ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ی 1ی 2025، لە سێیەم ڕۆژی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، چەندین دیداری گرنگی هەبوو و لەسەر چەندین تەوەر گفتوگۆ كرا.
لە دیداری یەكەمدا لەگەڵ ئەسعەد ئەلشەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کۆ بووەوە، تێیدا دۆخی گشتیی سووریا و پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ کرا.
وەزیری دەرەوەی سووریا ئاماژەی بەوە دا کورد خوشک و برایانن و پێکهاتەیەکی گرنگ و ڕەسەنی سووریان، گوتیشی:"دڵنیایی دەدەین کە مافەکانیان پارێزراو دەبێت."
وەزیری دەرەوەی سووریا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بانگهێشتی دیمەشق کرد و گوتی: "هیوادارین لە ئاییندەیەکی نزیکدا لە شام بتبینین."
لە دیدارێكی دیكەدا، مەسرور بارزانی لەگەڵ جان نۆوێل بارۆ، وەزیری ئەورووپا و کاروباری دەرەوەی فەڕەنسا کۆ بووەوە، تێیدا سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە پەیوەندیی دۆستانەی نێوان فەڕەنسا و هەرێمی کوردستان کرد، سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامی حکوومەت و گەلی فەڕەنسای لە گەلی کوردستان کرد.
لە کۆبوونەوەدا، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەنديی دوولایەنە و سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ کرا.
لە دیداری سێیەمدا، مەسرور بارزانی لەگەڵ ئەندرێ پلێنکۆڤیچ، سەرۆکوەزیرانی کرواتیا کۆ بووەوە. لە دیدارەکەدا کە گۆردان رادمان، وەزیری دەرەوەی کرواتیا ئامادەی بوو، برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە و دوایین گۆڕانکاری و دۆخی گشتیی عێراق و ناوچە تاوتوێ کرا.
هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کرواتیا، بە تایبەتی لە بوارەکانی ئابووری و وەبەرهێناندا.
جێی باسە ئەم دیدارانە لە میانی كۆبوونەوە و دیدارەكانی سێیەم ڕۆژی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس بەڕێوە چوون، كە تێیاندا باس لە پرسە هاوبەشە سیاسی و ئابووری و بازرگانییەكانی هەرێمی كوردستان و ناوچەكە كران.