لە درێژەی ڕوونکردنەوەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری لەسەر پرسی مووچە و بودجەی مووچەخۆران، لە خاڵێکدا ڕوونی دەکاتەوە، داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان لە 2024 چەند بووە و چۆن خەرج کراوە.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ژمارە و داتا ڕایگەیاندووە: سەبارەت بە داهاتە نانەوتییەکان، ئاماژە بەوە دەکەین کە بڕی (4,347,484,382,654) دینار کۆی داهاتی نانەوتیی هەرێمە تا (2024/11/30) بەپێی تەرازووی پێداچوونەوەی هەرێم کە مانگانە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق نێردراوە. لە بەشێکی بەیاننامەی وەزارەتی دارایی فیدراڵیدا هاتووە کە حکوومەتی هەرێم پابەند نەبووە بە ناردنی داهاتە نانەوتییەکان بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵی، ئەوەش لە کاتێکدایە هەرێمی کوردستان لە مانگی ئایار تا مانگی تشرینی یەکەم بڕی (399,168,964,500) دیناری خستووەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە بانکی ناوەندیی عێراق/ لقی هەرێم/هەولێر، بەپێی مادەی (29) لە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی ژمارە (6)ی ساڵی (2019) و ڕێککەوتنی هەردوو بەڕێزان سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی فیدراڵ و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەسەر ناردنی ( 50%)ی داهاتە فیدراڵییە نانەوتییەکان، ئەو بڕە داهاتە ناوخۆییەی کە ماوەتەوە، بۆ خەرجیی بەکارخستنی دامودەزگاکانی حکوومەت و خەرجیی وەبەرهێنان لە هەرێم خەرج کراوە.
دەشڵێت: هەروەها بەشێکی تری ئەو داهاتە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە بەکار هاتووە لە ئەنجامی ئەو سیاسەتە نادادپەروەرانەی کە وەزارەتی دارایی فیدراڵی لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێم گرتوویەتە بەر، بۆ نموونە خەرجنەکردنی دەرماڵەی فەرمانبەران و پلەبەرزنەکردنەوەیان لە هەندێک لە وەزارەتە مەدەنی و سەربازییەکان بەپێی یاسا و ڕێنماییە کارپێکراوەكان لە حکوومەتی هەرێم، سەبارەت بە هۆکاری لێبڕینی ئەو بڕەپارانە، وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بە نووسراویان ژمارە (29895) لە (2024/11/6) ڕایگەیاندووە: پێدانی دەرماڵە و پلەبەرزکردنەوە ڕاگیراوە، بە هۆی نەبوونی تەرخانکراوی پێویست لە خشتەکانی یاسای بوودجەی فیدراڵی. بەڵام دواتر دەرکەوت کە پێدانی دەرماڵە و پلەبەرزکردنەوە لە دامودەزگا فیدراڵییەکان بەردەوامە، بەپێی ئەو دوو فەرمانە وەزارییەی کە هاوپێچ کراون بە ژمارە (34618 لە 2024/8/13 و 42636 لە 2024/9/26 ) و ئەمەش باشترین بەڵگەیە بۆ پەیڕەوکردنی سیاسەتی جیاکاری.
بۆ بینینی دەقی ڕاگەیەندراوەكە كلیك لێرە بكە:
https://www.basnews.com/so/babat/872246