كوردی عربي ک.بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ئەو كەسەی لە سلێمانی پووری خۆی كوشت، لە پارێزگایەكی باشووری عێراق دەستگیر كرا

 بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی، دەستگیرکردنی تۆمەتبارێكی ڕاگەیاند، كە پووری خۆی خنكاندبوو.

ئەمڕۆ چوارشەممە 15/1/2025، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی، دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی ڕاگەیاند: "بە هاوكاریی دەزگای هەواڵگریی حكوومەتی فیدڕاڵ، مەفرەزەكانی  نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی كوشتن، لەسەر دۆسیەی كوشتنی كەسێك تۆمەتبارێکیان دەستگیر کرد."

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "دوای ئەوەی لە ڕۆژی 17/8/2023، ژنێك لە گەڕەكی سەرچناری شاری سلێمانی بە خنكاوی دۆزرایەوە، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانییان دەست پێكرد و دەركەوت لەلایەن خزمێكی خۆیەوە كوژراوە و بكوژەكەش بۆ شوێنێكی نادیار هەڵاتووە، لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانی پۆلیس بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردنی تۆمەتبار بەردەوام بوو، تا ئەو كاتەی شوێنی نیشتەجێبوونی دۆزرایەوە و توانرا لەلایەن مەفرەزەكانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی كوشتن، بە هاوكاریی دەزگای هەواڵگریی حكوومەتی فیدراڵ،  تۆمەتبار لە پارێزگای عەممارە دەستگیر بكرێت."

ئەوەش خراوەتە ڕوو: "ئێستا تۆمەتبار ( ك، ع، ف) بە ڕەگەز عەرەب، لەدایكبووی (2006) بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی (406) لە یاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوە و دانیناوە بە تاوانەكەیدا، تۆمەتبار لە پارێزگای (عەممار)ـەوە هاتووەتە شاری سلێمانی و لە گەڕەكی سەرچناری شاری سلێمانی، هەستاوە بە خنكاندنی پووری خۆی."