لە سەردەمی ئێستادا، هەم لە ئاستی سیاسەتی نێودەوڵەتی/ جیهانی و هەم لە یاسای نێودەوڵەتیداچەمکێک پەیدابووە، کە ڕۆڵی گرنگی هەیە، ئەویش دیپلۆماسییەتی یاریکەر/ ئەکتەرە نا دەوڵەتییەکان (Diplomacy of Non-State Actors)ە. سەرهەڵدانی ئەو چەمکەش ڕاستەوخۆ گرێدراو و پەیوەستە بۆ ئەو ڕاستییەی، کە ڕۆڵی ئەو ئەکتەرانە لەپەنای دەوڵەتەکاندا (کە تا ئێستاش وەک ئەکتەری سەرەکی لە سیاسەتی نێودەوڵەتییدا ڕۆڵ دەگێڕن)، زیادی کردووە.
ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان وەک چوارچێوەیەکی نێودەوڵەتی بەدوای ئەوەوەن، کە ئەو کاراکتەرە نادەوڵەتییانە وەک ئەکتەری کاریگەر پەسەند بکەن، شان بەشانی ئەم هەوڵانەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش، ئەو یاریکەرانە خەریکن کاریگەری و شوێنگەی خۆیان لە سیاسەتی نێودەوڵەتییدا دەدۆزنەوە و زیاتر وەک فاکتەری کاریگەر خۆیان پیشان دەدەن.
زۆر فاکتەر هەن وایان کردووە، ئەم ڕۆڵەی ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان بەرفراوانترن ببێ، بەڵام یەکێک لە گرنگترین هۆکار، کە لە بەرژەوەندیی زیادبوونی ئەو ڕۆڵە دێتە ئاراوە، دەگەڕێتەوە بۆ چەمکێکی دیكە بە ناوی ناتەواویی ڕەوایی لە دەوڵەتداریی نێودەوڵەتیدا Legitimacy Deficit in Global Governance . لەڕاستیدا هەندێک لە شارەزا و پسپۆڕان پێیان وایە، کە زیادبوونی ڕۆڵی ئەو ئەکتەرانە دەبێتە هۆی ئەوەی دەوڵەتداریی نێودەوڵەتی ڕەواتر ببێت.
دیارە ئەم چەمکانە هەمووی لە ئاراستەیەکی هزرییەوە سەرچاوە دەگرن، کە جیهانی نێودەوڵەتی وەکوو کۆمەڵگایەک دەبینن، کە خاوەنی دامەزراوەی خۆیەتی. بۆ نموونە، یەکێک لە گرنگترین ڕێکخراوەکانی ئەو کۆمەڵگایە، کە هەڵگری ڕۆڵی دەوڵەتداریی جیهانییە، ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانە، کە لەدوای دووەم جەنگی جیهانییەوە دامەزراوە. لەم چوارچێوەیەشدا، هەندێک لە هزرمەند و شارەزایان پێیان وایە، لە سیستەمی جیهانی/نێودەوڵەتییدا بەهۆی ئەوەی، کە ڕۆڵی بڕیاردان تەنیا لە دەست هەندێک ئەکتەری تایبەتدا کۆبووەتەوە، کە ئەوانیش دەوڵەتەکانن، یان دەوڵەتە زلهێزەکانن، ئەو سیستەمە بەتەواوەتی دیموکراسی نییە، ئەمەش وای کردووە، بە جۆرێک لە جۆرەکان سیستەمەکە بەرەو ڕووی ناتەواویی ڕەوایەتی ببێتەوە. ئەم پرسە زۆرجار لەلایەن خودی ئەو دەوڵەتانەشەوە وەک ڕەخنە بەدی دەکرێت، کە بەشی سەرەکی و بڕیاردەری گرنگی سیستەمەکەن.
لەم ڕوانگەیەوە، کراوەترین چوارچێوەی فیکری، نەزمی لیبراڵیی ئەمڕۆیە، کە دەتوانین لە هەناویدا شوێنێک بۆ نەتەوە بندەستەکان (ئەو نەتەوانەی تا ئێستا بە هەر هۆکارێکەوە بێت نەتوانراوە بگەن بە مافە ڕەوا باڵاکانیان، کە دەوڵەتە) بدۆزینەوە، کە بتوانن فاکتەری یارمەتیدەری هەبوونی ئەوان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا دەستەبەر بکەن، بەڵام ئەم ڕوانگەیە لەبەر دوو فاکتەر بەرەو ڕووی دژبەرییەکی ناوەکی دەبنەوە، کە ڕۆڵی نەتەوە بندەستەکان لەبەرچاو ناگرێت و پەراوێزیان دەخات.
بەر لە هەر شتێک پێشمەرجی ئەم ئاراستە فیکرییە ئەوەیە، کە جیهانی ئێستا بە کۆمەڵگایەک لە ئەکتەری بەرامبەر و هاوئاست دەزانێت و ئەو ئەکتەرانەش بریتیین لە خودی دەوڵەتەکان. ئەمە لەکاتێکدایە، کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هێشتا مەودایەکی زۆری لەگەڵ چەمکی کۆمەڵگادا هەیە و ئەو دامەزراوانەش، کە لەوێدا بەدی دەکرێن، بە هیچ شێوە ناتوانن نزیک بەو دامەزراوانە بن، کە کۆمەڵگایەکی ئاسایی هەیەتی. فاکتەری دووەم ئەوەیە، کە جیاوازییەکی قووڵ و گەورە بەدی دەکرێت لەنێوان نەتەوەی بێ دەوڵەت (ئەو نەتەوانەن، کە خاوەنی دەوڵەتی خۆیان نین، بەڵام بەتەواوی بندەست نین)، لەگەڵ نەتەوەی بندەست (ئەو نەتەوانەن، کە لەلایەن نەتەوەی سەردەست دەچەوسێنرێنەوە و بە هەموو شێوە و ئامرازێک هەوڵی توانەوەیان دەدرێت لە چوارچێوەی نەتەوەی سەردەست).
لە نەتەوەی بێ دەوڵەتدا ئەگەرچی نوێنەرایەتیی سیاسی بە شیوازێکی تەواو نایەتە دی، بەڵام تا ڕادەیەک (پێوەندیی بە شێوازی حکوومەتەوە هەیە)، ئەو نەتەوەیە دەتوانێت لە هەندێ میکانیزم و دامەزراوەی سیاسی بۆ نوێنەرایەتیکردنی سیاسیی خۆی کەڵک وەربگرێت، (هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەوڵەتی فیدراڵبی عێراقدا دەکەوێتە ئەم خانەیە). ئەمە لەحاڵێکدایە، کە نەتەوەی بندەست نەتەنیا بە هیچ شێوە خاوەنی نوێنەرایەتیی سیاسی نییە، بەڵکوو بە شێوەی سیستەماتیک و بنەڕەتی پێشی لێ دەگیردرێت، کە لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ناوخۆییدا نوێنەرایەتی بکرێت. ئەو نەزمە/ ئۆردەرە لیبڕاڵەش، کە دەوڵەتداریی نێودەوڵەتی ئایدیاکانی لەسەر ئەو دامەزراون، بەتەواوەتی یاریدەری ئەو سەرکوتە سیستەماتیکەیە.