دەزگای هەواڵگریی تورکیا كوشتنی (ئیسلام دوتکانلۆ) ناسراو بە (ئامەد سەرد)، یەکێک لە دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی YRKی راگەیاند كە ڕێكخراوێكی سەر بە پەكەكەیە.
میدیاكانی توركیا لە زاری هەواڵگریی ئەو وڵاتەوە ئاماژەیان بەوە كرد كە ئامەد سەرد لەگەڵ كەسێكی دیكە بە ناوی (ئاکام شا) كە بە (شیڤان چیا) ناسراوە و پاسهوانى بووە، لە سنووری شاری سلێمانی كوژراون.
هەروەك ئەوەشیان خستۆتە ڕوو كە كوشتنی ئەو دوو كەسەی سەر بە پەكەكە، لە لایەن تۆڕێكی هەواڵگرییەوە بووە كە لە عێراقدا دامەزرێندراوە و پێشتر زانیارییان هەبووە كە ئامەد سەرد لە ناوچەی پێنجوێن لە سنووری سلێمانی چالاكی هەبووە، لە كاتێكدا لە لیستی ئەو كەسانەدا بووە كە هەواڵگریی توركیا ویستوویەتی بە ئامانجیان بگرێت.
باس لەوەش كراوە، ئامەد سەرد دوای ئەوەی پەیوەندیی بە پەکەکە كردووە، بۆ ماوەیەکی کورت لەلایەن سەرکردایەتیی باڵای پەكەكەوە لە دیاربەکر و بیتلیس رادهسپێردرێت بۆ سهرپەرشتیكردنى چالاكییهكان و له چەندین چالاکیی چەکداریدا بهشدارى كردووە. لەم دواییەشدا وەک بهرپرس لە ئەکادیمیای (سمکۆی سهرههڵدان) کاری کردووە.
میدیاكانی توركیا دەڵێن، ئهو بهرپرسهى پهكهكه له بنهڕهتدا خهڵكى ئێران بووه. پاسەوانەكەشی كە ناوی شیڤان چیا بووە، بە هەمان شێوە خەڵكی سنووری دەوڵەتی ئێران بووە و لە رابردوودا لە چالاكیی جۆراوجۆر بەشدار بووە، لەم دواییانەش نێردراوەتە سلێمانی و لە لایەن پەكەكەوە بۆ هەندێك چالاكی لە سنووری سلێمانی راسپێردراوە.
ئەمە لە كاتێكدایە كە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، دەیان سەركردە و كادیر و چەكداری پەكەكە لە لایەن توركیاوە لە ئۆپەراسیۆنی جیاجیای ئاسمانی و زەمینی، لە لایەن توركیاوە كوژراون، بە جۆرێك كە زۆربەی جار گومانی ئەوە دەكرێت لە لایەن دەسەڵاتدارانی سنوورەكەوە جۆرێك لە هەماهەنگی بۆ بەئامانجگرتنی سەركردە و كادیرانی پەكەكە لەگەڵ توركیا هەبێت.