كوردی عربي ک.بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

وەزارەتی شارەوانی چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە سنووری بەحرکە ڕادەگەیەنێت

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاماژە بەوە دەدات، پرۆژەیەكی قیرتاوكردنی ژمارەیەك شەقام و كۆڵانی قەزای (بەحركە)ی سنووری پارێزگای هەولێر تەواو كرا، هەروەها گوژمەی پێویست بۆ پرۆژەیەكی درێژكردنەوەی تۆڕی ئاو لە بەحركە خەرج دەكرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە 15/1/2025، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا هاتووە: "لە چوارچێوەی پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی شارەوانی لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر، پرۆژەیەكی قیرتاوكردنی ژمارەیەك شەقام و كۆڵان لە گەڕەكی ئازادی لە سنووری شارەوانیی بەحركە تەواو كرا."

ئاماژە بەوەش دراوە: "ئەو پرۆژەیە یەكێكە لە پرۆژە گرنگەكانی شارەوانی لە بەحركە و دەبێتە هۆی ئاسانكاریی هاتوچۆ، هاوكات سیمایەكی جوان بە گەڕەكی ئازادیی بەحركە دەبەخشێت."

لە لایەکی ترەوە، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە ڕاگەیاندراوێكی دیكەدا ئاماژەی بەوە داوە: "ڕەزامەندیی نیشان داوە لەسەر خەرجكردنی گوژمەیەك بە بڕی 14 ملیۆن و 68 هەزار و 500 دینار، لەسەر ڕێژەی 17%ی داهاتی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر، بە مەبەستی جێبەجێكردنی پرۆژەیەكی درێژكردنەوەی تۆڕی ئاوی خواردنەوە لە شارۆچكەی بەحركە، هەروەها گوژمەی 44 ملیۆن و 70 هەزار دینار، لەسەر ڕێژەی 17%ی داهاتی ئاو بە مەبەستی جێبەجێكردنی پرۆژەی هەڵكەندنی بیر لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر."

جەختیش لەوە كراوەتەوە، جگە لەو پرۆژانە، ئێستا بە دەیان پرۆژەی دیكەی بواری ئاو و ئاوەڕۆ لە سنووری پارێزگای هەولێر لە قۆناغی جێبەجێكردندان، بەپێی پلانی نوێ، ئەمساڵ ژمارەیەك پرۆژەی دیكە لە سنووری پارێزگاكە دەكەونە واری جێبەجێكردنەوە.