كوردی عربي ک.بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
ئەسرین عاسی شوانی 28/01/2025

ئێوە بوون بەغداتان پێ چارەسەر بوو

جگە لە قەیرانی گەورەی دابەزینی نرخی نەوت و ڕۆژگاری شەڕی داعش، ئیتر تا حکوومەتی هەرێمی كوردستان نەوتی هەناردە دەکرد، هیچ کێشەیەکی مووچە نەبوو، مانگانە مامۆستایان و سەرجەم فەرمانبەران گیرفانیان گەرم دەبووەوە، بەڵام لەو کاتەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان وەستێنراوە، بەرپرسیارێتێی مووچە کەوتووەتە ئەستۆی حکوومەتی ناوەند لە بەغدا، بە ئارەزووی خۆی یاری بە قووت و نانی خەڵک دەکات، بەڵام دەبێ لەو زماندرێژانە بپرسین، کە سەری زمان و بنی زمانیان ئەوە بوو، گوایە چارەی مووچە لە بەغدایە و وایان دەردەبڕی، هەر کاتێ هەرێمی كوردستان نەوت ڕادەستی بەغدا بکات، ئیتر مووچەباران دەکرێین و کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان کۆتایی دێت و شامی شەریف پاڵی لێ دەدەینەوە، بۆیە لە بانگهێشتکەرە چڵکاوخۆرەکان دەپرسین، کوانێ ئەو هاش و هووش و درۆ و بانگهێشە بەتاڵانەتان؟
ئەی هەر ئێوە نەبوون پێتان وابوو حکوومەتی ناوەند کێشەی مووچە ناهێڵێت و وڵات بەیەکجاری ئەبووژێنێتەوە؟
هەر ئێوە نەبون دادگاکانتان پڕ کردبوو لە دژایەتیکردنی هەرێمەکەی خۆتان و بوختانتان بۆی دەکرد؟
بۆیە هەق وایە مامۆستایانی ناڕازی لەجیاتی بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن، ناڕەزایەتیەکانیان ببەنە بەردەم ئەو جاشولکانەی، کە پێیان وابوو بەغدا چارەسەرە و کێشەی مووچە و شایستەکانیان چارەسەر دەکات، هەق وایە خۆپیشاندانیان بۆ ڕیسواکردنی ئەوانە بێت، کە بەغدایان پێ فریادڕەس بوو، پێیان وابوو ناوەند دۆستە و هەرێم دوژمن، بۆیە هەق وایە مامۆستایانی ناڕازی ڕێچکەی خۆپیشاندانەکانیان ڕووبەڕووی ئەوانە بکەنەوە، کەوا داوای ڕادەستکردنی نەوتیان دەکرد تاوەكوو مووچەتان بۆ دابین بکەن، بەڵام وا دەرنەچوو، ئێستا لەگەڵ درۆکانیان چوونەتە قاوغی شەرمەزاریی خۆیان و سڕ بوونە، لەگەڵ ئەوەشدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەندین شاندی ناردووەتە بەغدا، بۆ دابینکردنی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی کوردستان، حكوومەت خەمی گەورەی فەرمانبەرانی لەکۆڵ ناوە و چەندین جار و بە چەندین شاندی دانوستانکار بە سەرۆکی حکوومەتیشەوە، لە خەمی بێ مووچەیی ڕێگای بەغدایان گرتووەتە بەر، ئەوانەیشی بنی زمان و سەری زمانیان بەغدا بوو، لە قاوغەکەیان خۆیان مت بوونە و بەغدای فریادڕەسیشیان مێشێک مێوانی نییە.