كوردی عربي ک.بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
ھۆگر نێروەیی 03/02/2025

دوو قسە لەسەر بەناو مانگرتووەکان!

لە سەردەمی خەلیفە (عومەری کوڕی خەتاب)دا، خەلیفە شەوان دەچووە بەردەرگای ماڵان، بۆ ئەوەی بزانێت خەڵک لە چی کەمە. جارێکیان خەلیفە لە بەردەرگای ماڵێک بوو، گوێ لێ بوو دایکێک بە کچەکەی دەگوت: "کچم ئاوەکە بهێنە با لەگەڵ شیر تێکەڵی بکەین، بۆ ئەوەی شیرەکە زۆر بێت و لە کاتی فرۆشتنی زیاتر قازانج بکەین."
کچەکە گوتی: "ئاخر خەلیفە ڕێگا بەم کارانە نادات."
دایکەکە گوتی: "خۆ خەلیفە عومەر نامانبینێت."
کچەکە گوتی: "ڕاستە خەلیفە عومەر نامانبینێت، بەڵام خۆ خودای عومەر دەمان بینێت."

ئەم قسەیە ئەوە دەگەیەنێت، هەموو کات دایک و باوك ڕاست ناکەن، نابێت ئەوان هەرچی بڵێن منداڵەکانیان بە گوێیان بکەن. دایك و باوكیش مرۆڤن، سروشتی مرۆڤیش وایە کە هەڵە دەکات، کەوایە دایک و باوك کاتێ هەڵە دەکەن، نابێت منداڵەکانیان گوێیان لێ بگرن.

نەک تەنیا مامۆستایانی ناڕازی، بەڵکوو هەموو مووچەخۆرێک لەبەرامبەر ئەرکدا مافی خۆیەتی داوای مووچە بکات، ئەسڵەن میللەتێکی مردوومان ناوێت، چونكە ئەگەر لەسەر مافی خۆی بێدەنگ بێت، ئەوا لەسەر هەموو شتێک بێدەنگ دەبێت و بەئاسانی خۆی بە خەڵکی دیکە دەفرۆشێت. منیش داوای مووچەی مانگی 12 دەکەم، داوای ئەوە دەکەم مووچەم مسۆگەر بکرێت، ناڕازیم لەسەر ئەوەی هەموو مانگێک بە بیانوویەک مووچەم دوا بخرێت، مافی من و هەموو مووچەخۆرێکە، کە مووچەی ئێمە بەبێ دواکەوتن مسۆگەر بکرێت.

بێگومان ئێستا لە بابەتی مووچەدا حکوومەتی عێراق بەرپرسیاری یەکەمە، هەمووشمان چاوەڕێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کە شەڕی وەدستهێنانی مافەکانمان بۆ بکات و تا ئێستاش بە رژدی دەیکات.

قسەم لەسەر ئەوەیە، مووچەخۆران مافی خۆیانە ناڕەزایی دەرببڕن، خۆپیشاندان بکەن، بەڵام رەوشی مووچە بەو شێوەیەش خراپ نیە کە مان لە خواردن بگرن، ساڵی رابردوو تەنیا یەک مووچە نەدراوە ئەویش مووچەی مانگی 12یە. ئەوجا مانگرتن لە خواردن هەرگیز بۆ مووچە نیە، بەڵکوو مانگرتن زیاتر بۆ شتی سیاسییە، کە زیندانییەکان، یان کەسێ بە ستەم سزایەکی قورسی لەسەر بێت، یان کەسوکاری زیندانییە سیاسییەکان مان لە خواردن دەگرن، کەسمان نەبینی لەسەر بڕینی مووچە یان نەدانی یەک مووچە مان لە خواردن بگرێت، ئەوجا ئەگەر شتی سیاسی لەپشت ئەم مانگرتنە نیە، خۆ دەتوانن بەشێوەی دیکە ناڕەزایی دەرببڕن، ئەگەر هەر بڕیارە مان بگرن، دەبێ ئەم مانگرتنە دژی بەغدا بێت، نەک دژی هەرێمی كوردستان، چونکە دەسەڵاتدارانی میلیشیاگەری بەغدا شەڕی سیاسی لەگەڵ کورد و هەرێمی كوردستان دەکەن.

لەکۆتاییدا، ئەگەر ئەوانەی خۆیان نا ناوە نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی! دەزانن، ئەگەر ڕاست دەکەن ئەم بەناو مانگرتنە هیچ شتێکی سیاسیی لەپشت نییە، یان واز لەم مانگرتنە بێنن، یان ئاڕاستەی مانگرتنەکە با لە بەغدا بێت، کە هەمیشە خۆپیشاندانەکان ئاراستەیان لە هەرێم بووە. نەك هەر شتێک مامۆستایان کردیان بەڕاست بزانن، چونکە خودی مانگرتنەکە هەڵەیە و پەیامیان بۆ ئەو شوێنە نیە، کە هۆکاری ئەم دۆخەن. مانگرتن لە خواردن بۆ کێشەیەکی سیاسییە نەک ئابووری، هەروەکوو چۆن خودای عومەر هەموو کەسێک دەبینێت، بەو شێوەیە هەموو کەسێک بە حکوومەت و ئۆپۆزسیونەوە، بە هەموو دەنگە ناڕازی و ڕازییەکان، بە عێراقچی و ناعێراقچییەکان دەزانن، کە کێشەی مووچە لەدوای ڕادەستکردنی نەوت بە بەغدا، خەتای حکوومەتی عێراقە نەک حکوومەتی هەرێمی كوردستان.
ئەمە ئەوە ناگەیەنێت، کە حکوومەتی هەرێم بێ کەموکورتییە، بەڵام بەرپرسیاری سەرەکیی لەم دۆخە حکوومەتی عێراقە.