كوردی عربي ک.بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
جەمال عەبدوڵا 01/02/2025

مامۆستای بن چادرەكان و ئافرەتانی نیپاڵ

نەك ھەر مامۆستا، بەڵكوو كەس گوتوویەتی مووچە مافی ھەموو كارمەندێك نییە؟ نەخێر. ئەی ھیچ مانگێك ھەبووە پارەی تەواو لەبەردەست حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندا بووبێت و مووچە دابەش نەكرابێت؟ ئەمەشیان نەخێر. ئەی ئێستا ئەوانەی لە سلێمانی بەناوی (مامۆستای ناڕازی)یەوە دژی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان خۆیان خستووەتە بن چادرەوە و، ھەر لەئێستاشەوە بۆ موزایەدەكردن و ڕێكلامكردن بۆ خۆیان ھەندێك پەرلەمانتاری كوردی ناو پەرلەمانی عێراق چوون بۆ لای جەماعەتی بن چادرەکان، ئایا ئەوە ھەر ئەوان نەبوون، كە پێش چەند ڕۆژێك گوتیان وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی 12 مانگەكەی ساڵی 2024یان بۆ ھەرێمی كوردستان نەناردووە، بەڵكوو مووچەی 11 مانگیان ناردووە و لەم ڕووەوە بەغدا غەدر لە ھەرێمی كوردستان دەكات؟ بەڵێ ئەمەشیان وایە.

ئەی باشە ھەر ئەوانەی بن چادرەکان و ئەو پەرلەمانتارانەش نازانن كە ئێستا شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆچی لە بەغدان؟ بەڵێ ئەوەش دەزانن. ئەی كەواتە ئەم چوونە ناو چادر و خۆدەرخستنانە دژی ھەرێمی كوردستان بۆچی؟

ماوەیەك لەمەوبەر، برادەرێكی خۆم كە لەمێژە لە ھۆڵەندایە، ھاتبووەوە كوردستان، دوای یەكتربینین و ھەندێك قسەوباسی نێوانمان، ھەندێك تێبینیی لەسەر بارودۆخی كوردستان ھەبوو، یەكێك لەو تێبینییانەی ھەیبوو، گوتی: "زۆر سەیرم لە ھەندێك خەڵكی ئەم كوردستانە دێت.!" گوتم؛ بۆچی؟
گوتی: تۆ وەرە سەیری ئەوانە بكە، كە خەریكی مانگرتن و خۆپێشاندانن بۆ مووچە و ڕاستییەكانیش دەزانن، ئەوان جاری وا ھەبووە مانگێك نەچوونەتە دەوام و خەریكی مانگرتن و خۆپێشاندان بوون، كەچی كە مووچە ھاتووە و دابەش كراوە، لەناو خۆپێشاندان و مانگرتنەكانی خۆیانەوە چوون مووچەی ئەو مانگەیان وەرگرتووە، كە تیایدا نەچوون بۆ دەوام! باشە چۆن دەبێت تۆ دەوام نەكەیت، بەڵام مووچەی دەوام نەكردن وەربگریت؟ بۆیە ئەمە زۆر سەیرە بەلامەوە.
منیش پێم گوت: وەرە با سەیرترت بۆ باس بكەم، ئەویش ئەوەیە، ھەندێك لەوان جیاوازی ناكەن لەنێوان نیشتمان و حكوومەتدا، جاری وا ھەیە لە خۆپیشاندان و مانگرتنەكانیاندا دژی حكوومەت جنێو بە كوردستانیش دەدەن! بەڵام تۆ سەیری نیپاڵ بكە.
ئەویش پێی :گوتم جا تۆ نیپاڵت بۆ ھێنایە ناو مامۆستای ناو چادرەكانی سلێمانی؟
منیش پێم گوت: ئەوە لەبەرئەوەی لە بەر بارودۆخی خراپیان ئافرەتانی نیپاڵی لە نیپاڵەوە، كە دەكەوێتە نێوان چین و ھندستان ،ھاتوونەتە سلێمانی و وەك كرێكار و خزمەتگوزار لە سلێمانی كار دەكەن، كەچی ئەوەتا ھەر لەم سلێمانییە و ئەو ئافرەتانە لە جەژنی ڕۆژی نیشتمانیی نیپاڵدا ئاھەنگ دەگێڕن، واتە ئەو ئافرەتە كرێكار و خزمەتگوزارانەی نیپاڵ، جیاوازی دەكەن لەنێوان حكوومەت و نیشتمانی نیپاڵدا بەڵام ھەندێك لەم ناڕازییانەی خۆمان ئەمە نازانن.
ئەویش گوتی: ئەمەشیان سەیرە، كەواتە بەم حسابە ئەو ئافرەتە كرێكارە نیپاڵییانە لە ھەندێك لە مامۆستایانی ناڕازیی ناو چادرەكان ھۆشیارترن، منیش پێم گوت ئەی وا نیە؟