كوردی عربي ک.بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

پزیشكیان لەسەر پیلانی وڵاتەکەی بۆ كوشتنى ترەمپ: ئەوە ڕووی نەداوه و هەرگیز نایکەین

سەرۆک کۆماری ئێران: تاران هه‌وڵى به‌ده‌ستهێنانى چەکی ئەتۆمی نادات

مەسعود پزیشكیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (NBC News) ڕەتیکردەوە کە وڵاتەکەی پیلانی تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکای دانابێت و تۆمەتەکانی پێشووی ترەمپ و حکوومەتی ئەمریکای، ڕەت کردەوە.

لە مانگی نۆڤەمبەری ڕابردوودا وەزارەتی دادی ئەمریکا کەسێکی ئێرانی له‌ پێوەندی لەگەڵ پیلانێکی گوماناوی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ تیرۆرکردنی ترەمپ، تۆمەتبار کرد. به‌پێی میدیاكانى ئه‌مریكا، دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا سەرکەوتوو بوون لە پووچەڵکردنەوەی پیلانەکە پێش ئەوەی هەر هێرشێک ئەنجام بدرێت.

ترەمپ هەروەها ساڵی ڕابردوو لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیدا ڕایگەیاند کە ڕەنگە ئێران لە پشت هەوڵەکانی تیرۆرکردنی ئەوەوە بووبێت.

"ئەوە ڕووی نەداوه‌ و هەرگیز نایکەین"
مەسعود پزیشكیان، لە چاوپێکەوتنەکەدا له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكدا لەبارەی ئەو تۆمەتانەوه‌، گوتی "هەرگیز ئەوە ڕووی نەداوە، ئێمە هەرگیز هەوڵی ئەوەمان نەداوە و هەرگیزیش نایکەین".

ترەمپ کە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی ڕابردوودا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و دووشەممەی داهاتوو دەستبەکار دەبێت، لە دوو هەوڵی تیرۆرکردن لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن ڕزگاری بوو. لێکۆڵەران هیچ بەڵگەیەکیان نەدۆزیەوە کە ئێران لە هیچ کام لەم دوو هەوڵەدا تێوەگلاوە.

هەروەها ئێران پێشتر تۆمەتەکانی بە دەستوەردان لە کاروباری ئەمریکا لە ڕێگەی ئۆپه‌راسیۆنه‌ ئەلیکترۆنیەکانەوە، ڕەت کردۆتەوە.

تاران دەڵێت واشنتۆن دەیان ساڵە دەستوەردانی لە کاروباری وڵاتەکەیدا کردووە و ئاماژەی بە ڕووداوەکانی وەک کودەتاکەی ساڵی 1953 لە دژی سەرۆک وەزیران تا کوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسداران لە ساڵی 2020 لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکادا.

ئێران هه‌وڵى به‌ده‌ستهێنانى چەکی ئەتۆمی نادات

لە میانی چاوپێکەوتنەکەدا سەرۆک کۆماری ئێران هۆشداری دایە ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە مەترسی "جەنگ" دژی ئێران و جەختی لەوە کردەوە کە تاران "بەدوای" بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیدا، نییە.

سەرۆکی ڕیفۆرمخواز، گوتی: هیوادارم ترامپ ببێتە هۆی ئاشتی ناوچەیی و جیهانی، و بە پێچەوانەوە بەشداری لە خوێنڕشتن یان شەڕدا نەکات.

ئەم هۆشدارییە کەمتر لە هەفتەیەک پێش دەستبەکاربوونی 47هەمین سەرۆکی ئەمریکا دێت.

واشنتۆن و تاران ماوەی 45 ساڵە پەیوەندی دیپلۆماسییان نییە. ترەمپ لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیدا چەندین جار داوای لە ئیسرائیل کرد هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.