كوردی عربي ک.بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

عیماد برهۆ: سەرۆك بارزانی پەیامێكی بۆ گەلی رۆژئاوا و لایەنە سیاسییەكان ناردووە

”داوای كردووە یەكگرتوو و یەكگوتار بن بۆ داهاتووی كورد لە سووریا“

ئەندامێكی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا (ئەنەكەسە) رای دەگەیەنێت، سەرۆك بارزانی لە ڕێگەی د.حەمید دەربەندی، نامەیەكی بۆ گەلی رۆژئاوا و لایەنە سیاسییەكان ناردووە. ئاماژە بەوەش دەدات، پەیامی بارزانی بۆ هەموو لایەك یەكگرتوویی و یەكگوتارییە.

عیماد برهۆ، ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا (ئەنەكەسە) بۆ (باسنیوز) رایگەیاند، سەرۆك بارزانی لە ڕێگەی د. حەمید دەربەندییەوە نامەیەكی بۆ گەلی رۆژئاوای كوردستان و لایەنە سیاسییەكان ناردووە. گوتیشی :”لە ناوەڕۆكی نامەكەدا داوای یەكگوتاری و یەكڕیزی لە هەموو لایەنەكان و گەلی كورد لە رۆژئاوای كوردستان كردووە، كە بە شاندی هاوبەش و بەیەكەوە بچنە دانوستان لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا، تاوەكوو مافەكانی گەلی كورد لە سووریای نوێدا پارێزراو بن.”

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد، راشیگەیاند، چوونی د.حەمید دەربەندی، نوێنەری جەنابی سەرۆك بارزانی بۆ رۆژئاوای كوردستان، چوونێكی مێژوویی و گرنگە و گەلی كورد لە رۆژئاوای كوردستان بەوشێوەیەی دەبینن، بەتایبەتی نوێنەرەكەی سەرۆك بارزانی لەم دۆخە هەستیارەدا نامەیەكی جەنابی سەرۆك بارزانی گەیاندووە بە میللەتی كورد لە رۆژئاوای كوردستان و تەڤگەر و لایەنە سیاسییەكان، تیایدا داوای لێكردوون یەكگرتوو و یەكگوتار بن بۆ داهاتووی كورد لە سووریا.

گوتیشی “دانیشتنی دەربەندی، نوێنەری سەرۆك بارزانی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی لە حەسەكە و كۆبوونەوە لەگەڵ ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد، بێ گومان چەند خاڵێكی سەرەكیی تیایدا باس كراوە، كە لە نامەی سەرۆك بارزانیدا هەبووە.”

عیماد برهۆ، جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، هەر لە دوای رووداوەكانی سووریا و كەوتنی رژێمەكەیەوە، سەرۆك بارزانی لەگەڵ ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا (ئەنەكەسە) لەسەر خەت بوو. گوتیشی: “هەمیشە هەڵوێستی سەرۆك بارزانی و هەرێمی كوردستان لەگەڵ گەلی رۆژئاوای كوردستاندا بووە، پێشتریش سەرۆك بارزانی نێوەندگیریی لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی رۆژئاوا كردووە و بۆ ئەوەش چەندین دەستپێشخەریی هەبووە، كە بەهۆیەوە رێككەوتن بە ناوی (هەولێر یەك و هەولێر دوو و دهۆك) لەنێوانیاندا كراوە.“

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا، ئاماژەی بەوەش دا، هەموو كات سەرۆك جەختی لەسەر یەكگوتاری و یەكگرتوویی كورد كردووەتەوە، ئەو پەیامەی سەرۆك بارزانی بۆ هەموو لایەنەكان بووە نەك تەنیا بۆ ئەنەكەسە. گوتیشی: “بەردەوام سەرۆك بارزانی جەختی لەسەر ئەوە كردووەتەوە، كە دەبێ گەلی كورد بە یەك هەڵوێست و یەك دەنگ بۆ پرسی مافەكانی گەلی كوردستان بچنە كۆبوونەوەكان، ناوەڕۆكی پەیامەكەی ئەم جارەی سەرۆك بارزانی بۆ هەموو لایەنەكان هەر ئەوە بووە، كە بۆ پرسی كورد لە رۆژئاوای كوردستان، دەبێت هەموان یەك هەڵوێستی نیشتمانییان هەبێت.”

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد، راشیگەیاند، سەرۆك بارزانی لەگەڵ ئەوەدایە سووریای نوێ دیموكراسی بێت و مافی هەموو نەتەوەكان تیایدا پارێزراو بێت، گوتیشی: “ئێمە روانینێكی ئاشتییانەمان هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا و پەیمانی گەلی كورد روونە، دەمانەوێ هەموو كێشەكان بە دیالۆگ و رێككەوتن چارەسەر ببن.”

عیماد برهۆ، ئاماژەی بەوەش دا، ئەوەی جێگای دڵخۆشییە، هەموو لایەك بە گرنگی و خۆشحاڵییەوە لەگەڵ نوێنەری سەرۆك بارزانی دانیشتوون و هاوڕای ناوەڕۆكی نامەكەی بوون، گوتیشی: “حەمید دەربەندی خۆی بەرپرسی دۆسیەی رۆژئاوای كوردستانە و هەر لە دەستپێكی شۆڕشەوە ئاگاداری هەموو دۆخەكەیە و ئامادەی رێككەوتنەكان بووە لەنێوان ئەنەكەسە و دەسەڵاتی رۆژئاوای كوردستان و پەیوەندییەكی زۆر نزیكی لەگەڵ هەموو لایەكدا هەبووە.”
راشیگەیاند، ئەوەی تێبینی دەكرێ، بۆ ئەم جارە دەرفەتێكی گەورە هاتووەتە پێش، هەموو لایەنەكان بۆ یەكگوتاری هاتوونەتە پێشەوە و بەهیوای ئەوەی بتوانرێ لە دانوستانەكاندا لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا، مافەكانی گەلی كوردستان بەدەست بهێنرێن.