ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی كردووەتەوە، كۆشكی سپی ڕایگەیاندووە: سەرۆكی نوێی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ واژووی لەسەر بڕیارێك كردووە كە حووسییەكانی یەمەن دەخاتە لیستی تیرۆرەوە و بە ڕێكخراوی تیرۆریستییان دادەنێ.
ئەوەشی ڕاگەیاندووە: چالاكیی حووسییەكانی یەمەن هەڕەشە لە ئاسایشی مەدەنی و فەرمانبەرانی ئەمریكی دەكەن، هاوكات لەسەر هاوبەشەكانمان لە ناوچەكەدا هەڕەشەن و كێشە بۆ سەقامگیریی بازرگانیی دەریایی دروست دەكەن.
هاوكات ئەوەش ڕاگەیەندراوە، ئەمریكا لەگەڵ هاوبەشەكانی لە ناوچەكەدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تواناكانی حووسییەكان كار دەكەن و سەرچاوەكانیان وشك دەكەن. بۆیە ئیدارەی نوێی ئەمریكا سزای توندتر لەوەی بایدن خستبوویە سەر حووسییەكان، دەخاتە سەر ئەو گرووپە چەكدارە.
ئەمە لە كاتێكدایە كە ڕۆژانە گرووپە چەكدارە حووسییەكان لە دەریای سوور هێرش دەكەنە سەر كەشتیگەلە ئەمریكییەكان، چ ئەوانەی بۆ بازرگانی لە ناوچەكەدان، چ ئەوانەی هەڵگری فڕۆكە و چەكن.