بەپێی ڕاپۆرتێكی پزیكشیی ڕۆژنامەی (تایمز ئۆف ئیندیا) هێواشخواردن چەندین سوودی تەندروستیی هەیە، كە لە چەند خاڵێكدا خراوەتە ڕوو:
باشتركردنی هەرس
هێواشخواردن، دەبێتە هۆی باشتر شیكردنەوەی خۆراك، ئەوەش دەبێتە هۆی باشتر هەرسكردنی خواردن لە كۆئەندامی هەرسدا. چونكە ڕژێنەكان باشتر دەڕژێن و گرفتی كەمتر بۆ سیستەمی هەرس دروست دەكات.
هەستكردن بە تێری
هێواشخواردن وا دەكات كاتێكی زیاتر لەسەر نان بەسەر ببەین و ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی زیاتر هەست بە تێربوون بكرێ. بەپێچەوانەی زۆر خواردن، كە لە كاتێكی كەمدا دەبێتە هۆی زۆرخۆری و كەمتر بەخشینی هەستی تێربوون.
خواردن بە هۆشیارییەوە
كاتێك خواردن بە هێواشی دەخۆین، دەزانین چی و چۆن دەخۆین. ئەمەش وا دەكات باشتر هەست بە تامەكان بكەین، چونكە تەنیا كاتێك خواردن تام دەكرێت، كە زیاتر لە دەمدا دەمێنێتەوە.
دابەزاندنی دڵەڕاوكێ
هۆكارێكە بۆ ئەوەی سەرنج بخرێتە سەر خواردنەكە و كەشێكی تایبەت بە خوانەكە دروست ببێت، ئەوەش وا دەكات دڵەڕاوكێ كەم بێتەوە و مرۆڤ هەست بە ئاسوودەییی زیاتر بكات.
ڕزگاربوون لە زۆرخۆری
كاتێك بەپەلە نان دەخۆین، دەبێتە هۆی ئەوەی بڕێكی زیاتر خواردن بخۆین، بەڵام هێواش خواردن دەبێتە هۆی كەمخۆری و لەش هەست بەوە دەكات چەندەی پێویستە بۆ تێربوون. ئەمەش وا دەكات كاتی تر كەمتر پێویستمان بە خواردنی زیاتر هەبێ.
باشتركردنی كۆنترۆڵكردنی كێش
توێژینەوەكان جەخت لەوە دەكەنەوە، ئەوانەی بە هێواشی خواردن دەخۆن، كێشیان زیاتر پارێزراوە. ئەوەش بە ڕێگەی بەهێزكردنی هەرس و كەمكردنەوەی وزە و زیادبوونی ڕەزامەندیی لەش بە خواردن. بۆیە لە درێژخایەندا خواردن بە هێواشی ڕۆڵی هەیە لە ڕێگری لە قەڵەوبوون.