كوردی عربي ک.بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

توێژینەوەیەكی نێودەوڵەتی: چەمانەوەیەکی سەرنجڕاکێشی ڕووی زەوی لە هەرێمی کوردستانە

تیمێکی توێژینەوەی نێودەوڵەتی، کاریگەریی ئەو هێزانەی لە چیاکانی زاگرۆسەوە لە هەرێمی کوردستان سەرچاوە دەگرن، لەسەر چۆنیەتیی چەمانەوەی ڕووی زەوی لە ماوەی 20 ملیۆن ساڵی ڕابردوودا دۆزیوەتەوە.

لێکۆڵینەوەکە، کە لەلایەن زانکۆی گۆتینگنی ئەڵمانیاوە ئەنجام دراوە و لە گۆڤاری (Solid Earth) بڵاوکراوەتەوە، دەریخستووە، کە پلێتە ئۆقیانووسییە کۆنەکە، کە بە دەریای تێتیس (Tethys Ocean یان Neo-Tethys) ناسراوە، کە لەنێوان کیشوەری ئۆراسیا و نیمچە دوورگەی عەرەبیدا بووە، لەژێر ڕووی زەویدا بە شێوەیەکی ئاسۆیی جیا دەبێتەوە، کە دەبێتە هۆی چەمانەوەیەکی نائاسایی لە ناوچەکەدا.

کاتێک کیشوەرەکان بەدرێژایی ملیۆنان ساڵ بەرەو یەکتر دەجووڵێن، پلێتە ئۆقیانووسییەکان لەنێوانیاندا بۆ قووڵاییەکی زۆر لەژێر ڕووی زەویدا دەخزێن. لە کۆتاییدا، کیشوەرەکان پێکدادەدەن، کە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی بەردەکان لە لێوارەکانیاندا و دروستبوونی زنجیرە چیا گەورەکان، وەک چیاکانی زاگرۆس لە هەرێمی كوردستان.

بەپێی توێژینەوەكە، كە لە ماڵپەڕی (شەفەق نیوز) بڵاو بووەتەوە، بە تێپەڕبوونی کات، کێشی ئەو چیایانە دەبێتە هۆی چەمانەوەی ڕووی زەوی لە دەوروبەریاندا، کە ئەوەش دەبێتە هۆی دروستبوونی نزمایی، کە تیایدا نیشتەنییەکان کەڵەکە دەبن، وەک ئەوانەی دەشتەکانی میزۆپۆتامیایان پێکهێناوە.

بە بەکارهێنانی مۆدێلە ژمارەییەکان، توێژەران دۆزیویانەتەوە، کە کێشی چیاکانی زاگرۆس بەتەنیا ناتوانێت ئەو چەماوەیە قووڵە ڕوون بکاتەوە، کە دەگاتە 3 - 4 کیلۆمەتر لە بەشی باشووری ڕۆژهەڵاتی ناوچەکەدا.

ئەنجامەکان ئاماژەیان بەوە داوە، کە پلێتی زەریایی دەریای تێتیس، کە هێشتا پەیوەستە بە پلێتی عەرەبی، بە پلە بە پلە، لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیاوە بۆ باکووری ڕۆژئاوای ئێران جیا دەبێتەوە، کە دەبێتە هۆی زیادبوونی چەماوەی ڕووی زەوی.

د. ڕێناس خۆشناو، نووسەری سەرەکۆی توێژینەوەکە و توێژەر لە بەشی جیۆلۆجیای پێکهاتەیی و جیۆفیزیک لە زانکۆی گۆتینگن دەڵێت: "سەرسوڕهێنەر بوو، کە دۆزیمانەوە بڕی ئەو نیشتەنییانەی لە ناوچە توێژراوەکەدا کەڵەکە بوون زیاترە لەوەی، کە تەنیا بە کێشی چیاکانی زاگرۆس ڕوون بکرێتەوە. ئەمە ئاماژە بەوە دەکات، کە پلێتی زەریایی نوقمبوو، ناوچەکە بەرەو خوارەوە ڕادەکێشێت، کە ڕووبەرێکی گەورەتر بۆ کەڵەکەبوونی نیشتەنی دابین دەکات."

مۆدێلی جیۆدینامیکی، کە توێژەران پەرەیان پێداوە، نەک تەنیا گەشەسەندنی ڕووی زەوی ڕوون دەکاتەوە، بەڵکوو دەتوانێت بەشداریی لە بوارەکانی دیكەیشدا بکات، وەک دۆزینەوەی سەرچاوە سروشتییەکان، لەوانە نیشتەنییە کانزاییەکان و وزەی گەرمی زەوی، هەروەها باشترکردنی هەڵسەنگاندنی مەترسیی بوومەلەرزەکان.

خۆشناو دەشڵێت: "ئەم توێژینەوەیە بەشداریی دەکات لە تێگەیشتن لە چۆنیەتیی کارکردنی توێکڵی ڕەقی زەوی و دەکرێت لەداهاتوودا کاربردی پراکتیکی هەبێت."