په‌رله‌مانتارێكی پێشووتری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، باس له یه‌كگرتوویی كورد ده‌كات له به‌غدا و به گرنگی ده‌زانێت كورد ئه‌م جاره به یه‌كگرتوویی فشار و داواكارییه‌كانی بخاتە ڕوو.
بورهان محه‌مه‌د، په‌رله‌مانتاری پێشووتری یه‌كێتیی لە بەغدا، بۆ (باس‌نیوز) گوتی: "ئه‌م یه‌كگرتن و یه‌كگرتووییه بۆ كورد له‌م قۆناغه زۆر گرنگه، به‌تایبه‌ت له به‌غدا، چونكه گۆڕانكارییه‌كان له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست زۆر خێران، نازانرێت ئاراسته‌ی به‌ره‌و كوێیه، هه‌ندێك به‌رچاوڕوونی هه‌یه بۆ كورد، به‌ڵام ئه‌مه پێویستی به یه‌كگرتوویی هه‌یه، كه ناوماڵی خۆمان له عێراق رێك بخه‌ینه‌وه و یه‌كگرتوو بین، بۆ نموونه یه‌كێك له یاریچییه‌كان له مه‌یدانه‌كه، توركیایه و ئه‌مه‌ریكا حساب بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ده‌كات، توركیا ئێستا هاتووه‌ته‌وه ناو بابه‌تی پرسی هه‌نارده‌ی نه‌وته‌وه و له پرسی رۆژئاوای كوردستانیش توركیا قسه‌ی خۆی هه‌یه، ئێمه مافی خۆمانه خوێندنه‌وه‌ی واقعییانه بۆ دۆخی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی بكەین و دۆخی ئێستای عێراق سەروەریی نییه و گیری خواردووه به‌سه‌ر خۆیه‌وه، بۆ عێراق به‌سه‌رماندا زاڵ بێت؟ وڵاتێك سەروەریی نه‌ماوه، كه‌چی قسەی له‌سه‌ر تۆ به‌هێزتر بێت.“
گوتیشی: "ده‌بێت بزانن له یارییه‌كه چی هه‌یه، بزانین چ به‌ره‌یه‌ك دۆڕاوه و چ به‌ره‌یه‌ك براوه‌یه، عێراق هیچی به‌سه‌ره‌وه نه‌ماوه، كه‌چی به‌هۆی ناكۆكیی خۆمانه‌وه خه‌ریكه ئه‌وان قسەی خۆیان دەسەپێنن و ئه‌گه‌ر به‌ره‌ی خۆمان به‌هێز كرد و گله‌یی گه‌لی خۆمان له‌سه‌ر خۆمان لابرد، ئه‌وه ئیتر هه‌موو روو ده‌كه‌نه به‌غدا، سیاسه‌تی هه‌رێمی و ده‌وڵه‌تییش دیار نیه له ناوچه‌كه چۆنه و بەبێ كورد عێراق ده‌وڵه‌تێكی لاواز و فشۆڵه، بۆیه به‌و یه‌كگرتووییه ده‌سكه‌وته‌كانمان دەكرێ به‌ده‌ست بهێنن، ئه‌گه‌ر كورد به‌یه‌كه‌وه بكشێنه‌وه عێراق كۆتایی دێت، ئه‌مه‌ریكا و ئه‌ورووپاش ئه‌وكاته حسابی بۆ ده‌كه‌ن و ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌تانی دراوسێش، ئه‌وانه‌ی پشتیوانیی عێراق ده‌كه‌ن، ده‌ترسن له‌وه‌ی كورد بكشێته‌وه، گرنگه به‌م یه‌كگرتووییه شه‌قامی كوردییش ئاراسته بكرێت و ئاگادار بكرێتەوە له‌وه‌ی له به‌غداوه مافمان ده‌خورێت.“