كوردی عربي ک.بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

پڕۆژەی (هەژماری من) ڕێكکەوتنێکی ستراتیژی لەگەڵ کۆمپانیای (ڤیزا)ـی جیهانی لە بواری پارەدانی دیجیتاڵی واژۆ دەکات

وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕایگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای ڤیزا، ڕێککەوتنێکی ستراتیژییان بۆ پەرەپێدانی گشتگیری ئابووری واژۆ كردووە

ئەمڕۆ چوارشەممە 15/1/2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە: لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری، پڕۆژەی (هەژماری من) ڕێکكەوتنێکی ستراتیژی لەگەڵ کۆمپانیای (ڤیزا)ی جیهانی لە بواری پارەدانی دیجیتاڵی واژۆ دەکات.

وەزارەتەكە ڕایگەیاندووە: ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆ گەیشتن بە ئامانجی پەرەپێدانی شێوازەکانی پارەدانی دیجیتاڵی و بەرەوپێشبردنی گشتگیری ئابووری لە رێگەی ئەنجامدانی چەندان کەمپەینی پەروەردەیی و هۆشیاری لە بارەی پارەدانی دیجیتاڵی و خزمەتگوزارییەکانی بانکی لە هەرێمی کوردستان، کە ئەمەش هاوکاریی فەرمانبەران و مووچەخۆران دەکات لەوەی بتوانن زیاتر پشت بە پارەدانی دیجیتاڵی ببەستن لە کاروباری ڕۆژانەیاندا، بەو پێیەی بەم زوانە نزیکەی یەک ملیۆن هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان مووچەکانیان بە شێوەی دیجیتاڵی وەردەگرن.

وەزارەتی دارایی ڕاشیگەیاندووە: هەر لە چوار چێوەی ئەم ڕێککەوتنەشدا، کۆمپانیای ڤیزا بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووری چەندان سیمینار و وۆرکشۆپ بۆ سوودمەندانی پڕۆژەکە ڕێک دەخات سەبارەت بە سوودەکانی گشتگیری ئابووری و شیکردنەوەی باشترین ڕێگەکانی بەکارهێنان و سوودوەرگرتن لە پارەدانی دیجیتاڵی و سوود و خزمەتگوزارییەکانی بانکی. ئەمەش لەگەڵ دیدگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان یەک دەگرێتەوە بۆ دەستەبەرکردنی سیستەمێکی ئابووریی مۆدێرن و پێشکەوتوو.

ماریۆ مەکاری، جێگری سەرۆک و بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای (ڤیزا) لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبارەی ئەو ڕێكکەوتنەوە ڕایگەیاند "هۆشیاری و گشتگیریی ئابووری، بناغەی بەهێزکردن و پەرەپێدانی ئابوورین."

ڕاشیگەیاندووە: لە ڕێگەی هۆشیارکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە و بەردەستکردنی ئامرازی پێویست بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارە داراییەکانیان بە شێوازێکی کارا، دەتوانین بەردی بناغەی کۆمەڵگەیەکی خۆڕاگر و بەهێز لەڕووی ئابوورییەوە دابنێین.

مەكاری دووپاتی كردووەتەوە: ڤیزا پابەندە بەو ڕۆڵە گرنگەی پێی دراوە لەو قۆناغە ڕاگوزەرییە لە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەگەڕخستنی ئەزموونی کۆمپانیاکەمان لە سەرانسەری جیهان بۆ دروستکردنی ئابوورییەکی دیجیتاڵیی پارێزراو".

ئەم هاوبەشییە پابەندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای (ڤیزا) دەربارەی هەوڵەکانیان بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە پارەدان لە ڕێگەی کاش و ئاسانکردنی دەستگەیشتن بە خزمەتگوزاری و سوودە بانکییەکان و بنیاتنانی ئابوورییەکی دیجیتاڵیی گشتگیر و بەهێز دەردەخات.

 شایانی باسە، پڕۆژەی (هەژماری من)، پڕۆژەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بە بانکیکردنی مووچەی سەرجەم فەرمانبەران.

بۆ زانیاریی زیاتر، پەیوەندی بە ژمارە 1991 بکەن یاخود سەردانی www.myaccount.gov.krd بکەن.