پزیشكێكی پسپۆڕی ددان، لەبارەی چارەسەركردنی ددانی ئافرەتی دووگیان، زانیاری دەخاتە ڕوو كە لە چ مانگێك چارەسەر وەربگرێت.
د. هیدایەت بلباس، پزیشكێكی پسپۆڕی ددان، لەبارەی وەرگرتنی چارەسەری ددان لەلایەن ئافرەتانی دووگیانەوە، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "ئەو بابەتە چەندین توێژینەوەی لەسەر كراوە كە ئایا بكرێت یان نا؟ ئافرەت زۆر لەو حاڵەتە دەترسێت، بە تایبەت منداڵی یەكەم، چونكە منداڵەكە خۆشەویستە و یەكەمجار دووگیانیش دەبێت و شارەزایی لەبارەیەوە نییە، ”ئێمە بە شێوەیەكی وا ئامۆژگاری نەخۆشەكە دەكەین، ئەگەر ئازاری نەبێت، یان زۆر توند و حاڵەتی لەناكاو نەبێت، باشترە رایبگرێت، بۆ پاش منداڵبوون.“
ئەو پزیشكەی ددان ئەوەشی خستە ڕوو، بە شێوەیەكی گشتی مانگەكانی چوارەم، پێنجەم و شەشەمی دووگیانی، واتا لە سێ مانگی دووەمەوە، چارەسەری ددان، كێشەیەكی ئەوتۆی نییە، دەشڵێت: ”ئەگەر هەر لەو قۆناغەش بێت، ئەگەر پێویستی بە بەنج، یان پڕۆسەیەكی درێژخایەن بێت، وەك چاندنەوەی ددان، هەمووی بۆ دوای دووگیانییەكە رابگیرێت، بەڵام حاڵەتی لەناكاو، دەتوانێت لە سێ مانگی دووەم بیكات، ئەگەر زۆر خراپ بوو، ئاسایییە چارەسەری بكات، نەوەكوو دەرمانی هەوكردن و ئازارشكێنەكان بەكار بهنێت كە كاریگەرییان لەسەر كۆرپەلە هەیە.“