كوردی عربي ک.بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ئیلۆن ماسک: پێویستە دەزگاکانی هاوکاریی ئەمریکا بۆ دەرەوە دابخرێت

 

ئیلۆن ماسک کە لەلایەن دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا دیاریکراوە بۆ سەرۆکایەتیکردنی هەوڵەکانی کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکوومەتی فیدراڵی ئەمریکا، ئەمڕۆ دووشەممە 3/2/2025، باسی لە داخستنی دەزگای یارمەتییەکانی ئەمریکا بۆ دەرەوە (USAID) کرد.

ماسک کە بەڕێوبەری جێبەجێکارە لە کۆمپانیاکانی تێسلا و سپەیس ئێکس، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) باسی لەوە کردووە کە ئەم دەزگایە بە جۆرێک تێکچووە و ناتوانرێت چاکبکرێتەوە، بۆیە پێویستە دابخرێت.

هەروەها دەشڵێت، ترامپیش ڕازییە بەوەی کە ئەم دەزگایە دابخرێت، هەروەها کارمەندانی دەزگاکە پێیان وتراوە کە نەچنەوە بۆ بارەگاکانی دەزگاکە لە واشنتن و لە دوورەوە کارەکانییان ئەنجام بدەن، ئەمەش بەپێی ئیمەیڵێکە کە لەلایەن ئاژانسی ڕۆیتەرزەوە بڵاوکراوەتەوە.

لە ساڵی دارایی 2023 دا، ئەمریکا 72 ملیار دۆلاری وەکوو یارمەتی لە سەرانسەری جیهاندا خەرج کردووە، ئەم پارەیە بەکارهێندراوە بۆ چەندین پڕۆژەی مرۆیی وەکوو تەندروستی ژنان، دەستڕاگەیشتن بە ئاوی پاکی خواردنەوە، چارەسەرکردنی نەخۆشی ئایدز، ئاسایشی وزە و کاروباری دژە گەندەڵی.

ترامپ فەرمانی کردووە بە ڕاگرتنی زۆربەی یارمەتییەکانی ئەمریکا بۆ دەرەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی سیاسەتی (سەرەتایی ئەمریکا) دا، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی چەندین پڕۆگرامی یارمەتیدان کۆتایی پێبهێندرێت.

هەروەها ماسک پێشبینی کردووە کە بەڕێوەبەرایەتییەکەی ترامپ دەتوانێت ساڵی داهاتوو یەک تریلیۆن دۆلار لە کورتهێنانی بودجەی ئەمریکا کەم بکاتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز