كوردی عربي ک.بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
جەمال عەبدوڵا 14/01/2025

مووچەی چی؟ ناوی عێراق خۆی دزراوە!

ئەم وتارەی ئەمڕۆم بەشی دووەمی زنجیرە وتارێكە كە ناونیشانە سەرەكییەكەی لە بەشی یەكەمدا بریتی بوو لە (عێراق پێویستی بە نەشتەرگەرییەكی نوێیە). كاتێك ئەم زنجیرە وتارە دەنووسم، باسی دزینی نزیكەی سەد ساڵ نەوتی كەركووك لە لایەن عێراقەوە ناكەم، باسی دزینی بودجەی ھەرێمی كوردستان لە سەرەتای ساڵی 2014ەوە، ئەو كاتەی كتوپڕ بەشە بودجەی ھەرێمی كوردستانیان بڕی و پێشتریش ھیچ ساڵێك بەتەواوی بەشە بودجەی ھەرێمی كوردستانیان نەناردووە، باسی ئەوەش ناكەم، باسی ڕاگەیەندراوەكەی ئەمڕۆی وەزارەتی دارایی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ناكەم، كە باسی نەناردنی بەشی تەواوی مووچەی ساڵی 2024 بۆ مووچەخۆرانی ھەرێمی كوردستان دەكات، چونكە ھیچ كام لەمانە ئەسڵی كێشەی عێراق و ئەسڵی كێشەی كورد و كوردستان نیە لەگەڵ عێراقدا، ئەمانە ھۆكاری كێشەكانی ئەمڕۆی كورد و كوردستان نیین لەگەڵ عێراق، بەڵكوو ئەمانە ھەمووی ئەنجامی كێشەیەكی سیاسیی ستراتیژیی گەورەیە.

جارێ عێراق ھەر خۆی بۆ خۆی كێشەیە، عێراق خۆی و ئەمانەی ئەمڕۆش، كە لە بەغدا بڕیاربەدەستن، ھیچیان ڕەگوڕیشەی مێژووییان نیە... ئەمە چۆن و بۆچی؟

لەم بەشەدا دەچمە سەر ناوی عێراق خۆی، ئایا ناوی (عێراق) لەكەیەوە ھەیە و چۆن دانرا و لە كوێوە ئەم ناوەیان بۆ ھێنا و كێ ئەم ناوەی بۆ دانا؟

ھەموو چیرۆكی ئەم عێراقە داڕزاو و شپرزەیە لەناو 10 ڕۆژی مانگی 3ی ساڵی 1921 لە كۆنگرەی قاھیرە و لە ھۆتێل سەمیرئەمیس بڕێنرایەوە. سەركەوتووەكانی جەنگی یەكەمی جیھانی، بەتایبەتی ھەردوو دەوڵەتی گەورەی ئەوكاتە بەریتانیا و فەرەنسا، لەو كۆنگرەیەدا شەرعییەتیان دا بە دابەشكردنی ناوچەكە بەسەر خۆیاندا و عێراق بەر بەریتانیا كەوت، بەریتانیا بڕیار دەدات فەیسەڵی كوڕی حوسێن بكات بە پاشای عێراق، بەڵام ئەو كاتە عێراق ناوی نەبوو و دەبوایە جارێ ناوی بۆ دابنێن

واتە ھەروەك چۆن بەشوێن ناوی منداڵێكی تازە لەدایكبوودا دەگەڕێیت، بۆ ئەوەی ناوێكی بۆ ھەڵبژێریت و ناوی بنێیت، ئا ئەوھا بەشوێن عێراقی بێناودا دەگەڕان، ھەتا ئەو كاتەی چوون ناوی (ئوروك)ی سۆمەرییەكانیان ھێنا و بڕییان بەبەر عێراقدا، واتە ئوروك- ی سۆمەرییەكانیشیان دزی و كردییان بە عێراق. كەواتە یەكەم دزیی عێراق لە ناوەكەیەوە دەست پێدەكات، یەعنی ناوی عێراق خۆی دزراوە.

مەبەستم ئەوەیە، پێش سەدەیەك لە دزیی سەدە، دزیی سەدە لە ناوی عێراقدا ڕووی داوە. من لە خۆمەوە بە بەشدارانی گۆنگرەكەی قاھیرە ناڵێم (دز) بەڵكوو لەناو 40 بەشداربووی ئەو گۆنگرەیە و لەو كاتەی كە لە ھۆتێل سەمیرئەمیسی قاھیرە دەیانەوێت وێنەیەك بۆ یادگاری! بگرن، یەكێك لە بەریتانییەكان بە چەرچڵ (كە ئەو كاتە وەزیری موستەعمەراتی بەریتانیا دەبێت) دەڵێت: حەق وایە بە ئێمە بڵێن 40 دزەكە! (ئەم وێنەیەم لە كۆتایی وتارەكەدا داناوە).

لە بەشی سێیەمی ئەم زنجیرە وتارەدا، دێمە سەر ئەوەی كە لە كۆنگرەكەی قاھیرە بەشێك لە بەرپرسانی بەریتانیای بەشدار لەو كۆنگرەیەدا، لەگەڵ سەربەخۆیی ئەم بەشە لە كوردستان، واتە باشووری كوردستاندا بوون، واتە لەگەڵ ئەوە نەبوون كە كوردستان بكرێتە بەشێك لە عێراق و بەشێكیشیان لەگەڵ سەربەخۆیی كوردستان نەبوون و ھەردوو بەشەكەش پاساوی خۆیان ھەبوو، بەڵام دوای تێپەڕبوونی نزیكەی 104 ساڵ بەسەر كۆنگرەكەی قاھیرەدا، پاساوی ئەو بەریتانییانەی بەشدار لە كۆنگرەكەی قاھیرەدا ڕاست دەرچوو، كە دەیانگوت: ”پێویستە كوردستان سەربەخۆ بێت و خاوەنی دەوڵەتی تایبەت بە خۆی بێت و نەخرێتە ژێر دەستی دەوڵەتە عەرەبییەكەی عێراق.“ خستنەڕووی ئەم جیاوازییە لەنێوان ڕای بەرپرسانی بەریتانیا لەناو كۆنگرەی قاھیرە لەسەر سەربەخۆیی كوردستان و پاساوەكانیان... ئەمەیان بۆ بەشی سێیەمی ئەم زنجیرە وتارە.