كوردی عربي ک.بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
رێبوار حه‌مه‌لاو شوانی 20/01/2025

جموجۆڵە دیپلۆماسییەکانى مەسرور بارزانى چیمان پێدەڵێت؟

ئاشکرایە، رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بە کۆمەڵێک گۆڕانكاریی گەورە لە نەخشەى ناوچەکەدا گوزەر دەکات، لەو نێوەدا هەنگاوەکانى سەرکردایەتیی هەرێمى کوردستان، بەتایبەتیش مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکوومەتى هەرێمی کوردستان، چ لەسەر ئاستى ناوچەکە و نێودەوڵەتی لە دۆخێکى هەستیارى ئێستادا، بەتایبەت کە ئاستى پەیوەندییەکانی کوردستان و عێراق لە قۆناغێکى ئاڵۆزدایە، وەک فریادڕەسێک، بە ئەنجامدانى چەندین دیدار و کۆبوونەوە لەسەر ئاستى وڵاتانى عەرەبى و تورکیا و لە ئێستاشدا بەرەو بەشداریکردن لە 54ەمین کۆنفرانسى ئابوورى وبارزگانى و سیاسیی داڤۆس لە سویسڕا، ئاماژەن بە سەنگ و پێگەى بەهێزى هەرێمى کوردستان و گەلى کورد لەسەر ئاستى نێودەوڵەتیدا.

هاتنە سەر دەسەڵاتى دۆناڵد ترەمپ لەلایەک و لایەکى دیکەش رەوشى شڵەژاوى سووریا و ناوچەکە و گۆڕانکارییە خێراکان و پرسى کورد لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان و  رۆژئاواى کوردستان و باکووورى کوردستان، ئنجا دۆزینەوەى چارەسەر و پارێزگاریکردن لە پرسى کورد لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە و پارێزگاریکردنى لە پێگە و سەنگى کوردستان لە رووى ئابوورى و نێودەوڵەتیی و جووڵە دیپلۆماسییەکانى مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکوومەتى هەرێمی کوردستان، ئاماژەیەکى روون بە داهاتوویەکى گەش بۆ کوردستان دەكەن.

یەکەم، سەردان و بانگهێشت و دیدار و کۆبوونەوەى فەرمیی مەسرور بارزانى، سەرۆکوەزیرانى کوردستان لەگەڵ سەرکۆمارى تورکیا رەجەب تەیب ئەردوغان و هاکان فیدان وەزیرى دەرەوەى تورکیا.

دووم، دیدار و کۆبوونەوەى مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکوومەتى هەرێمی کوردستان لەگەڵ شا، جێنشینن و سەرۆک وەزیران و بەرپرسە باڵاکانی بەحرەین.

سێیەم، سەردانى ئیمارات  و دیدار و کۆبوونەوەى مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکوومەتى کوردستان، لەگەڵ شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکى دەوڵەتى ئیمارات.

چوارەم، سەردان و دیدار و کۆبوونەوەى فەرمیی مەسرور بارزانى، سەرۆکوەزیرانى کوردستان لەگەڵ شا عەبدوڵای شای ئوردن.

پێنجەم، بانگهێشتى فەرمى بۆ 54هەمین کۆڕبەندى ئابووریی جیهانى لە داڤۆس لە سویسڕا و سازدانى چەندین دیدار و کۆبوونەوەى فەرمى و گرنگ لەگەڵ سەرۆک و سەرکردە و وەزیرانى  وڵاتانى ناوچەکە و جیهان.

ئەمانەی سەرەوە هەموویان، ئاماژەیەکى روونن بۆ سەنگ و پێگەى هەرێمى کوردستان لە ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتیشدا كە ئەم ئاستەش لە سایەی سەركردایەتییەكی بەتوانا و لێهاتوو و خاوەن بڕیار و خۆڕاگرەوە وەدی هاتووە.

ئامانج و لەو دیدار و کۆبوونەوانە، تاوتوێکردنى هەموو ئەو پێشهات و گۆڕانکارییانەى ناوچەکە و عێراقن، کە هەرێمى کوردستان وەک ئەکتەرێکى کاریگەرى نادەوڵەتى رۆڵى گرنگ و بەرچاوی لە سەقامگیرى و مامەڵەکردن لەگەڵ رووداو و هاوکێشەکانى ناوچەکە و جیهان بینیوە و دەبینێت، بەتایبەتیش كۆڕبەندی ئابوورىی داڤۆس، کۆڕبەندێکە کە دەیان سەرکردە و گەورە بەرپرسانى وڵاتانى جیهان و بازرگانان و وەبەرهێنەران تێیدا بەشدار دەبن، هەرێمى کوردستانیش هاوشێوەى وڵاتانى جیهان  لەم کۆڕبەندەدا بەشدارە.

گومانی تێدا نییە كە مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکوومەتى هەرێمی کوردستان، بە هەنگاو و چالاکییە دیپلۆماسییەکانى بەردەوام خزمەتى پرسى گەلى كوردی کردووە، لە هەمان كاتیشدا لە نێو هاوکێشە نێودەوڵەتییەكاندا پێگە و قەوارەی هەرێمی كوردستانی پاراستووە، بۆیە، ئەم جووڵە دیپلۆماسییانەى مەسرور بارزانى، دەبێتە هۆى ئەوەى کوردستان و دۆزەکەى سەقامگیرتر بێت.

بەدڵنیاییەوە ، پێشهات و گۆڕانکارییەکانى ناوچەکە زۆر خێرا دەبن، بۆیە، چالاكییە دیپلۆماسییەکانى مەسرور بارزانى، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانى لەسەر ئاستى ناوچەیی و نێودەوڵەتی، نەک هەر کوردستان لە تەنگژە و ئاڵنگارییەکان دەپارێزێت کە ڕووبەڕووى دۆزى کورد دەبێتەوە، بەڵكوو بەرەو داهاتوویەکى گەشتریش هەرێمەكەمان ئاراستە دەكات.