جه‌مال مورتكه، فه‌رمانده‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، له چاوپێكه‌وانێكدا له‌گه‌ڵ (باس‌نیوز)، باس له ده‌ستپێشخه‌ریی سه‌رۆك بارزانی ده‌كات بۆ رۆژئاوای كوردستان و ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر ده‌یانه‌وێت داهاتوویان دیار بێت و چاره‌نووسیان له داهاتووی سووریادا باش بێت، گرنگە ئامۆژگاریی سه‌رۆك بارزانی وه‌ك خۆی جێبه‌جێ بكه‌ن و دوور بكه‌ونه‌وه له په‌كه‌كه و هەر کاریگەرییەکی دەرەکی."
(باس‌نیوز): رۆڵی سه‌رۆك بارزانی له پرۆسه‌ی پاراستنی كۆبانێ له كه‌وتن چۆن بوو؟ چ میكانیزمێك گیرایه به‌ر بۆ پاراستنی كۆبانێ؟
جه‌مال مورتكه: له‌سه‌ر داوای سه‌رۆك بارزانی، په‌رله‌مانی كوردستان بڕیاری دا به چوونی هێزی پێشمه‌رگه بۆ پاراستنی كۆبانێ و پاراستنی له كه‌وتن، ئه‌وكات سه‌رۆك بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بوو، توانیی به ناردنی هێزێكی پێشمه‌رگه‌ی تۆكمه فریای كۆبانێ بكه‌وێت. ئه‌و مێژووه هی یه‌كه‌م جار نییه وه‌ك شۆڕشی كورد، به‌تایبه‌ت وه‌ك پارتی، ئه‌گه‌ر سه‌یری بكه‌ین، له قۆناغی پێشووتردا له كۆماری كوردستان له مەهاباد له ساڵی 1945ه‌وه سه‌رۆك مستەفا بارزانیی نه‌مر چوو بۆ هاوکاریی شۆڕش و كۆماری كوردستان له مەهاباد و به‌رگریی باش كرا و له زۆر قۆناغی دیكه‌ش سه‌ركه‌وتن هه‌بوو. ئه‌و كاته‌ش، كه شه‌ڕ له كۆبانێ هه‌بوو، له باشووری كوردستان به درێژیایی 1500 كیلۆمه‌تر شه‌ڕ به‌رده‌وام بوو، وێڕای ئه‌وه‌ش، وه‌ك هه‌ستكردن به به‌رپرسیاره‌تی و خۆبه‌خاوه‌ن زانینی دۆزه‌كه، سه‌رۆك بارزانی فه‌رمانی كرد له په‌رله‌مانه‌وه ڕەزامەندیی چوونی هێزی پێشمه‌رگه بكرێت. خاڵێك لێره زۆر گرنگه، ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو، كه هێزی پێشمه‌رگه به خاكی توركیادا بڕوات بۆ كۆبانێ، ئه‌مه هه‌نگاوێكی زۆر گرنگ بوو له رووی دیپلۆماسی، كه تۆ بتوانی بڕوا به توركیا بهێنێت، كه ره‌زامه‌ند بێت به چوونی ئه‌و هێزه به خاكه‌كه‌ی و به چوونی ئه‌و هێزه قۆناغه‌كه گۆڕا، پێشووتر هێرش له دوای هێرش ده‌كرایه سه‌ر كۆبانێ، له ماوه‌ی چه‌ند مانگێكدا توانرا پارێزگاری له كۆبانێ بكرێت و گۆڕانكاریی جۆریی كرا و ته‌بایی و به‌رپرسیاریه‌تیی گه‌وره هاته ئاراوه، به گشتی ئه‌و تارماییه‌ی داعش دروستی كردبوو، كه هه‌ر ناوچه‌یه‌ك رووی تێبكات ده‌توانێت هەژموونی خۆی تێدا بسه‌پێنێت، به‌ڵام به چوونی پێشمه‌رگه بۆ كۆبانێ، دیدگای كوردایه‌تی هاته پێشه‌وه کۆبانی ئازاد کرا، ئه‌مڕۆش هه‌مان دیدگا پێوسته.
(باس‌نیوز): ئێستا لایه‌نه‌كان ده‌توانن ئه‌و دیدگایە ببینن و بگه‌ڕێنه‌وه بۆی، به‌تایبه‌ت دوای ده‌ستپێشخه‌ریی سه‌رۆك بارزانی بۆ رۆژئاوای كوردستان؟
جه‌مال مورتكه: دیداری سه‌رۆك بارزانی له‌گه‌ڵ مه‌زڵووم عه‌بدی، بەڵگەیە لەسەر ئە‌وه‌ی، كه پێویسته له‌م قۆناغەدا كوردایه‌تی بكه‌ین و بیر له داهاتووی نه‌ته‌وه‌كه‌مان بكه‌ینه‌وه و دوور بكه‌وینه‌وه له ئه‌جێندای لابه‌لا. مێژووی نه‌كه‌وتنی كۆبانێ و فریاكه‌وتنی كۆبانێ مێژوویه‌كه ده‌مێنێته‌وه و دەبێ وانەی ته‌بایی و برایه‌تی له‌م بابەتە وەربگرین. له‌م قۆناغه هه‌ستیاره‌ی ئێستا له سووریا و ناوچه‌كه‌دا هەیە، كورد پێویستیی به‌وه‌یه كه رۆحیەتی چوونی پێشمه‌رگه بۆ كۆبانێ دووباره بكاته‌وه و واز له ئایدۆلۆژیای حزبی بهێنێت.
(باس‌نیوز): سه‌رۆك بارزانی ئامۆژگاریی مه‌زڵووم عه‌بدی و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی رۆژئاوای كردووه، كه یه‌كگرتوو بن و پشودرێژ بن و هه‌وڵ بده‌ن ناكۆكی وه‌لاوه بنێنن، پێتوایە بۆ ئەم مەبەستە پێویستە چی بكرێ؟
جه‌مال مورتكه: ده‌ستپێشخه‌ری و ئامۆژگاریی سه‌رۆك بارزانی گوزارشتە له ئه‌زموونی نیو سه‌ده لە خه‌بات، چونكە لەو نیو سەدەیەدا زۆر ڕووداو به‌سه‌ر ناوچه‌كەدا هاتووه. ئه‌وه‌ی ئێستا له رۆژئاوای كوردستان هاتووه‌ته پێشه‌وه، باشترین ده‌رفه‌ته و ده‌بێت كورد بیر له ته‌بایی بكاته‌وه و هەڵەیە به عه‌قڵیه‌تی توندڕه‌وی و تاكڕه‌وانه بیه‌وێت حوكم بكات و ده‌سه‌ڵات وه‌ربگرێت، چونكه ركابه‌رانی ئێمه به‌هێزن و لێمان له‌سه‌نگه‌ردان، به هه‌موو شێوه‌یه‌ك ده‌یانه‌وێت له‌ت له‌تمان بكه‌ن و دووبه‌ره‌كیمان بخه‌نه ناوه‌وه. بۆیه ئه‌وه‌ی رابردوو كه هه‌ندێك لایه‌ن له رۆژئاوای كوردستان ده‌یانكرد له دژی حزبه‌كانی دیكه، ئه‌مه ده‌بێت بگۆڕێت و ته‌بایی دروست بكرێت و به‌ره‌یه‌كی یه‌كگرتوو دروست بكرێت. ئه‌مه مێژوویه‌كی گه‌وره‌یه، كه خۆمان له ناوخۆدا رێك بین، له دابه‌شكردنی كوردستان له دوای یەكەمین جه‌نگی جیهانی لە 1914 تا 1918، كه په‌یمانی سایكس بیكۆیه و به‌پێی په‌یمانی سیڤه‌ریش لە 1920، به‌هۆی به‌ندی 62 و 63 و 64 ده‌بوو ئێمه ببینه خاوه‌نی ده‌وڵه‌ت، به‌ڵام له‌ده‌ست درا، هه‌م خۆمان هۆكار بووین و هه‌م دوژمنانمان، ئه‌مه بووه ده‌رس و وانه‌یه‌ك بۆمان، به‌وه‌ی ده‌رفه‌ت له‌ده‌ست نه‌ده‌ین، به ئامۆژگاریی سه‌رۆك بارزانی بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ده‌ستكردنه ملی یه‌كتری و ئاشته‌وایی، ئامۆژگاریی سه‌رۆك بارزانی به‌هه‌ند وه‌ربگرین، چونكه نیو سه‌ده له هه‌ڵكشان و داكشانی سیاسی و شۆڕش و خه‌بات وای كردووه، كه سه‌رۆك بارزانی بزانێت چۆن ئامۆژگاری بكات و كەی ئەو ئامۆژگارییە بكات.
(باس‌نیوز): سه‌رۆك بارزانی له چاوپێكه‌وتنی لەگەڵ كه‌ناڵی (شه‌مس)دا ده‌ڵێت: ”داوام له عه‌بدی كرد، كه خۆیان دوور بگرن لە کاریگەریی لایەنی دەرەکی" هەروەها داوای كرد كە پەكەكە دەست لە شەڕكردن هەڵبگرێ، پێتوایە بەبێ رەچاوكردنی ئەم ئامۆژگارییانە، هەم رۆژئاوای كوردستان و هەم پەكەكە دەرفەتی دەربازبوونیان لەم دۆخە سەختە هەبێت؟
جه‌مال مورتكه: كاره‌ساته‌كه ئه‌وه‌یه، من له ساڵی 1984ه‌وه په‌كه‌كه ده‌ناسم، عه‌قڵیه‌تێكی تاكڕه‌وانه‌یان هه‌یه، كه هه‌رچیی حزبی دیكه هه‌یه واده‌بینن، كه ده‌بێت له‌ژێر هەژموون و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌واندا بن، ئه‌و قۆناغه تێپه‌ڕیوه و ئه‌م بیرۆكه‌یه له دووەم جه‌نگی جیهانی كۆتایی هاتووه، ئێستا قۆناغی ته‌بایی و یه‌كڕیزیی نیشتمانییه و ئێمه له كۆی ئه‌و گۆڕانكارییانه ده‌بێت هێڵێكی سووری نه‌ته‌وه‌یی بۆ خۆمان دیاری بكه‌ین، له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی هه‌موو شتێك له‌ناو یه‌كتری و بۆ سه‌ركه‌وتنی گه‌له‌كه‌مان قەبووڵ بكه‌ین، تا گه‌له‌كه‌مان زیاتر تووشی سه‌رگه‌ردانی نه‌بێت، چونكه هێشتا نه‌گه‌یشتوون به ئاواتی خۆمان، ئه‌ویش دروستبوونی ده‌وڵه‌ته، بەهۆی ناكۆكیی ناوخۆیی و دوژمنانی ده‌ره‌كی، ئه‌وه‌ش ده‌ره‌نجامی ناكۆكیی ناوخۆییە، كه تا ئێستا به‌سه‌رماندا زاڵه، له رووداوه‌كانی شه‌ڕی چاڵدێرانیشه‌وه تا ئێستا ئه‌گه‌ر خۆمان دەستوەردانی ئه‌ملا و ئه‌ولامان نه‌كردبایه، نه‌ده‌بووینه دوو پارچه، دواتر چوار پارچه، ئه‌گه‌ر وانه‌كه‌ین ده‌بینه شه‌ش پارچه، بۆیه ده‌بێت ده‌ستپێشخه‌ریی سه‌رۆك بارزانی به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت و هەم رۆژئاوای كوردستان لە پەكەكە دوور بكەوێتەوە، هەم پەكەكە واز لە شەڕ و توندوتیژی بهێنێت.
(باس‌نیوز): پێتوایە كە مه‌ترسی هه‌یه رۆژئاوای كوردستان هه‌ر به‌رده‌وام بێت و رێگا بدات په‌كه‌كه سیاسه‌تی خۆی به‌سه‌ریاندا زاڵ بكات؟
جه‌مال مورتكه: په‌كه‌كه له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی به تیرۆر ناسێنراوه و ئەگەر بەم جۆرەش بەردەوام بێت، لەوانەیە ئیداره‌ی رۆژئاوای كوردستان بكەوێتە لیستی ره‌شه‌وه و له‌و حاڵه‌ته‌دا ناحه‌زانی كوردستان سه‌رده‌كه‌ون، كه‌واته ده‌بێت ئه‌وه كۆتایی بێت و په‌كه‌كه بچێته‌وه سنووری خۆی و واز له باشوور و رۆژئاوای كوردستان بهێنێت. ناكرێت به عه‌قڵیه‌تی تاكڕە‌وانه حوكم بكه‌یت، ئه‌وه تێپه‌ڕی، كه ئەو بۆچوونە هەشبووه به مردوویی له‌دایك بووه، من له ساڵی 1984 به سه‌ركردایه‌تیی ئەوانم گوتووه، ئه‌وه به‌سه‌ر چووه.
(باس‌نیوز): پێتوایە باشترین كار كە كوردانی رۆژئاوای كوردستان بیكەن، چییە؟
جه‌مال مورتكه: سه‌رۆك بارزانی هه‌میشه له خه‌می رۆژئاوای كوردستاندا بووه و له ساڵی 1996 چووه قامشلۆ، له‌وێ په‌یامی كوردانه‌ی هه‌بووه، ئێستاش به‌هه‌مان شێوه‌یه و په‌یامم بۆ خه‌ڵكی رۆژئاوا ئه‌وه‌یه، كه ئێمه زۆر شەڕمان له باشووری كوردستان و شه‌ڕی ناوخۆییشیمان هه‌بوو، نه‌مانتوانی سوود لە شەڕ وه‌ربگرین، ته‌نیا له‌وه سوود وه‌رده‌گرین كە لە ناوخۆی خۆمان یەكڕیز بین. قۆناغی هه‌شتا‌كان چ ماڵوێرانیمان دروست كرد،