تادێت ناڕەزایی و نیگەرانییەكانی سەرجەم چین و توێژەكان هەمبەر بە ستاییشەکەی عومەر فەقێ بۆ سەدامی دیكتاتۆر زیاتر دەبێت. كچی تاقانەیەكی ئەنفالیش دەڵێت ”لەو كاتەی گوێمان لەو قسە ئاستنزمانی عومەر فەقێ و ئەو ستاییشەی بۆ سەدامی خوێنڕێژ بووە، زۆر نیگەران بووین، چونكە قسەکانی عومەر بەپێی دین و بەپێی قانوونیش، تاوان و گوناحە، خۆزگە قەت بە كوردی گوێمان لەو ستایشە قێزەونە نەبوایە."
دێكان حەسەن عەلی، بەرپرسی لقی هەولێری كۆمەڵەی داكۆكی لە پرسی كەسوكاری ئەنفالكراوەكان و كچە تاقانەی ئەنفال، خەڵكی گوندی ئۆمەربلی گەرمیانە، كە گوندەكە خاوەنی 253 ئەنفالكراو و 77 شەهیدە، 122 كەسیان كەسوكار و خانەوادەی ئەو كچە تاقانەیەن، بۆ (باسنیوز) رایگەیاند، ئەوان وەكوو كەسوكاری ئەنفالكراوان، سكاڵا لەسەر ئەو قسە ئاستنزمانەی عومەر فەقێ تۆمار دەكەن، گوتیشی: “ئێمە وەكوو كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان و تاقانەكانی ئەنفال، كە خۆم كچە تاقانەم و باوكی من سەرجەم ئەندامانی خێزانەكەی لە پڕۆسەی ئەنفال شەهید و ئەنفال كراون، تەنیا خۆی رزگاری بووە، قسەكانی ئەو عومەر فەقێیە تەواو نیگەرانی كردووین، چونكە نە بەپێی ئایین و نە بە یاسا رێگەپێدراو نییە، خوای گەورە دەفەرمووێت (إِنَّ اللَّهَ لَا يُحِبُّ الظَّالِمِينَ)، بەپێی ئەو ئایەتە، عومەر فەقێ دژی ئایین قسەی كردووە، لەكاتێكدا خۆی وەكوو بانگخوازێك ناساندووە، كە دەبوایە لەبری ئەوە، خۆی خەڵكی بۆ نیشتمانپەروەری پەروەردە بكردایە، بەپێی یاساش، نە یاساكانی عێراق و نە یاساكانی كوردستان رێگا بەوە نادەن پشتیوانیی لە زاڵمێك بكەی و سەرسامیت لە میدیاوە دەربڕی پێی، كە هەزاران خەڵكی ئەنفال و شەهید كردووە، لەبەرئەوە ئەوەی عومەر فەفێ دەیڵێت (ئەوپەڕی بێشعووری و ئەوپەڕی هەستنەكردنە بە بابەتی نەتەوەیی و نیشتمانی).”
ئەو كچە تاقانەیەی ئەنفال، كە دڵی زۆر بە قسەكانی ئەو بەناو بانگخواز و بەربژێرە دەرنەچووەی لیستەكەی عەلی حەمەساڵح پڕبوە، گوتیشی: “ئەوەی زۆر ناخۆش بوو ئەوەیە، بە زمانی كوردی گوێمان لەو ستایشە ئاستنزمە بوو، لەكاتێكدا سەدامی دیكتاتۆر بۆیە ئەنفالی كردووین چونكە كوردین، لەبەرئەوە سكاڵا دەكەین و دەمانەوێ جارێكی دیكە هیچ كوردێكی دیكە نەوێرێ قسەی وا بكات، واش پێدەچێ ئەگەر ئەو كەسە لەسەردەمی سەدام بوایە، خۆی دەبوو بە جەلادێك و وەكوو جاش و جەلادە كوردەكانی پێشتر و ئەمن و رەفیق حزبیەکان، ئازاری ئەو میللەتەی دەدا، هیواخوازیشین مادام عومەر فەقێ ئەوەندە عاشقی سەدام بووە، حەشری لەگەڵ حەشری سەدام بكرێ).”