كوردی عربي ک.بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
فرسەت سەید شکور 14/01/2025

خوێندنەوەیەک بۆ دەستپێشخەرییەکەی مەسرور بارزانی

ساڵی 2005 بوو، کورد دوای پرۆسەی ئازادیی عێراق و ڕووخانی ڕژێمی بەعس، ڕۆڵی کارای لە نووسینەوە و ئامادەکردنی دەستووری عێراقدا هەبوو، کوردستان لەو کاتەدا بە گوتاری ئەرێنی و هاوسەنگانە (عێراق)ی بردە قۆناغێکی نوێی حوکمڕانی، کە عەرەبە شیعەکان ڕۆڵی سەرەکییان تێدا بینی و هەرێمی کوردستانیش، کە ئەزموونێکی فراوانتر و زیاتری لەچاو سیاسەتی نوێی بەغدا هەبوو، بەشێکی گرنگ بوو لە دووبارە ڕێکخستنەوە و بەهێزکردنەوەی ئەو عێراقەی کە ئێستا بووەتە مایەی مەینەت و دەردەسەری بۆ خەڵکەکەی.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتیی کابینەی نۆیەم دەکات، ئەو لە سەرەتای دەستبەکاربوونیەوە زۆر بە هاوسەنگییەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکوومەتی عێراق ڕێک خستەوە، تەنانەت هەموو ئەو ئەرکانەی کە هەولێر بەرانبەر بەغدا پێویست بوو بەجێی بهێنێت، بەجێی گەیاند، بەڵام خواست و ویستی دەسەڵاتدارانی عێراق بەتایبەت عەرەبە دەسەڵاتدارە شیعەکان، کە باڵادەستی یەکەمن لە عێراق، هەموو ئەو ڕێککەوتنانەیان بە بیانووی جۆراجۆر پێشێل دەکرد کە ئەنجام دەدران.

دەتوانین بڵێین، گوتار و کردەوەکانی حکوومەتی عێراق بەرانبەر هەرێمی كوردستان هەمیشە نەرێنی بووە، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەیەکی هەقیقییە بۆ ڕەتکردنەوەی هاوبەشی و بنەماکانی سازان.

خستنەڕووی ڕاستییەکان

کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کابینەکەی و نوێنەرانی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، ژمارەیەک ڕاستیی بۆ هەموو لایەک ڕوون کردەوە کە دەکرێت بەم شێوەیە لێکدانەوەی بۆ بکرێت:

یەکەم- هەڵوێستی ڕوون و ئاشکرای هەرێمی کوردستان لەئاست پێشێلکارییەکانی حکوومەتی عێراق بەرانبەر بە گەلی کوردستان و قەوارەی دەستووریی هەرێمی كوردستان.

دووەم- بەئاگاهێنانەوەی حکوومەتی عێراق لەوەی کە چیدیکە ناتوانێت بە بەفیڕۆدانی کات، هەرێمی کوردستان فریو بدات و لەلایەکی دیكەیش مافە دەستوورییەکانی زەوت بکات.

سێیەم- ژمارەیەک لە پارت و لایەنە سیاسییە کوردییەکان لە بەغدا، بەردەوام بە ئەنقەسد وایان دەكرد یان دەکەوتنە ژێر کاریگەریی هەڵمەتی چەواشەکارانەی میدیا عێراقییەکان و ڕەتکردنەوەی خاڵێک کە هەرێمی كوردستان لە ڕووی داراییەوە پابەند نەبووە بە ئەرکەکانی بەرانبەر حکوومەتی عێراق، بەڵام ستراتیژییەت و دیدگای واقعییانەی مەسرور بارزانی، ئەوەی سەلماند کە هەرێمی کوردستان توانیویەتی پابەندیی تەواو و دروستی بە داواکارییەکانی بەغدا هەبێت.

چوارەم- پرسی کورد تەنیا مووچە نیە. بەپێی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی عێراق ئامادەکاری دەکات بە شێوەیەکی تاکلایانە، نەوت و غازی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان ببات، لە کاتێکدا خەڵکی کوردستان لە چوارچێوەی مادەی 140 داوای ڕەوای خۆی لەم ناوچانە دەکات.

بەپێی هەردوو مادەی 110 و 115ی دەستووری عێراق بۆ ساڵی 2005، مافی رەها و تاکلایانە بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەدات، کێڵگە نەوتی و غازە تازە دۆزراوەکان بەڕێوە ببات.

ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە چیتر حکوومەتی هەرێمی كوردستان، مافە رەواكانی خۆی لە مووچەدا بچووک ناکاتەوە، بەڵکوو هەموو ئەو گرفتانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا بۆ کوردستان دروست کراون، دەبێت بێنەوە بەر باس و چارەسەرییان بۆ بدۆزرێتەوە.

پێنجەم- گرنگە عێراق لەوە تێبگات، سیاسەتی زۆرەملێ لە هەموو جیهاندا کۆتایی پێ هاتووە، ئەزموونی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵگەی ئەوەن، هەر وڵاتێک کار لەسەر سڕینەوەی پێکهاتە سەرەکییەکانی بکات، بێگومان چارەنووسی هەڵتەکان و وێرانبوونە.

شەشەم- لێکۆڵینەوە و شیکارییە زانستییەکان، ئەوەمان پێ دەڵێن، کە وەستاندنی ڕێککارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، پرسێکی سیاسییە نەک یاسایی، کەواتە دیسان عێراق بە بەرنامە کار لەسەر بچووکردنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکات، بەڵام بە وشكکردنی سەرچاوە سروشتییەکانی کە ئەوەش ڕوونە و لەلای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش قبووڵ ناكرێت.

یەکهەڵوێستیی نیشتمانی وەکوو چارەسەر

بۆ هەرێمی کوردستان، یەکڕیزی هەمیشە پێویستییەکی حەتمییە، بەتایبەت لە دۆخێکی لەم شێوەیەدا کە حکوومەتی عێراق، کار لەسەر زەوتکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم دەکات، لە دۆخێکی لەم چەشنەدا، هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکان گرنگە. یەکدەنگی، دەنگی کورد دلێر دەکات و هێندەی دیكە دەسەڵاتدارانی بەغدا ناچار دەکات، کە پێ لە هەڵەکانی خۆیان بنێن، جیا لەوەش، پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کارکردن بۆ نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان، هێندەی دیكە پێگەی سیاسی و یاسایی هەرێمی كوردستان بەهێزتر دەکات کە بە هیچ شێوەیەک نەیارەکانی نەتوانن بەئاسانی کاریگەریی نەرێنیان لەسەر بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی هەبێت.