كوردی عربي ک.بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
رێبوار حه‌مه‌لاو شوانی 14/01/2025

بەراورد بەو هەموو فشارە، ئەزموونى هەرێمى کوردستان پێشەنگە

گەلى کورد وەک نەتەوەیەکى ڕەسەن لە ناوچەکەدا، ساڵەهای ساڵ خەبات و شۆڕشى کرد لەپێناو ئازادی و سەرفرازی و ئاشتى و نەمانى شەڕ و پێکەوەژیان و دیموکراسى و گەڕاندنەوەى خاک و مافى زەوتکراوییدا، لەو پێناوشدا هەزاران رۆڵەى ئەم نیشتمانە گیان و خوێنیان بەخشیوە تا گەیشتن بە ئەمڕۆى دروستبوونی قەوارەىەكی فیدراڵیی یاسایی و دەستووریی وەك هەرێمی كوردستان، پەرلەمان و حکوومەت و سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان و دەیان دەستکەوتى پڕشانازیى دیکەوە.

بە هەڵوەستەکردن لەسەر مێژووى حوکمڕانیى گەلى کورد لە ماوەى 33 ساڵى رابردوودا، وەک چۆن نەیارانى کورد بە هەموو شێوەیەک هەوڵى خامۆشکردن و نەهێشتنى شۆڕشیان دەدا و گەلەکۆمەکى و تیرۆر و پیلانگێرى نەما لە دژى ئەنجام نەدەن، لە ماوەى رابردوو و ئێستاى ئەزموونى هەرێمى کوردستانیش بە هەمان شێوە جۆرها حزب و لایەنیان بە ناوى کوردى و دژى کوردستان بەکار هێنا، دەیان کۆسپ و تیرۆر و تەقینەوە و گەمارۆدانیان بەکار هێنا هەمووی لە پێناو لاوازکردن و شکستپێهێنان و نەهێشتنى قەوارەى هەرێمى کوردستان و حوکمڕانیی دیموکراسى و فیدراڵییەت و پێکەوەژیانى کە بوراورد بەو هەموو قەیران و تەنگژەیە توانیویەتى زۆر سەرکەوتوانە خۆی بگەیەنێتە ئەمڕۆ.

بە گەواهیی دۆست و دوژمن و هەموو وڵاتانى ناوچەکە و جیهانیش، هەرێمى کوردستان نموونەیەکى بەرچاو و دەگمەنە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا لەنێو وڵاتانى سەنتراڵیزم کە تا ئێستا ناتوانن هەرسى دیموکراسى و هاوبەشى و یەکتر قبووڵکردن بکەن.

لە ماوەى 22 ساڵ ڕووخانى ڕژێمى بەعس و هاتنەکایەى عێراقێکى فیدراڵى و لەنێو ناوچەیەکى پڕ کێشە و ئاڵۆزى کە تێیدا مەزهەبگەرایی و میلیشیاگەری و فاشیزم بەسەریدا زاڵە، هەرێمى کوردستان وەک قەوارەیەکى یاسایی و دەستوورى و فیدڕاڵى، نموونەیەکى سەرکەوتووی دیموکراسى و پێکەوەژیانى ئاشتییانەى گشت پێکهاتە و ئایین و ئایینزاکان بە کردەوە پیشانى هەموو دونیا بدات و مافى هەموو پێکهاتە و کولتوور و ئایینەکانیشدا تێیدا پارێزراوە.

ئەمەش خۆى لە خۆیدا دەستکەوتێکى گرنگە، لە کاتێکدا لەنێو زۆر لە وڵاتانى دراوسێى هەرێمى کوردستان، نەک هەر باوەڕیان بە دیموکراسى و فیدراڵى نییە، بەڵکوو قەیرانى یەکتر قبووڵکردن و پێکەوەژیان و جیاوازییەکان بە ئاشکرا لەئارادایە.

ئەمڕۆ هەرێمى کوردستان و قەوارەیەکى دەستوورى و فیدراڵى رۆژ بە رۆژ لە ڕووى دیموکراسى و سیستەمى ئابوورییەوە لە گەشەسەندنى زیاتردایە و لە رووى ئازادى و راگەیاندن و بەشداریى سیاسىیی هەموو بیروڕایەکان پێشەنگە، نەک بە دروشم، بەڵکوو بە کردەوەش لەسەر ئاستى ناوچەکە کەموێنەیە، هەر ئەمەشە وای کردووە کە ئەمڕۆ وڵاتانى زڵهێز و ئەورووپایی بە گرنگى و بایەخەوە بڕوانە هەرێمى کوردستان وەک نموونەیەکى سەرکەوتوو لە گشت بوارەکاندا.

سەرەڕاى هەموو ئەم سەرکەوتنانە، گەلى کورد بەردەوامە لە هەوڵدان بۆ بەهێزکردنى پێگەى دیموکراسىی، ئەم ئەزموونە هەنگاوەکانى چەند ساڵى رابردووى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لەپێناو چاکسازى و بەهێزکردنى دامەزراوەکان بووە، پێشکەشکردنى خزمەتگوزارییەکان و تەبایی و یەکهەڵوێستیى گشت هێز و لایەنەکان، وا دەکات کە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتییش زیاتر پشتیوانیى گەلى کورد و ئەزموونەکەى بکەن، بەهەمان شێوە رۆژ بە رۆژ ئەزموونى فیدڕاڵى هەرێمى کوردستان رۆژ بە رۆژ زیاتر کاریگەریى باش وەک نموونەیەکى سەرکەوتوو لە بەڕێوەبردن لە سەر وڵاتانى ناوچەکە دادەنێت، ئەمرۆ هەموو عێراقییەكی باشوور و ناوەڕاست حەز بەوە دەكەن، لە هەرێمی كوردستان بژین.

بە شێوەیەکى گشتى دەتوانین بڵێین، لەگەڵ هەموو و ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکانى بەردەمیدا ئەزموونى زیاتر لە سێ دەیەى حوكمڕانیی فیدڕاڵی، حكوومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی لەنێو ناوچەیەکى پڕ کێشە و ململانێدا حوکمڕانییەکەى بە سەرکەوتوویی بپارێزێت و بەرگرییش لە پێکەوەژیان و پێکهاتەکان بکات و لە هەمان کاتیشدا سەرەڕاى گەمارۆکانى سەرى، بەڵام لەڕووى گەشەسەندنى ئابوورى و کۆمەڵایەتى و ئاوەدانیەوە کورد خاوەن شانازییەکى گەورە بێت، ئەوەش ئەم ئەزموونەیە و دەبێت وەک هەمیشە بە خوێن و گیان بیپارێزێت لەپێناو داهاتووییەکى گەشتر.