كوردی عربي ک.بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
مەرد عەلی خاڵە 23/01/2025

داڤۆس 2025... وەرچەرخانی هەرێمی کوردستان لە ئاستی جیهانیدا

هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی ئابووریی داڤۆسی 2025، بە سەرکردایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی كوردستان، وەک کیانێکی گرنگ و سەربەخۆ دەرکەوت، کە توانای مامەڵەکردن و کاریگەری لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هەیە. ئەم بەشدارییە دەرخەری ئیرادەی سیاسی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بوو، بۆ دەرچوون لە چوارچێوەی چاوەڕوانی و پەراوێزخستن و گەیشتن بە ئاستێک، کە بتوانێت لە ڕەوتی گۆڕانکارییە جیهانییەکان کاریگەر بێت.

سەرەڕای ئاستەنگە بەردەوامەکانی پەیوەندیدار بە بودجە و مافە دەستوورییەکان لە چوارچێوەی عێراقدا، هەرێمی کوردستان سەلماندی، کە توانای گونجان و بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی هەیە. لە کۆنفرانسی داڤۆسدا، هەرێمی كوردستان سەرنجی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی نێودەوڵەتی ڕاکێشا بۆ دەرفەتە ئابوورییەکان، بەتایبەت لە بوارەکانی وزە، کشتوکاڵ، گەشتوگوزار و تەکنەلۆژیا. ئامانجی سەرەکیی ئەم بەشدارییە، دروستکردنی پردی پەیوەندی، بەهێزکردنی دیپلۆماسیی ئابووری، پیشاندانی توانا و لێهاتوویی هەرێمی کوردستان وەک ناوچەیەکی سەقامگیر و بەهێز بوو.
بەشداریی لە داڤۆس، دەرخەری ستراتیژیەتێکی نوێی هەرێمی کوردستان بوو، کە تێیدا سەربەخۆیی ئابووری، پەرەپێدانی زێدەخوازانەی ژێرخان و کارکردن بۆ دابینکردنی داهاتوویەکی گەشەپێدراو بۆ هاووڵاتییان لەسەروو هەموو بایەخەکانەوەیە.
هەرێمی كوردستان پیشانی دا، کە ئیدی ناتوانرێت وەک ناوچەیەکی لاواز و پشتگوێخراو سەیری بکرێت، بەڵکوو قەوارەیەکی خاوەن پڕۆژە و ئیرادەی گەشەکردنی بەردەوامە.