كوردی عربي ک.بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
بەرهەم عەلی 03/02/2025

سوبحانەڵا لە بلیمەتیی ئەو عومەرە!

سۆشیال میدیا، بۆ هەموو گەلانی دنیا بووەتە خێر و بەرەكەت و فاكتەری پێشكەوتن، كەچی بۆ كورد بووەتە گەورەترین ماشێن و كارخانەی پەرەپێدەری پووچگەرایی و دروستكردنی پاڵەوانی ناوپووچ و كەسانی هیچ و پووچ و بووكەڵەی عەقڵپووچ.

هەڤاڵێكی هەورامییم هەبوو، هەموو جارێ كە رەفتار و گوفتاری نەفامانەی لە كەسێك دەبینی یان دەبیست، بە سەرسوڕمانەوە دەخەنی و دەیگوت: ”سەیرە! مرۆڤ ئەگەر بیەوێ زانا و هۆشیار و عاقڵ بێت، بە سەدان ملیۆن سەرچاوەی نایاب و پەرتووك و ژێدەر و زانستگە هەن كە فێری ئەوەی دەكەن عاقڵ بێت، بەڵام ئەگەر بیەوێت دەبەنگ و نەفام بێت، هیچ سەرچاوە و كتێبێك نیە فێری بێعەقڵی و نەفامیی بكەن، نازانم ئەم دەبەنگ و نەفامانە لە كوێ فێری ئەم هەموو بێعەقڵییە دەبن؟“

لەم رۆژگارەدا، لە كۆمەڵگەی كوردی باشوور، هێندە خەڵكی دەستبەتاڵ و بێئیش و بێئاگا و ناڕۆشنبیر و ناهۆشیار و بێفكرمان زۆرە، دوو سێ ساڵێكە، سۆشیال میدیای كوردی پڕ كراوە لە فەرمایشت و موحازەرە و كۆڕ و قسە و لێدوانە (زۆر موهیمەكان!)ی كەسێك بە ناوی (عومەر فەقێ)ەوە.

ماشەڵامان لێ نەبێت، كەناڵی تی ڤی و پەیج و ماڵپەڕی بێ بەرنامە و بێ ستراتیژ و بێ ئامانجیشمان هێندە زۆرن، ئەو عومەرە، فەقیرە مەجالی نەمابوو، فڵانە شەو لە كامە كەناڵ و كامە پەیج و ماڵپەڕ، میوانی بەرنامە بێت! ئاخر دەرد و عیللەتی هەرە مەترسیداری كەناڵ و میداكانی كوردستان ئەوەیە كە زۆربەیان، كات و بەرنامە بۆ میوانی گرنگ و زانا تەرخان ناكەن، بەڵكوو تەنیا بەدوای ئەوانەوەن كە تاكە بەهرە و توانا و خەسڵەتیان ئەوەیە كە بینەریان لە سۆشیال میدیا زۆرە.

سەروكارانی هەندێك رێكخراوی مەدەنیی گەنجانەی كورتبینیش، ناوبەناو خەڵكێكیان لە هۆڵێكدا كۆ دەكردەوە و هەزار تكا و رجایان لەو عومەرە دەكرد، مەجالێكیان بۆ دروست بكات و كۆڕێك یان موحازەریەكیان بۆ ساز بدات، عومەر بەنێو ئاپۆڕای گەنجاندا، بە هەزار حاڵ دەگەیشتە سەر تەختی شانۆ و دەیگوت: ”مرۆڤ تاكە مەخلووقی خودایە كە نێر و مێ، رووبەڕوو سێكس دەكەن“ هەموان لە جێی خۆیانەوە سەریان با دەدا و دەیانگوت: ”سوبحانەڵا لە بلیمەتیی ئەو عومەرە!“ منیش كە لە باخچەی ئاژەڵانی بەرلین بینیم دوو گۆریللا رووبەڕوو وەكوو مرۆڤ سێكس دەكەن، بۆم دەركەوت عومەر فیعلەن بلیمەتە!

عومەر ئەم ناوبانگ و ناسراویەی قۆستەوە و كۆمپانیایەكی كڕین و فرۆشتنی خانووبەرەی دامەزراند، لێ عومەر لەلایەن خەڵكی ناهۆشیار و نەزان و نەخوێندەوارەوە، هێندە فووی تێ كرابوو، بەوەشەوە نەوەستا و حەزی چووە پەرلەمانتاری! عەلی حەمەساڵحی برامان، تەماعی ئەو ناوبانگە ناوبەتاڵەی عومەر گرتی و لە هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەماندا، عومەری كردە كاندید لە لیستەكەی خۆی!

كە عومەر فەقێ لە بازنەی هەڵبژاردنی هەولێر دەنگی پێویستی نەهێنا و نەگەیشتە پەرلەمان، ئەودەم زیاتر بۆ دەركەوت كە زۆرینەی هەرە زۆری خەڵكی خۆشەویستی هەولێر چەند بە هۆشیارییەكی بەرزەوە دەنگ دەدەن، بۆم روون بووەوە كە هەولێری پایتەخت كەمترین خەڵكی لەخشتەبراوی ژیر كاریگەریی هاژوهووژی تیكتۆك و فەیسبووك و سۆشیال میدیای بە گشتی، تێدایە.

دوێنێ ڤیدیۆیەكی ئەو عومەرەم بیبنی، بە پێداگری و شانازییەوە دەڵێ: ”سەدام حسێن گۆڕی پڕ نوور بێت، سەری بە قەبری ئەو كەسەش كە پێی ناخۆشە من وا دەڵێم.“ تۆ وەرە عومەر ئەوەندە بێشعوور بیت، رێز لە شعووری ئەو سەدان هەزار كەسوكارە كوردەی قوربانیان تاوانە گەورەكانی سەدام حسێن نەگریت؟ لە ئەڵمانیا هەر كەسێك ئاوها باسی (هیتلەر) بكات، یان دەیخەنە ژێرزەمینێكەوە و تێڵاتڕێنی دەكەن، یان دەیخەنە نێو قەفەزی گۆرێلاكانی باخچەی ئاژەڵانی بەرلینەوە.

عومەر هەر لەو دیمانەیەدا دەڵێت: ”من زۆر شت لە سەدام حسێنەوە فێر بووم!“ جا وەرە عومەر ئەوەندە (بلیمەت!) بیت، لەنێو ئەم هەموو خەباتكارە مەزنەی مێژووی كوردستان و ناوچەكە و جیهاندا، لەنێو ئەو هەموو رێبەر و زانا و فەیلەسووف و عارف و دانا و نووسەر و رۆشنبیرە و بیرمەندەی دنیادا، تۆ سەدام حسێن بە (مامۆستا!) بزانیت و بە شانازییەوە (فێرخوازی سەدام حسێن) بیت.

كە گوێم لەو قسەیەی كۆتایی عومەر بوو، زوو ڤیدیۆكەم بۆ یارۆی هەورامی نارد و لەژێرەوە بۆم نووسی: ”هەڤاڵ گیان تۆ هەڵەیت، زۆر سەرچاوە و ژێدەر هەن، مرۆڤ فێری بێعەقڵی و نەفامی و دەبەنگی دەكەن!“