كوردی عربي ک.بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
رێبوار حه‌مه‌لاو شوانی 02/02/2025

شانۆگەریی خێمەى مانگرتن

ماوەى یازدە ساڵە، رەنگە زیاتریش ئەگەر کەمتر نەبێ، دەسەڵاتدارانى عەرەبی شیعە لە بەغدا، بە پاڵپشتیى وڵاتی تر، دەستیان کردووە بە دژایەتییەکى قورس و چڕی هەرێمی كوردستان، دوێنێ بە ڕێگەى پەلاماردانى مووشەکى و درۆنى، ئینجا بە تیرۆر و پاشان بە پەلاماردان و ناوبەناویش ڕێکخستنى هەندێک خۆپیشاندان بە سیناریۆ و پاساوی چەواشەکارانە، ئەمڕۆش بە ڕێگەى ڕێگریکردن لە ناردنى مووچە و قووت و بودجەى هەرێمى کوردستان، هەروەها پێشێلکردنى زیاتر لە 55 مادەى دەستوورى، کە هەموویان پەیوەستن بە مافەرەواکانى گەلى کوردستان، لەکاتێکدا حکوومەتى هەرێمى کوردستان ڕێککەوتنى بۆ چارەکردنى کێشەکان لەگەڵ حکوومەتەکەى بەغدا واژۆ کردووە، هەروەها دەبێت عێراق لەسەر بنەماى هاوبەشى و فیدڕاڵى و دەستوورى بێت، بەڵام رۆژ بە رۆژ پاساو و بیانووکان، کە روونن مەرامیان چى و بۆ کێیە، بێ کۆتایین.

ئەوەى جێگەى هەڵوەستەکردنە و تا ئێستا حزبە بەناو سیاسییە کوردەکان لە هەرێمى کوردستان و بەغدا، بەتایبەت هەندێک پەرلەمانتارى بە ناو کورد، هێشتا خۆیان لە گێلى دەدەن و کێشە و ئاستەنگ لەبەردەم گەیشتنى هەرێمى کوردستان بە مافەڕەواکانى دروست دەکەن.
ئەو جۆرە حزب و لایەنە ڕیسوا و ڕەعیەتەى دوژمنان و ناحەزانى کوردستان باش دەزانن، یانیش ساویلکەن و لەبیریان چووەتەوە، ناحەزانى کورد لە عێراق چ سیاسەتێکى سەرسەختانە دژى گەلى کورد و بۆ بڕینى ماف و شایستە دارییەکانى خەڵکى کوردستان و برسیکردن بەکار دێنن.

ئێستاش ئەو لایەنانە و ئاغاکانیان لە بەغدا، هەموو ڕێگەیەکیان بۆ لاوازکردنى سەنگ و پێگەى هەرێمى کوردستان تاقی کردووەتەوە، بەڵام هەڵبژاردنى کوردستان وەڵام و گورزێکى کوشندە بوو بەر پەیکەرى ناحەزانى کوردستان كەوت، ئێستاش بە ڕێگەى سیناریۆ و شانۆگەریى مانگرتن کە هەندێ کاسەلێس و جاشی رەیان کلدانی و میلیشیاکان، راگەیاندنى چەواشەکارانە، پێیانوایە دەتوانن هەمان سیناریۆى ساڵى 2011 بۆ تێکدانى بارى دەروونیى خەڵک و کاریگەریدانان لەسەر بیروباوەڕى نیشتمان و کوردایەتییان بکەن، ئەویش بە ڕێگەی پشتیوانیى گرووپ و میلیشیا و دەزگە هەواڵگرییەکانى ناوچەکە.

ئەو حزب و لایەنانە، بە پشتیوانیى نەیارانى کوردستان و بەکارهێنانیان و دروستکردنى چەندین ماڵپەڕ و ئاکاونتى ساختە و کەسانێک لەنێو دەزگە حزبیە ئەمنییەکانى دەڤەرى سلێمانى و پەرلەمانتارى حزب، لەجیاتى ناڕەزایی بەرامبەر فاشیزمەکانى بەغدا، کار بۆ هێرشکردن و دژایەتیکردنى هەرێمى کوردستان دەکەن.

رووداو و پێشهاتە مێژوویی و نەتەوەییەکان و نێودەوڵەتییەکان دەخوازێت ڕەچاوى بەرژەوەندییە باڵاکانى گەل و نیشتمان و ئەزموونى هەرێمى کوردستان بکرێت، چونکە ئەم ئەزموون و حوکمڕانییە، دەسەڵاتێکى سیاسیى ڕواڵەتییە، دانپیانانى نێودەوڵەتیی هەیە، بەپێچەوانەى هەندێک وڵات و دەوڵەتى دروستکراو، کە تەنیا توێکڵێکى بەتاڵن لە هەموو ڕەواییدانێک، کە لەلایەن گەل و نەتەوەکانیان پێیان بەخشراوە و بە هێز و زۆردارى و ستەمکارى بۆ چەندین سەدە خۆیان لەسەر دەسەڵاتێکى نایاسایی هێشتووەتەوە.

هەرێمى کوردستان وەک قەوارەیەکى یاسایی و دەستوورى، لەماوەى 33 ساڵى رابردوودا، توانیویەتى بە شێوەیەکى بەرچاو و باش لە ڕووى دیموکراسییەوە زۆر گەشە بکات، بەپێچەوانەوە، ئەو لایەنانەى دەهۆڵى ئۆپۆزسیۆنبوونیان دەکوتى، یانیش نەیانتوانى متمانەى خەڵک بەهۆى بەرژەوەندیى کەسى و حزبییەکانیان بەدەست بێنن، ئاڕاستەى کارەکانیان گۆڕی بۆ دژایەتیکردنى بەرژەوەندییە باڵاکانى گەل و نیشتمانەکەیان و بوون بە بووکەڵە و کۆڵکەسیاسى و هاوپەیمانى نەیارانى کورد و کوردستان و خۆدزینەوە لە ئەرک و بەرپرسیاریەتیى مێژوویی، بە شێوەیەک، خولانەوە لەدەورى بازنەیەکى بەتاڵ، کە لەمێژە ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە و دژایەتیکردنە بەناوى ئۆپۆزسیۆنبوون لە خزمەت دوژمنانى کوردستان کۆتاییان هاتووە و ئیتر کەس باوەڕ بەو جۆرە سیناریۆ و مانگرتنانە ناكات، کە وەک چەک و لەپاڵ سێبەرى مەرامى دوژمنان و ناحەزان بۆ دژایەتیکردنى ئەم گەل و ئەزموونەیە و چارەنووسیشیان وەک ئەوانەى پێش خۆیان دەبێت.