وەزارەتی دەرەوەی سووریا ڕایگەیاندووە: كۆبوونەوەی نێوان ئەحمەد شەرع و نەجیب میقاتی ئەرێنی بووە و هەردوو وڵات لەسەر سەقامگیریی سنوورەكانیان ڕێك كەوتوون.
كەناڵی (ئەلعەرەبییە) بڵاوی كردووەتەوە: ئەمڕۆ نیجب میقاتی، سەرۆكوەزیرانی لوبنان سەردانی دیمەشقی كرد و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆكی ئیدارەی نوێی سووریا یەكتریان بینی، لە كۆبوونەوەكانیاندا هاوڕا بوون لەسەر دەستەبەری سەقامگیری و ئاسایش لەنێوان سنوورە هاوبەشەكانی سووریا و لوبنان و گەڕاندنەوەی سەرجەم گیراوانی سووریا لە بەندیخانەكانی لوبنان.
وەزارەتی دەرەوەی سووریا دەڵێ: "لە كۆبوونەوەكان گرنگیی ڕۆڵی سوریا لە بەهێزكردنی پێگەی ئەو وڵاتە عەرەبییانە باس كراوە، كە ببێتە هۆی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەكە."
هاوكات هەریەك لە سەرۆكی ئیدارەی نوێی سووریا و سەرۆكوەزیرانی لوبنان جەختیان لە هاوكاریی نێوان هەردوو وڵات كردووەتەوە تاكوو سەروەری و ئاسایشی ناوخۆیی یەكتر بپارێزن، هاوكات بەپێی سەرچاوەكان، شەرع بەڵێنی بە سەرۆكوەزیرانی لوبنان داوە سووریا نەبێتە ڕێڕەوی گواستنەوەی چەك لە ئێرانەوە بۆ حزبوڵا.