كوردی عربي ک.بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
ئەسرین عاسی شوانی 01/02/2025

ئەوەی لە (١ی شوبات) کرایە ئامانج، کورد و کوردستان بوو

هەردوو تەقینەوەکەی ڕۆژی (١ی ٢ی ٢٠٠٤)، لە یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان لەنێوان چەند چرکەیەکدا و لە دوو شوێنی جیاوازی مەبەستداری شاری هەولێر، لە دوو بارەگای سەرەکیی دوو حزبە گەورەکەی کوردستان، مەغزا و مانای زۆر هەڵدەگرێت.

هەردوو تەقینەوەکە لەکاتێکدا بوون، کە هەردوو حزب پارتی و یەکێتی لە یەکەم ڕۆژی جەژن، پێشوازییان لە دۆست و هەوادارانی خۆیان و خەڵكی شاری هەولێر دەکرد، بێئاگا لەوەی، کە هەردوو لایان بەبێ جیاوازی، لەلایەن ناحەزانی کوردەوە كراونەتە ئامانج.
ئەوە جاری یەکەم نەبوو حزبە کوردستانییەکان، بێ دیاریکردنی ڕەنگ و ئایدیا و دروشم کەوتبنە بەر هەڕەشە و ئامانجی تیرۆرستان و هەر جارەی بارەگایەکی کوردی، کادیرێکی حزبی، یان هیچ نەبێت کرێکارێک یان جوتیارێکی کورد نەکەوتبێتە بەر هەڕەشە و تۆقاندن و تیرۆرکردن.
لێرەدا ئەوەمان بۆ دەرەکەوێت، لای ناحەزان و دوژمن و شەمشەمەکوێرەکان، بەبێ ڕەچاوکردنی ڕەنگ و دەنگیان، کورد هەر کوردە. ئەوەی جێگای هەڵوەستە لەسەر کردنە، درککردنی دوژمنانە بەو واقیعەی کورد وەکوو نەتەوەیەک سەیر دەکرێت، کە ئێمەی کورد تا ئێستا هەستمان بەو ڕاستییە نەکردووە، یان جوانتر بڵێین لایەنە کوردستانییەکان باش درکیان بەو واقیعە نەکردووە، چونکە ئەوەی لەپشت ئەو کردەوانەوە كرایە ئامانج، کورد بوو، نەک بارەگای لقی دووی پارتی و مەڵبەندی سێی یەکێتی.
لەبەر ئەوە زۆر گرنگە ئەمڕۆ ئەو دوو حزبە لە جاران زیاتر وەک هاوخەمیی بۆ دۆزی کورد کار بۆ ئەوە بکەن ماڵی کورد ڕێک بخەنەوە و بە گوتارێکی یەکگرتوو ڕووبەڕووی ئاستەنگەکان بوەستنەوە، ئاخر دوژمنان وەک پیشەی لەمێژینەیان لە هەوڵی ئەوەدان، کورد و کوردستان لاواز بکەن و درز بخەنە نێوان رێزەکانی، تا ئەو ئارامییەی لە کوردستان هەیە بیشێوێنن و کورد و بزووتنەوەکەی بە شتی لاوەکییەوە خەریک بکەن، تا نەپڕژێنە سەر داواکاری و مافە ڕەواکانی كورد، لە نموونەی هێڕشەکەی یەکی شوباتی شاری هەولێر، کە دەیان قارەمان لە ڕۆڵەکانی گەلەکەمان خوێنیان بەناهەق ڕژێنرا.
ئەگەر بۆ ئەو ساتانە بگەڕێینەوە، کە کورد یەک گوتار و یەکگرتوو بووە، هەمیشە دوژمنان بەرەیەکی دژەکوردیان پێکهێناوە، کە هەر ماوە نا ماوەیەک موئامەرەیەک دژی کورد دەکەن، هەر پێشکەوتنێکیش لە بزووتنەوەی کوردایەتی بەدی بکرێت، گورج هەوڵ دەدەن لەباری ببەن.
. بۆیە دەکرێ ئەو کردەوە تیرۆرستییەی (١ی شوبات)یش لە خانەی ئەو کردەوە دوژمنکارییانەدا پۆلێن بکەین.