توێژەرانی زانکۆی ئەریزۆنا جیاوازیی ژمارەی وشەکانی قسەکردنیان لە نێوان ژن و پیاودا پێوانە کرد، ئامانجیان ئاشکراکردنی ڕاستییەکانه سەبارەت بە جیاوازییە زمانەوانییەکانی نێوان ڕەگەزەکان لە ڕێگەی شیکردنەوەی ڕەفتاری پەیوەندیکردنی ڕۆژانە.
لهو توێژینەوەیەدا زیاتر لە دوو هەزار کەس بهشدارى تێداكرد بۆ پێوانەکردنی ژمارەی ئەو وشانەی کە لەلایەن هەردوو ئافرهت و پیاوەوە لە ڕۆژێکدا دەیڵێن، ئەمەش ڕێگەی بە کۆکردنەوەی زانیاریی گشتگیر لەسەر خووی قسەکردنی هەردوو ڕەگەز داوە.
بەشداربووان ئامێرێکیان پێبوو کە بە درێژایی کاتژمێرەکانی بەئاگابوونیان تۆمارى دەنگی کورتیان دەکرد. دوای کۆکردنەوە و شیکردنەوەی زیاتر لە 600 هەزار تۆمار، ژمارەی ئەو وشانەی کە هەر بەشداربوویەک لە ڕۆژەکەدا قسەی کردووە، دهژمێردرا.
دەرەنجامەکان دەریانخستووە کە پیاوان بە تێکڕا ڕۆژانە 11 هەزار و 950 وشە قسە دەکەن، لە کاتێکدا ئافرهتان بە تێکڕا 13 هەزار و 349 وشە لە ڕۆژێکدا قسە دەکەن، کە جیاوازییەکە 1073 وشەیە.
سەرەڕای ئەم جیاوازییە کەمە، توێژەران جەختیان لەوە کردەوە، گریمانە باوەکە کە (ئافرهت لە پیاوان قسه زیاتر دهكات)، تەنها وێنایهكهی چەقبەستووانەیە کە زۆرجار واتای نەرێنی هەڵدەگرێت.
هەرچەندە ئافرهتان زیاتر قسەیان دەکرد، بەڵام جیاوازی تاکەکەسی زۆر بوو. بەشێک لە بەشداربووان ڕۆژانە کەمتر لە 100 وشە قسەیان کردووە، هەندێکی تریش ڕۆژانە زیاتر لە 120 هەزار وشەیان وتووە، واتە ئەم ئەنجامانە ڕێگە نادات جیاوازییە یەکلاکەرەوەکانی نێوان ڕەگەزەکان دەستنیشان بکرێت.
توێژەران ئاماژەیان بەوە کردووە، له توێژینەوەیەکی پێشوو کە لە ساڵی 2007 ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە کە ئافرهت و پیاو لە ڕۆژێکدا نزیکەی 16 هەزار وشە قسە دەکەن، بەڵام قەبارەی نمونەی ئەو توێژینەوەیە سنووردار بووە، ئەمەش پرسیاری لەسەر وردبینییەکەی دروست کردووە.
توێژەران جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئەو بیرۆکەیەی گوایه ئافرهتان لە ڕۆژێکدا 20 هەزار وشە دەدوێن بە بەراورد بە 7هەزار وشە بۆ پیاوان، کە لە کتێبی "مێشکی مێینە"ی دکتۆر لوان بریزندین باسی لێوە کراوە، بە بەڵگەی زانستی باوەڕپێکراو پشتگیری نەکراوە.
ئەوان جەختیان لەسەر پێویستی لێکۆڵینەوەی زیاتر کردەوە بۆ بەدەستهێنانی تێگەیشتنێکی قووڵتر لە جیاوازییە زمانییەکانی نێوان ڕەگەزەکان، ئاماژەیان بەوەدا کە ئەنجامەکانی ئێستا جیاوازییەکی بەرچاو لە ژمارەی وشەکانی نێوان ئافرهت و پیاودا ناسەلمێنن.