كوردی عربي ک.بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

مونا قه‌هوه‌چی: دەستوور رێگەی بە ھەرێمی كوردستان داوە نەوتی خۆی بفرۆشێت

سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان لە خولی پێنجەم باس له‌ هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی كوردستان و ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ ده‌كات كه‌ ڕووبەڕووی كوردستان ده‌بێته‌وه‌ بۆ پرسی بودجه‌ و هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وت.

‎مونا قه‌هوه‌چی، بۆ (باسنیوز) گوتی: "لە سەرەتای پێکێهێنانی حكوومەتەكەی سودانی، بڕیار ‎وابوو کە لە ماوەی شەش مانگ یاسای نەوت و گاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەربچوێندرێت و کێشەکانی پەیوەست بە نەوت و گاز لە نێوان هەرێم و ناوەند چارەسەر بکرێت، بەڵام ئەوەشیان وەک چەندان رێكکەوتنی تر جێبەجێ نەکرا، هەروەک یاسای بودجەش کە رێكکەوتن و لێکتێگەیشتنی پێشوەختەی لەسەر کرابوو، کەچی هیچیان لە لایەن حکوومەتەکەی سوودانیەوە جێبەجێ نەکراوە.“
ڕوونیشی كردەوە: ”حكوومەتی ئێستای عێراق به رێكکەوتن و سازانی نێوان پێکهاتە سەرەکییەکانی عێراق دوای ماوەیەکی زۆر و ‌ پرۆسه‌يه‌كى درێژ و ئاڵۆزى سياسى و ناسه‌قا‌مگيريدا پێکهاتوە، نابێت رێگە بە هیچ لایەنێک بدرێت کۆی پرۆسەی سیاسیی عێراق بخاتە مەترسیەوە، کاتی ئەوە هاتووە کە حکوومەتی عێراق کار بە دەستووری هەمیشەیی بکات و رێککەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەکان بکاتە پێوەر بۆ راییکردنی کارەکانی و دادپەروەری و یەکسانی لە نێوان سەرجەم پێکهاتەکان بێنێتە کایەوە.“
مونا قەهوەچی جەختی كردەوە: ”رێكکەوتنی حکوومەتی عێراق لەگەڵ بەریتانیا بۆ جێبەجێکردنی هەڵسەنگاندنی توانای دووبارە پەرەپێدانی تەواوەتیی کێڵگە نەوتیەکانی کەرکووک، دژ بە مادە دستورییەکان و بەتایبەت مادەی 140ە کە تایبەتە بە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، کە ئەمە پێشێڵکردنێکی ئاشکرای دەستوورە، چونکە لەو ناوچانە بەپێی دەستوور دەبێت بە هاوبەشی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی كوردستان ئەو پرۆسەیە ئەنجام بدرێت، هەروەها بە گوێرەی یاسا، دەستوور رێگەی بە ھەرێمی كوردستان داوە نەوتی خۆی بفرۆشێت.“
ئەمە لە كاتێكدایە كە ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی 1ی 2025، گوتەبێژی فەرمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لێدوانێكی بڵاو كردەوە و تێیدا رای گەیاند: ”دوای چەندین کۆبوونەوە و هەوڵ و ماندووبوون بۆ ئەوەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە هەموار بکرێتەوە و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەست پێ بکاتەوە، هەرچەندە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمیشی بۆ کرا، بەڵام بەداخەوە لە کۆتا ساتەکاندا ، دەنگی لەسەر نەدرا.“
جەختیشی كردەوە: ”ئێمە تووشی سەرسوڕمان بووین بەوەی پێشنیارێک لەلایەن نوێنەری حکوومەتی فیدراڵ لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، تاکلایەنە و بەبێ ئەوەی ڕاوێژ لەگەڵ حکوومەتی هەرێم بکرێت، یان لە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵەوە دەنگی لەسەر درابێت بۆ ئەنجومەنی نوێنەران نێردراوە، كە ئەم پێشنیارە لە هەمانکاتدا دژی بڕیاری پێشووی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵیشە تایبەت بە هەموارکردنەوەی پرۆژەیاسای بودجە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.“
لە كۆتاییشدا ئەوەی راگەیاند كە ”ئەم هەوڵانە زیان بە هەموو عێراق دەگەیەنن و کێشەکان قووڵتر دەکەنەوە و خزمەت بە چارەسەرکردنی پرسەکان ناکات. بۆیە ئێمە ئەو هەوڵ و پێشنیارانە، بە هەموو شێوەیەک ڕەت دەکەینەوە و دژی دەوەستین. بەڵكوو دەبێت ئەو پێشنیارەی لەسەر ڕێککەوتووین، بخرێتە دەنگدانەوە.“