كوردی عربي ک.بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
جەمال عەبدوڵا 21/01/2025

كوردی ڕۆژئاوای كوردستان ساڵی 1947یان بیر چووە؟

ئێستا گەرمەی گفتوگۆ و دانوستانەكانی نێوان لایەنەكانی كوردی ڕۆژئاوای كوردستانە، لەناو ئەو گفتوگۆیانەدا، سەرۆك بارزانی بۆ لێكترنزیكبوونەوەیان ڕۆڵی سەركردەی گەلێك دەگێڕێت.

كاتێ سەیری وێنەی كۆبوونەوەكانی لایەنەكانی ڕۆژئاوای كوردستان دەكەم، دەزانم ھەندێكیان زۆر باش ئاگاداری مێژووی زوڵم و ستەمە نەتەوەییەكەن لە ڕۆژئاوای كوردستان، دڵنیاشم ئاگاداری ئەوەن، كە چۆن بە ناوی نیشتمانی سووریا و دروشمەكانی ئازادی و دادپەروەری و یەكسانی بۆ ھەموو ھاووڵاتییانی سووریا، كوردیان لە خشتە بردووە و ھەر لەژێر ئەو دروشمانەشدا ھەوڵیان داوە ھێز لە كورد بستێننەوە و دواتر ھەتا ڕادەی توانەوە كورد لەناو خۆیاندا بتوێننەوە.

مێژووی كوردایەتیی ڕۆژئاوای كوردستان وانە و عیبرەتی زۆری بۆ كورد تیایە، لەناو ئەو وانە و عیبرەتانەدا، ئەمەیانم بۆ ئەمڕۆ ھەڵبژاردووە:

ساڵی 1947، بە ئومێدی ئەوەی، كە زوڵم و زۆری لەسەر كورد نەھێڵرێت، بەشێك لە كەسایەتییە ناسراوەكانی كورد بەرەو حزبە سوورییە سەرتاسەرییەكان ڕۆیشتن، بۆ نموونە، حەسەن حاجۆ چووە ناو حزبی نیشتمانی، عەبدولباقی نیزامەدین چووە ناو پارتی گەل، بەڵام زۆرینەی كوردی ڕۆژئاوای كوردستان لە جزیرێ و كۆبانێ و قەزای كورد، كە دواتر ناوەكەیان گۆڕی بۆ عەفرین، چوونە ناو حزبی شیوعیی سووریا و وایان دەزانی بە وازھێنان لە كوردایەتی و ئامانجە نەتەوەییەكانی كورد و ئنجا بەرزكردنەوەی دروشمە نێونەتەوەییەكانی ماركسیزم و دروشمەكانی یەكێتیی سۆڤێتی ئەو سەردەمە، ئیتر ھەموو كێشە نەتەوەیی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەكانی كورد لەناو سووریایەكی سۆشیالیستیدا! چارەسەری ڕیشەیی بۆ دەكرێت.

ناوە دیارەكانی كورد لە ناو حزبی شیوعیی سووریا بریتی بوون لە خالید بەگداش و فەوزی زەعیم. خالید بەگداش خۆی سكرتێری حزبی شیوعیی سووریا بوو، كەچی ڕەتی دەكردەوە ھەڵوێستی فەرمیی ڕوون و ڕاشكاو لەسەر مەسەلەی ڕەوای كورد، وەك مەسەلەیەكی نەتەوەیی، لەناو بەرنامەی حزبی شیوعیدا دەرببڕێت. ڕۆژنامەیەكیان بە زمانی عەرەبی و بە ناوی (طريق الشعب) دەردەكرد، ئەوان ئامادە بوون ئەم ڕۆژنامەیە بە زمانی ئەرمەنی (جوغوفورتی تساین) دەربكەن، كەچی ئامادە نەبوون تەنانەت لە ناوچە كوردستانییەكانی وەك جزیرێ و عەفەرین، ئەم ڕۆژنامەیە بە زمانی كوردی دەربكەن. جا بزانە ئەوە سكرتێری حزبی شیوعیی سووریا، (كورد)یش بووە! ئەم باردودۆخە 10 ساڵ درێژەی كێشا، ھەتا لە ساڵی 1957 پارتی دیموكراتی كورد لە سووریا دادەمەزرێت و ئیتر بەشی ھەرەزۆری كوردەكانی ناو حزبی شیوعی واز لە حزبی شیوعی دێنن و دەچنە ناو پارتییەوە، چونكە ئامانج و ویست و داواكارییەكانی خۆیان لەناو بەرنامە و دروشمەكانی پارتی دیموكراتی كورد لە سووریا دەبینییەوە.

ئەم نموونەیەم بۆیە باس كرد، چونكە ھەر حزب و لایەنێكی سەرتاسەریی سووری، لەژێر ھەر ناو و بەرنامە و دروشمێكدا بێت و ھەرچەندە باسی برایەتی و یەكسانی و ھاووڵاتیبوون بۆ كورد بكات، ئەمە بۆ دەستخەرۆكردن و لەخشتەبردنە و ئەنجامەكەی بۆ كورد بێجگە لە زیان و مایەپووچبوونی كورد ھیچی دیكە نابێت، كوردبوون بەیەكەوە فریات دەكەوێت، نەك خۆتواندنەوە لەناو دروشمی ئوممەی دیموكراسی و سووریای نوێ بۆ ھەموومان!