بە تۆمەتی بەرتیلوەرگرتن، دەستەی دەستپاكی كەسێكی بە ناوی (چالاك سەباح عومەر) دەستگیر كردووە. تۆمەتبار چالاك عومەر بێت، یان ھەر كەسێكی دیكە و ھەر كارێكی ھەبێت، ھەتا دادگای تایبەتمەند بەو كەیسە، كەیسەكە یەكلا نەكاتەوە، جارێ ناڵێم تاوانبار، چونكە تۆمەتبار ئەستۆپاكە، ھەتا ئەو كاتەی تۆمەتەكەی بەسەردا ساغ دەبێتەوە و بریاری ئیدانەكردنی دەدرێت (المتهم بريء حتى تثبت إدانته)، كە ئەم ھەواڵە لە كەناڵێكی عەرەبیی عێراقی بڵاو بووەوە، تۆ چاوەڕێی ئەوە دەكەیت بزانیت ئەی ئنجا سەرۆكایەتیی كۆمار چی دەڵێت و چ ڕوونكردنەوەیەكی ھەیە؟ بەش بە حاڵی خۆم، چاوەڕێی ئەم ڕوونكردنەوەیەم لە سەرۆكایەتیی كۆمار دەكرد (بەڵێ چالاك سەباح عومەر كارمەندی ئێمەیە و بە تۆمەتی بەرتیلوەرگرتن دەستگیر كراوە، ئێمە وەك سەرۆكایەتیی كۆمار لەگەڵ جێبەجێكردنی یاساداین لە دادگاییكردنێكی ئاشكرا و دادگایەكی سەربەخۆ، سەرۆكایەتیی كۆمار وەك بەشێك لە دەسەڵاتی جێبەجێكردن، بە ھیچ جۆرێك دەست وەرناداتە كاروباری دادگاكان، چونكە ئەوان سەر بە جۆرێكی دیكە لە دەسەڵاتەكانی دەوڵەتن، ئەویش دەسەڵاتی دادوەرییە، بەڵام لەبەر ئەوەی تۆمەتبار كارمەندی ئێمەیە، سەركۆمار لە خەرجی و مووچەی خۆی پارێزەر بۆ تۆمەتبارەكەمان دەگرێت، بۆ ئەوەی لە ڕووی یاساییەوە و ئەوەندەی دەكرێت بەرگریی لێ بكات). كەچی:
سەرۆكایەتیی كۆمار لەسەر ئەم دەستگیركردنەی كارمەندەكەی خۆیان، ھاتووە و دەڵێت (ئەو كەسە خۆی پاسەوانە، بەڵام وەك سكرتێری سەركۆمار خۆی ناساندووە و لەسەر ئەو كارەش سەركۆمار دووری خستووەتەوە). جا بێزەحمەت ورد سەرنج لەو دێرەی ڕوونكردنەوەكەی سەرۆكایەتیی كۆمار بدەن و بزانن چالاكەكەی لای خۆیانی تووشی چی كردووە:
- كە سەرۆكایەتیی كۆمار دەڵێت ئەو كەسە خۆی پاسەوانە، بەڵام وەك سكرتێری سەركۆمار خۆی ناساندووە، ئائەمە خۆی لەخۆیدا و بێجگە لە تۆمەتی بەرتیلوەرگرتنەكە، تۆمەتێكی دیكەش بۆ تۆمەتبار، واتە كەیسێكی جیا لە كەیسی بەرتیل وەرگرتنەكە بۆ تۆمەتبار زیاد دەكات، ئەویش بریتییە لەو تاوانەی كە مادەی 456ی یاسای سزاكانی عێراق ژمارە 111ی ساڵی 1969 باسی جۆری تاوانەكە و سزاكەی كردووە، ئەمەش دەقی مادەكەیە بە عەرەبی و وەك خۆی:
مادة 456
1 - يعاقب بالحبس كل من توصل الى تسلم او نقل حيازة مال منقول مملوك للغير لنفسه او الى شخص آخر وذلك باحدى الوسائل التالية:
أ – باستعمال طرق احتيالية.
ب – باتخاذ اسم كاذب او صفة غير صحيحة او تقرير امر كاذب عن واقعة معينة متى كان من شأن ذلك خدع المجنى عليه وحمله على التسليم.
2 - ويعاقب بالعقوبة ذاتها كل من توصل باحدى الطرق السابقة الى حمل آخر على تسليم او نقل حيازة سند موجد لدين او تصرف في مال او ابراء او على أي سند آخر يمكن استعماله الثبات حقوق الملكية او أي حق عيني آخر. او توصل باحدى الطرق السابقة الى حمل آخر على توقيع مثل هذا السند او الغائه او اتلافه او تعديله.
- ئنجا، كە سەرۆكایەتیی كۆمار دەشڵێت تۆمەتباریان لەسەر ئەو كارە دوورخستووەتەوە، كەواتە ئەمە دانپیانانێكی فەرمیی سەركۆمارە بەوەی، كە فیعلەن تۆمەتبار بەرتیلی وەرگرتووە، چونكە دەڵێت لەسەر ئەو كارەی دووریان خستووەتەوە. جا ئایا شاھید لەمە فەرمیتر و بەھێزتر دژی چالاك سەباح عومەر دەست كێ دەكەوێت؟!