەوییە کشتوکاڵییە دێمەکارەکان تێر ئاو دەبێت و مەترسی لەناوچوون و وشکەساڵی کەمدەبێتەوە و ڕێژەی ئاوی ڕووبار و کانیاوەکانی هەرێمی کوردستان زیاد دەکات، لە ناوچە شاخاوییەکانیش بەفربارینی چڕ دەستپێدەکاتەوە و پێشبینی بەفربارینی زۆرباش دەکرێت لەم شەپۆلەدا بەراورد لەگەڵ شەپۆلەکەی 20ی مانگی رابردووە."
ئاماژەشی بەوە داوە: "سەرەتای بارانبارین بە نمەبارانێکی لاواز دەستپێدەکات و لە ڕۆژی چوارشەممەوە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێرکاریگەری بارستە هەوایەکی زەبەلاحی ساردی و شێدار لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەورووپاوە، درەنگانی شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە کاریگەری شەپۆلەکە فراوانتر دەبێت و شەپۆلێکی بارانی سەرتاسەری دەستپێدەکات و بەفروبارانبارینی دێمی سەرجەم ناوچه جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان (دهۆک، ئیدارەی زاخۆ، موسڵ، هەولێر، ناوچەکانی ڕۆژئاوای هەولێر، شەمامک، گوێڕ، دیبەگە، کەندیناوە، قەراج، مەخموور، سەڕگەڕان، تەواوی پارێزگای کەرکووک، گەرمیان، سلێمانی، هەڵەبجە، ڕاپەڕین، سۆران، کۆیە و دەووربەری) دەگرێتەوە و پێشبینی دەکرێت بارانی باش لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان ببارێت."
ئەوەشی خستووەتە روو: "بڕو جۆری بارانەکە بەپێی کات و شوێن دەگۆڕێت بە پلەیەک پێشبینی دەکرێت لە ناوچە شاخاوییەکان بارانی مامناوەند بۆ بارانی بەخووڕ بیانگرێتەوە، لە دهۆک، سۆران، ڕاپەڕین، هەڵەبجە، سلێمانی، کۆیە و دەورووبەری زۆرترین باران ببارێت لەهەندێ ناوچە دەگاتە 30 بۆ 40 ملم لەهەندێ ناوچەش ڕێژەکەی لەوەش زیاتر دەبێت."
ئەو شارەزایەی بواری کەشناسی راشی گەیاندووە: "لە ناوچە دەشتاییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر، دەشتی قەراج، کەندێناوە، شەمامک، گوێڕ، دیبەگە، سەرگەڕان، کەرکووک، ئیدارەی گەرمیان بە پلە دوو ئەگەری نمەباران بۆ بارانی مامناوەند هەیە لە هەندێ کات دەگۆڕێت بۆ بارانی بەخووڕ و پێشبینی دەکرێت بڕی بارانبارین لەم ناوچانە لەنێوان 20 بۆ 25 ملم بێت."
جەختیشی کردووەتەوە: "خێرایی با لەسەرجەم ناوچەکان چالاک دەبێت بەپێی شوێن بۆ شوێن دەگۆڕێت لە هەندێ ناوچە لەنێوان 30 بۆ 40 کیلۆمەترە لە کاتژمێرێکدا و لە هەندێ ناوچەی دیکەش 50 کیلۆمەتر تێپەڕدەکات، لە ڕۆژی پێنجشەممەش شەپۆلێکی خۆڵبارین ناوچەکانی هەرێمی کوردستان وعێراق دەگرێتەوە."
روونیشی کردووەتەوە: "لەگەڵ هاتنی ئەم شەپۆلی بارانبارینە پلەکانی گەرما لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان دابەزینی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت و دەچێتە ژێر سفری سیلیزییەوە، لەو ناوچانەی کە بەرزییان لەنێوان 800 بۆ 1000 مەترە لەئاستی ڕووی دەریاوە شەپۆلێکی چڕی بەفربارین تەواوی ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و ئەگەر هەیە لە سەنتەری بەشێک لە شارە گەورەکانیش بەفر ببارێت و لە هەندێ ناوچەش بەتێکەڵی لەگەڵ باران دەبارێت."
جەختیشی کردووەتەوە کە کاریگەری ئەم شەپۆلە بۆ ماوەی 72 کاتژمێرە و لە ئێوارەی هەینی لەسەر شەممە بەرەو لاوازبوون دەچێت بەفروباران کۆتایی دێت.