كوردی عربي ک.بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

پۆلیسی سوید لەسەر کوشتنی مۆمیکا پێنج کەسی دەستگیر کرد


میدیاکانی سوید ئه‌مڕۆ (پێنجشەممە 30ى 1ى 2025) ڕایانگەیاند، دوای کوشتنی سه‌لوان مۆمیکا كه‌ ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە لە شاری سۆدەرتالی باشووری ستۆکهۆڵم كوژراوه‌، پێنج کەس لەلایەن هێزە تایبەتەکانەوە دەستگیر کراون.

به‌پێی ڕۆژنامەی "Aftonbladet"، "مۆمیکا لەکاتی پەخشێکی ڕاستەوخۆدا لەسەر ئەپڵیکەیشنی تیک تۆک بەهۆی فیشەکەیەکەوە کوژراوە کە ڕاستەوخۆ بەر سەری کەوتووە، لەئێستادا پۆلیس لێکۆڵینەوە له‌ ڕووداوه‌كه‌ دەکات".

پۆلیسی سوید دووپاتی کردەوە کە لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ دیاریکردنی بارودۆخ و پاڵنەرەکانی تاوانەکە، بە بەشداریی دەزگای ئاسایشی سوید (ساپۆ) لە لێکۆڵینەوەکاندا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کە تەلەفزیۆنی سوید بڵاوی کردووەتەوە، ئێوارەی ڕۆژی (چوارشەممە 29ى 1ى 2025) لە ناوچەی Hovsjö له‌ شارى سۆدرتالیا، مۆمیکا لەناو شوقەیەکدا تەقەی لێکرا و گیانی لەدەست دا.

جێگای سەرنجە کە مۆمیکا لە ساڵی 2014 ـدا، پەیوەندی بە میلیشیای "لیواکانی بابلیون"ـەوە کردبوو پێش ئەوەی وازیان لێبهێنێت و "لیواکانی ڕوح الله عیسا بن مریەم" پێکبهێنێت، کە ئه‌ویش بەشێکە لە یەکێک لە میلیشیاکانی سەر بە حه‌شدی شه‌عبی.