كوردی عربي ک.بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
نەجمەدین محەمەد قەراجی 15/01/2025

ئێستا ئاڵا ئەسەدی خەمخۆری عێراقە

دیسان ئاڵا مەوتنى لە بارەى کەرکووکەوە قسەی كرد و سەرلەنوێ بەیانی جاشایەتیی خۆی بۆ دوژمنانی كوردستان كرد، هەرچەندە ئەوەی بە وردی لە خۆفرۆشان و خاکفرۆشان تێنەگەیشتبێت، زەحمەتە لەوە تێبگات كە بۆچی لە دۆخی ئێستادا كە كورد لە هەموو كوردستاندا جۆش و خرۆشی كوردانەیان بەرز بۆتەوە، كەچی جاشەكان زیاتر سەركزیی دەنوێنن!

پێدەچێت ئاڵا تاڵەبانی ئەم قسانەی كە لەم كاتەدا كردوویەتی، بۆ ئەوە بێت جاشایەتییە قێزەونەكەی بەرامبەر بە ئاغاكانی ئەپدەیت بكاتەوە، تاوەكوو خۆی بكات بە بابەت، هەر لەبەر ئەوەشە كە قسە لە دژی مافەكانی خەڵكی كوردستان دەكات لە كاتێكدا دەبوایە خۆی بە بەشێك لەو گەلە بزانیبایە!

رەنگە بەشێكتان گوێتان لە قسەكانی ئاڵا ئەسەدی نەبووبێ كە لە كەناڵێكی سەر بە میلیشیاكان گوتی، حكوومەتی هەرێمی كوردستان مافی ئەوەی نییە داوای ئەوە بكات كێڵگە نەوتییەكانی كەركووك و مووسڵ بە هاوبەشی بەڕێوە ببات! پرسیارەكە ئەوەیە، ئایا كەسێك كە خۆی بە كورد و كوردستانی بزانێت و لەسەر حیسابی خەڵكی كوردستان گەیشتبێتە پۆست و ئیمتیازاتی زۆر، چۆن لە ڕووی دێ قسەیەكی لەم شێوەیە بكات؟ بەڵام با ئەوەشمان لەبیر نەچێ كە جاشێكی وەك ئاڵا بۆیە شەرم بەو جۆرە قسانە نییە، چونكە ئەو خۆی بە كورد نازانێ و خۆی بە بەنی ئەسەدی دەزانێ!

مرۆڤ كاتێك بیر لەم جۆرە بەناو سیاسییانە دەكاتەوە، سەری لەوە دەسوڕمێ كە چۆن لەم سەردەمەدا كەسانی لەم جۆرە ماون كە لە كوردبوون داشۆران و بە ئاشكرا ڕێگەی جاشایەتییان هەڵبژاردووە و بوون بە بەكرێگیراوی فاشیزم و قودسەكەی مامی خۆیان بە تمەنی هەرزانی ئێرانی گۆڕیوەتەوە!

هەزاران حەیف كە پێش ئەوەی بیفرۆشن، بۆ ماوەی زیاتر لە سی ساڵ خەڵکی شۆڕشگێڕی کەرکوکیان بە دروشمی قودسی کوردستان فریو دا! كەچی هەر ئەو ئاڵایە خۆی، لە كاتێكدا هێشتا یەكێتییەكی عەیارە 24 بوو، كەچی پاش ئەوەی بوو بە پەرلەمانتار، بەپەلە رەچەڵەكی خۆی و تاڵەبانییەكانیشی بۆ ئەسەدی گۆڕی!

لەگەڵ ئەوەشدا، كوردەواری پەندێكی گرنگی هەیە كە دەڵێ (ڕێوی لە كونی خۆی هەڵگەڕێتەوە گەڕ دەبێت)! بەڵام پێدەچێت ئەمسالی ئەم ئەسەدییە بە گەڕیش هەر ئیشی خۆیان بكەن، بۆیە ئاڵا ئەسەدی پاش ئەوەی لە پەرلەمانتاریش نەما، ئێستا ڕووقاییمانەتر جاشایەتی دەكا و بووە بە خەمخۆری عێراق!

ڕووی قسەم لە خەڵكی كوردستان دەكەم و دەڵێم، ئاڵا ئەسەدی و هاوشێوەكانی هەرچی بڵێن و هەرچەندە بەیانی جاشایەتیی خۆیان بكەن، ڕەخنەیان لێ مەگرن، چونكە مرۆڤ كە بوو بە جاش، چاوەڕێی هیچی باشی بەرامبەر بە وڵاتی خۆی لێ ناكرێ، هەر بۆیە شێخ سەعید پیران دەڵێ: ”زۆر لەوانە مەکەن كە نیشتمانیان ناوێت، کەس ناتوانێ بەزۆر شەرەف بە کەسی بـێ شــــــەرەف بدات!) لەوە دڵنیابن كوردستان گەورەیە و بە دوژمنی زۆر دڕندە زیانی بەر نەكەوتووە، بە جاشی لەڕ و لاوازیش هیچی بەسەر نایەت!