كوردی عربي ک.بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

گەڤارە وەکۆڵ.. نەریتێکی هەزاران ساڵەی سەردەمی میهرپەرەستیی كوردستان بۆ پێشوازیی لە بەهاری گەرمیان


شاری کرند، شارێکی یارساننشینە و ناوەندی قەزای داڵاهۆیە لە پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان. ئەم شارە کەوتووەتە سەر رێگەی کرماشان بۆ قەسری شیرین لەسەر سنووری رۆژهەڵات و باشووری کوردستان. خاوەن سروشتێکی ناوازە و دڵڕفێنە و بە شاخ و دار و دەوەن دەورە دراوە.
هەموو ساڵێک لەم شارە، دوو مانگ بەر لە هاتنی نەورۆز، جەژنێکی کۆنی کوردی بە ناوی گەڤارە وەکۆڵ (لانکە بەکۆڵ) بە بەشداریی خەڵکی شارەکە و گەشتیاران لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەڕێوە دەچێت، کە مێژووی بۆ سەردەمی میهرپەرەستی لە کوردستانی کەونارا دەگەڕێتەوە.

مێژووناسان پێیانوایە؛ ئەفسانە و رازەکان لەناو کۆمەڵگە کۆن و دێرینەکان، هەمان ئەو رۆڵەیان گێڕاوە کە کتێبە ئاسمانی و پیرۆزەکان لەناو کۆمەڵگە تازەکان گێڕاویانە. ئەفسانە بەشێکە لە مێژووی کۆنی هەر نەتەوەیەک و تێکەڵی دابونەریت و ئایینەکەی بووە. کوردستان بە گشتی و دەڤەری یارساننشینی رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی، وڵاتی چیرۆکی گوێی ئاگردان و ئەفسانەکانە، خاکێکی هەزاران ساڵەی پڕ لە راز و ئەفسانە و نەریتی کۆنی کوردەواری.

(گەڤارە وە کۆڵ) یان (لانکە بە کۆڵ)؛ ئەفسانەیەکی کۆنی هەزاران ساڵەی باووباپیرانمانە، کە تا ئێستا لەم دەڤەرە پارێزراوە و ساڵانە بەڕێوە دەچێت. (گەڤارە وەکۆڵ)، جەژنی پێشوازیکردنە لە بەهاری کوردەواری لە ناوچەی گەرمیان. بەهاری کوردەواری لە ناوچەی کرند و داڵاهۆ بە بەهاری گەرمیان ناسراوە و دوو مانگ بەر لە نەورۆز دەست پێدەکات.

ناوچەکانی داڵاهۆ، کرند و گۆران؛ رۆژژمێرێکی تایبەت بە خۆیان هەیە، کە بە رۆژژمێری کوردیی گەرمیان ناسراوە و تێیدا رەچاوی کاری کشتوکاڵی و نەریتە ئایینی و کولتوورییەکانی تایبەت بە خۆیان دەکەن. لەم دەڤەرە بەهۆی کەشوهەوا، زووتر لە شوێنەکانی دیكە دەست بە چاندن و کشتوکاڵ دەکەن و بەهاریان دەکەوێتە پێش نەورۆز و بە (بەهاری گەرمیان) ناوی دەبەن.

بە گوێرەی رۆژژمێری ئەو دەڤەرە، کە بە رۆژژمێری کوردی و یارسان ناسراوە، دوازدە رۆژ بەر لە بەهاری گەرمیان؛ (گەڤارە وەکۆڵ) گوند بە گوند و شار بە شار دەگەڕێ و سەردانی هەموو ماڵەکان دەکات و پیرۆزبایی ساڵی تازە لە خەڵکی دەڤەرەکە دەکات.
کۆتایی زستانی کوردی لەو ناوچەیە بە (هەشت هەشتاد) ناسراوە و دەکەوێتە دوای چلە بچووک و چلە گەورە و لەو شەوەدا گەڤارە وەکۆڵ دەکەوێتە رێ و سەردانی ماڵەکان دەکات.

گەڤارە وەکۆڵ، فریشتەیەکە هێمای زاوزێ و پیت و بەرەکەتە و بە دایکی ژینگە و زەوی ناسراوە. نەریتێکی کۆنی هەزاران ساڵەی کوردییە، کە تەنیا لەم دەڤەرەی کوردستان ماوە و بۆ رێزگرتنە لە ژینگە و پێشوازیکردنە لە هاتنی نەورۆز.

خەڵکی ئەو دەڤەرە باوەڕیان وایە؛ لە یەکەم شەوی دەستپێکی بەهاری کوردی، ژنێک لانکە بە کۆڵ، سەردانی هەموو ماڵێک دەکات و لەگەڵ خۆی پیت و بەرەکەت و رزق و رۆزی پێیە، بۆیە ئەو شەوە لە هەموو ماڵێک شلەیەک بەناو (دانەکوڵانە) دروست دەکەن و کاسە و کەوچکێکیش بۆ ژنە لانکە بە کۆڵەکە دادەنێن، کە لێی بخوا و پیت و بەرەکەت بە ماڵەکەیان ببەخشێت.

لە کاتی بەڕێوەچوونی ئەم جەژنە؛ لە ناوەندی شاری کرند، لانکەیەکی گەورە دادەنێن و بە (چرا، ئاوێنە، شەکر و گوڵەنێرگز) دەیڕازێننەوە، کە هەر کامەیان هێمایەکن. لانکە هێمای لەدایکبوونی مرۆڤ و ژینگەیە. گوڵەنێرگز هێمای هاتنی بەهاری کوردییە لە ناوچە گەرمەسێرەکان. چرا هێمای رووناکی و ئۆجاخ رۆشنییە، شەکریش شیرینیی ژیانە.

لەم نەریتەدا، ژن و دایک رۆڵی سەرەکی دەگێڕن و هێمای ژیانبەخشی و میهرەبانی و ئاوەدانیی ماڵ و وڵاتن. ژمارەیەکی زۆر لە کچان بەشداری دەکەن و بە دەمامک روخساریان دەشارنەوە. پۆشینی دەمامک لەناو جەژن و بۆنەکان لە کوردستانی کەونارا باو بووە و مێژووی بەکارهێنانی بۆ سەردەمی میهرپەرەستی، یان میترایی دەگەڕێتەوە. دۆزینەوەی کۆنترین دەمامکەکانیش بۆ ئەو سێ دەمامکە لە زێڕ دروستکراوە دەگەڕێتەوە، کە لەناو ئەشکەوتی (کەڵماکەرە)ی لوڕستان دۆزراوەتەوە و مێژوویان بۆ چەند هەزار ساڵ بەر لە ئیسلام دەگەڕێتەوە. دۆزینەوەی ئەم دەمامکانە ئەو نهێنییەمان بۆ ئاشکرا دەکات؛ پۆشینی دەمامک، کە ئێستا لەناو جەژن و بۆنەکانی ئەورووپا باوە، هەزاران ساڵ بەر لە ئێستا لە کوردستان باو بووە.

ئاوێنە، هێمای بێخەوشی و بێگەردی و پاکییە. هەڵگرتنی جامە ئاو، هێمای بوون و ژیانە. پەپوولە هێمای هاتنی بەهارە. بەشێک لە کچەکان، کاسەیەک سەوزەیان هەڵگرتووە، کە هێمای ژیانەوە و پاراستنی ژینگەیە.
گەنم هێمای پیت و بەرەکەت و قووتی خەڵکە. هەنار میوەی پیرۆزی یارسانەکانە و لە زیاترین جەژن و بۆنەکاندا رێزی لێ دەگرن.

لەم نەریتەدا، بەشداران چەند جارێک بە دەوری ئاگردا دەسووڕێنەوە، وەکوو پێشوازی و ئامادەبوون بۆ کردنەوەی ئاگری گەورەتر لە نەورۆز. پیرۆزیی ئاگر لە کوردستان بۆ سەردەمی مادەکان دەگەڕێتەوە و زەرەشتییەکان لە هەموو جەژن و بۆنەیەکدا رێزیان لە ئاگر گرتووە و بە دەوریدا کەوتوونەتە سەما و هەڵپەڕکێ.